کەجەکە: واتادارترین ڕێگە بۆ خاوەندارێتی لە شەهیدانی پیرسوس، خاوەندارێتییە لە شۆڕشی ڕۆژئاوا

هاوسەرۆکایەتی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە، یادی ٣٣ گەنجی سۆسیالیستی تورکیا دەکاتەوە کە لە پیرسوس شەهیدبوون، دەڵێت: "واتادارترین ڕێگە بۆ خاوەندارێتی لە شەهیدانی پیرسوس و نەریتی تێکۆشانی سۆسیالیستی، خاوەندارێتییە لە شۆڕشی ڕۆژئاوا".

هاوسەرۆکایەتی دەستەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە)، پەیامێکی بڵاوکردەوە بۆ یادکردنەوەی ٣٣ گەنجی ئەندامی بزووتنەوەی گەنجانی سۆسیالیستی و شۆڕشگێڕی، کە ٢٠ ی تەمموزی ٢٠١٥ لە هێرشێکی ئاکەپە و مەهەپەدا شەهیدکران.

لە ڕاگەیاندراوەکەی هاوسەرۆکایەتی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکەدا هاتووە:

" لە ٢٠ ی تەمموزی ٢٠١٥، هێرشێک ئەنجامدرا دژی گەنجانی سۆسیالیستی تورکیا کە پشتیوانی شۆڕشی ڕۆژئاوایان کرد و بۆ ئاوەدانکردنەوەی کۆبانێ هاتنە پیرسوس، لەم هێرشەدا ٣٣ گەنج شەهیدبوون. ئێمە ئەم هێرشە دڕندانەی فاشیزمی ئاکەپە و مەهەپە شەرمەزار دەکەین، بە ڕێز و سوپاسەوە یادی شەهیدانی کۆمەڵکوژی پیرسوس دەکەینەوە. لە کەسێتی ئەواندا، بەڵێنی گرێدانمان بە شەهیدانەوە دووپات دەکەینەوە.

ڕۆڵێکی مێژووییان گێڕا لە پەرەپێدانی تێکۆشانی هاوبەش

ئەندامانی تەڤگەری گەنجانی سۆسیالیستی کە لە کۆمەڵکوژی پیرسوس شەهیدبوون، ڕۆڵێکی مێژووییان گێڕا لە پشتیوانیکردنی گەلی تورک و تەڤگەری سۆسیالیستی لەگەڵ کورد و پتەوکردنی تێکۆشانی هاوبەش. گەنجانی شۆڕشگێڕ بەم هزر و هۆشیارییەوە لە تورکیاوە هاتنە پیرسوس، ویستیان بەشداربن لە ئاوەدانکردنەوەی کۆبانێ پاش وێرانکردنی بەهۆی هێرشەکانی داعش. هزری و پشتیوانی ئەنتەرناسیۆنال بناغەی سۆسیالیزم و تێکۆشانی سۆسیالیستییە. شۆڕشگێڕی مەزن دەنیز گێزمیش بایەخی ئەم هەڵوێستەی ڕوونکردەوە، کاتێک لەسەر پەتی سێدارە پشتیوانی لە کوردەکان کرد. ڕێبەر ئاپۆ بایەخێکی مەزنی بەخشییە هەڵوێستی دەنیز گێزمیش و هاوڕێکانی، ئەوەی دەرخست، لە بەرئەنجامی گرێدانەوە بە یادگە و میراتی دەنیز گێزمیش و ماهیر چایان و ئیبراهیم کایپاک کایا، تێکۆشان دەستیپێکرد. شۆڕشگێڕە شەهیدەکانی پیرسوس، نوێنەری ئەم میراتە مەزنەن. دەبێت ئێمەی هاوڕێیانیان، لەم هەڵوێست و بەها مێژووییەیان تێبگەین و پەرەی پێ بدەین و پێکەوە خەبات بکەین.

تەنها هێشتنەوەی گەلی کورد بەشێکە لە چەمکی قڕکردن

لەبەرئەوەی دەسەڵاتی ئاکەپە و مەهەپە خاوەنی زیهنیەتێکی پاشڤەڕۆ و فاشیست و دژە کوردە، بۆیە ویستی هەر لە سەرەتاوە، شۆڕشی ڕۆژئاوا لەناوببات، کە ئومێدی گەلە بۆ ژیانێکی دیموکراتیک و ئازاد. دەسەڵاتی ئاکەپە و مەهەپەی ناسیۆنالیست بەخێوکەری داعشە، ڕێگەی دەدات هێرش بکاتە سەر گەلان لە هەموو شوێنێک، بەتایبەت لە کۆبانێ و شەنگال. بەڵام کاتێک لە کۆبانێ بەهۆی تێکۆشانی هاوبەش و بەرخۆدانی گەلەوە داعش تێکشکا، پلانەکەی ئەردۆگانی فاشیست و ئاکەپە و مەهەپە شکستی هێنا. دەسەڵاتی فاشیست پاش شکستی داعش پیلانێکی نوێی پیادە کرد. لە گرنگترین پرەنسیپەکانی ئەم تێگەیشتنەی پەرەی پێ درا لەسەر بناغەی لەناوبردنی تەڤگەری ئازادی کورد و قڕکردنی کورد، رێگری بوو لە پەرەسەندنی دیموکراسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوین لەڕێگەی ئەزموونی ڕۆژئاواوە، لەپێناو دووبارە هەڵگیرساندنەوەی پاشڤەڕۆیی. لە ئایدیا سەرەکییەکانی ئەم تێگەیشتنی قڕکردنە، تەنها هێشتنەوەی کورد و لەناوبردنی تێکۆشانەکەیانە. ویستیان تەڤگەری دیموکراتیکی و سۆسیالیستی لەناوببەن لەڕێگەی تێکۆشانی کوردەوە کە دینامیکی سەرەکییە بۆ چەسپاندنی دیموکراسی لە تورکیا، تاوەکو ڕێگری دیموکراتیزەکردنی تورکیا بگرن. لەم چوارچێوەیەدا کۆمەڵکوژی پیرسوس ڕوویدا. هەروەک دەزانرێت قۆناغی پاش کۆمەڵکوژییەکە چ ڕوویدا، چۆن میکانیزمی کۆمەڵکوژی و پیلانگێڕی و کودەتا جێبەجێکرا، تورکیای گەیاندە قۆناغی فاشیزم و تاریکی.

بانگەواز دەکەین بۆ پشتیوانی بەهێزتری شۆڕشی ڕۆژئاوا

بێگومان، تێکۆشانی هاوبەش و هاوپەیمانیی گەلان و پێکهاتە چەوساوەکان گەشەی کردووە. بەتایبەت کوردەکان، هەروەها گەلانی تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوین و ژنان و شۆڕشگێڕان بەرخۆدانیان کرد و خەبات دەکەن لەپێناو سۆسیالیزم و دیموکراسی، دژی فاشیزمی ئاکەپە و مەهەپە. لەبەرئەنجامی ئەم هاوپەیمانی و تێکۆشانە، پیلانەکانی قڕکردنی فاشیزم شکستی هێنا. بۆ لەناوبردنی ئەم پیلانە و دوورخستنەوەی فاشیزمی ئاکەپە و مەهەپە، پێویستە تێکۆشان بەهێزتر بەردەوام بێت. بۆ ئەمەش، هێڵی سەرەکی پاراستنی بەهێزتری شۆڕشی ڕۆژئاوایە. ئەمە واتادارترین و ڕاستترین ڕێگەیە، بۆ خاوەندارێتی لە شەهیدانی پیرسوس و میراتی تێکۆشانی سۆسیالیستی. لەسەر ئەم بناغەیە بانگەوازی هەمووان دەکەین پشتیوانی بەهێزتری شۆڕشی ڕۆژئاوا بکەن، هەڵوێستی بەهێزتر وەربگرن دژی هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوا و هێڵی تێکۆشانی هاوبەش پتەوتر بکەن".