دیوانی هاوسەرۆکایەتی کۆنگرەی گەل راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "رێپێوانی کۆڵن لەپێناو ئازادی رێبەرایەتیدا دەبێت ببێتە بەهێزترین وەڵام و بەدەمەوەچوون بۆ هەڵمەتی سەرکەوتنی گەریلا".
بانگەوازەکە بەم جۆرەیە:
"بەپێشەنگایەتی بەریتانیا و فەرەنسا، وڵاتانی رۆژئاوایی لە رێگەی پەیمانی لۆزانەوە بناغەی سیاسەتی نکۆڵی و سرینەوەی کوردانیان لە ١٠٠ ساڵدا دانا. دەوڵەتی تورک بەو پشتگیرییەی لەوانی وەرگرت، لە دژی گەلی کورد سیاسەتی قڕکردنی بە شێوەی سیاسی، کولتوری و جەستەیی بەڕێوەبرد. لە دژی ئەو سیاسەتانە گەلی کورد زۆر جار خۆڕاگری کردووە. بەڵام بە پشتیوانی وڵاتانی رۆژئاوایی سەرهەڵدانەکانی کورد لە رێگەی کۆمەڵکوژییەوە سەرکوت کران.
گەلی کورد لە دژی قڕکردن و لەپێناو ناسنامە و هەبوونی خۆی تێدەکۆشێت، بە ناوی رێگر، یاخی و نەزان، بە ناتۆرە و ناوی نەرێنی پێناسەکران. لە بەرامبەر کۆمەڵکوژی، کۆچبەرکردنی زۆرەملێ و سیاسەتی تواندنەوەی کولتوری کە بەسەر گەلی کورددا جێبەجێکران، وڵاتانی رۆژئاوایی بەردەوام هەڵوێستی چاونوقاندن و نەبینینیان گرتەبەر.
رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ئەو کاتەی گەلی کورد لە لێواری قڕکردن بوو، چارەنووسی گەلی کورد گۆڕی. بە ئەندێشە و کاریزمای رێبەرایەتی خۆی، بووە هیوای گەلێک کە لەبەردەم لەناوچووندا بوو. وایکرد کە سەرلەنوێ گەلی کورد هەڵسێتەسەرپێ، خۆڕاگری بکات و بۆ ئایندەیەکی ئازاد تێبکۆشێت، رووی کردە سەرکەوتن. گەلێک کە لە ژێر گوشاری قڕکردندابوو و دەخوازرا کە لەناو ببرێت، کردیە گەلێک کە هێز و هیوا بداتە هەموو ئەو هێزانە عەوداڵی ئازادین. رێبەر ئاپۆ کە پلانی قڕکردنی کوردانی داڕێژراو لە پەیمانی لۆزانی پوچەڵکردەوە، کرایە ئامانجی هێزە پیلانگێڕە نێونەتەوەییەکان.
گەلی کورد لەماوەی ئەم سەد ساڵەدا لە دژی قڕکردن بۆ پاراستنی هەبوونی خۆی تێکۆشا، هەربۆیە لەلایەن دەوڵەتی تورکی کۆلۆنیالیستەوە بە وتەی نەرێنی وەک رێگر و یاخی پێناسەکرا. ئێستاش لە کەسایەتی رێبەر ئاپۆدا بە وشەی باو لە مۆدێرنیتەی سەرمایەداری وەک 'تیرۆریست' رادەگەیەندرێت، بە شێوەیەکی ناڕەوا، بێ ئەخلاقی و کردەوە دژە مرۆیی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.
وەک چۆن گەلی کورد لە تورکیا لە هەموو جۆرە ماف و یاسایەک بێبەش کراون و هەموو داواکارییەکانی تیرۆریزە دەکرێن، رێبەر ئاپۆش لە ئیمراڵی لە هەموو جۆرە یاسای نەتەوەیی و ناونەتەوەیی بێبەش کراوە، ٢٥ ساڵە بە سیاسەتی هەڕەمەکی دەوڵەت دەخوازرێت، کۆتایی پێبهێندرێت. نزیکەی سێ ساڵە بە هیچ جۆرێک زانیاری لەبارەیەوە بەردەست نییە و هەواڵی نازانرێت. نیگەرانی گەورە لە بارەی ژیان و تەندروستی ئەو لەئارادایە. لە بەرامبەر ئەو دۆخەدا کە لە جیهاندا هاوشێوەی نییە، رێکخراوە نێونەتەوەییەکان بێدەنگن.
سیستمی قڕکردنی ئیمراڵی دەرەنجامێکی سیستمی قڕکردنی گەلی کوردە. ئۆباڵی ئەو دۆخە لە ئەستۆی ئەو وڵاتە رۆژئاواییانەدایە کە بناغەی سیاسەتی قڕکردنی کوردیان دانا و سەد ساڵە بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی لە دەوڵەتی تورک دەکەن. بە بێ پشتیوانی وڵاتانی رۆژئاوایی، دەوڵەتی تورک ناتوانێت درێژە سیاسەتی نکۆڵی و سڕینەوە بدات.
لە قۆناغی هەنوکەییدا سیستمی نکۆڵی و تاکپارێزی دەوڵەتدا پرۆسەیەکی گەورەی قەیران و دارووخان لەئارادایە. پلانی لەناوبردن کە دەوڵەت لە دژی بزوتنەوەی ئازادیی کوردستان بەڕێوەی دەبات، خۆی لە خۆیدا تێکچووە. تورکیا گۆڕدراوە بۆ دەوڵەتێکی چەتە و مافیاکان، ئابورییەکەی رۆژ لە دوای رۆژ هەرەس دەهێنێت، لە رووی سیاسی و کۆمەڵایەتیە هەموو رۆژێک دۆخەکەی خراپتر دەبێت. ئەوە تابلۆی رووخانی سیستمی دەوڵەتی فاشیستە.
قەیرانی دژوار کە فاشیزمی دەوڵەتی تورک لەناویدایە، بەرخودانی مێژوویی گەریلا کە کۆنسێپتی سەربازی ئەو دەوڵەتەی پشتی بە تەکنەلۆژیا بەستووە، شکستداوە، داڕوخانی دەروونی-ورە لە ناو سیستمدا دەریدەخات کە ئیتر کاتی ئەوە هاتووە کە سیستمی قڕکردن لە ئیمراڵی هەڵبوەشێتەوە.
بە خستنەڕێی هەڵمەتی 'ئازادی بۆ رێبەر ئاپۆ، چارەسەری بۆ پرسی کورد' کە دۆستانی گەلی کورد دەستیان پێکرد، لەم ماوەدا دەرفەت هەیە کە گۆشەگیری لە ئیمراڵی تێکبشکێندرێت و ئازادیی جەستەیی رێبەر ئاپۆ مسۆگەر بکرێت.
مانگرتن لە خواردنی نۆرەیی زیندانیانی ئازادی لە زیندانەکان، 'ئێسکگریی دادپەروەری'ی دایکانی شەهیدان و زیندانیان، ئەو چالاکیانەی لە کوردستان و دەرەوەی وڵات ئەنجام دەدرێن، ئەگەر لە سەر بنەمای ئازادیی جەستەیی رێبەر ئاپۆدا پلانیان بۆ دابنرێت و بەڕێوەبجن، بە دڵنیاییەوە دەگەنە ئەنجام، دەرفەت بۆ ئەوەش لەبەردەستە.
وەک تێکۆشانی ئازادیی کوردستان بە هەموو پێکهاتەکانیەوە لە سەر بنەمای ئازادیی جەستەیی رێبەر ئاپۆ روومان لە ئامانجێکە. وەک گەلی کورد و دۆستانمان لە ئەوروپا، ئێمە لەبەردەم ئەرکێکی مێژووییداین. لەم کاتەدا بۆ رووخاندنی سیستمی ئیمراڵی کە وەک چەق و ناوەندی سیاسەتی قرکردنی کوردان دامەزراوە و لە سەر بنەمای ئازادیی جەتەیی رێبەر ئاپۆ، بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد دەبێت تێکۆشانی خۆمان لە ئەوروپا بەشێوەیەکی ئەنجامگرانە بەڕێوەببەین.
لەبەر ئەوەش رێپێوان و گردبوونەوەی ١٧ی شوبات لە کۆڵن کە بە دروشمی ' ئازادی بۆ ئۆجالان، چارەسەری بۆ پرسی کورد' ساز دەکرێت، یەکجار گرنگە. رێپێوانی کۆڵن لە پێناو ئازادی رێبەرایەتی دەبێت ببێتە بەهێزترین وەڵام و بەدەمەچوون لە گۆڕەپانی کۆمەڵایەتیە بۆ هەڵمەتی سەرکەوتنی گەریلا.
بە بەشداری بەهێز لە رێپێوانی کۆڵن، لە دژی سوکایەتی و ناحەقی لە کەسایەتی رێبەر ئاپۆدا کە بەرامبەر بە گەلی کورد دەکرێت، دەبێت هەڵوێستی 'ئیتر بەسە' نیشان بدرێت و ئێمە دەنگی خۆمان و هەڵوێستی خۆمان بگەیەننینە هێز و رێکخراوە پەیوەندیدارەکان.
لەسەر ئەو بنەمایە گەلەکەمان و دۆستانمان لە ئەوروپا بە گیانی سەفەربەری، بە جۆش و خرۆشی قۆناغی خۆگەیاندن بە رێبەرایەتی ئازاد، لە کۆڵن لە ١٧ی شوباتدا کۆدەبنەوە. دەبێت گەل و دۆستانمان ١٧ی شوبات وەک لافاو و لێشاوێک بەرەو کۆڵن بخرۆشێن و مێژوو بنوسنەوە".
هـ . ب