كۆنگرەی ستار: دان بەخۆسەری شنگاڵدا بنێن

كۆنگرەی ستار بانگەوازی لە نەتەوە یەكگرتووەكان و یەكێتی ئەوروپا دەكات بەفەرمی دان بەكۆمەڵكۆژی شەنگاڵدا بنێن و خۆسەری شەنگاڵیش قەبوڵ بكەن.

ئەنجوومەنی كۆنگرەی ستار، لەراگەیەندراوێكدا كۆمەڵكۆژی ئێزیدیەكان شەرمەزار دەكات و دەڵێت؛ وەكو ئەنجوومەنی كۆنگرەی ستاری رۆژئاوا ـ باكور و رۆژهەڵاتی سوریا كۆمەڵكۆژی لەدژی ئێزیدیەكانی شەنگاڵ كە لە سێ ئابی ٢٠١٤ پێكهات، بەتوندی شەرمەزار دەكەین. چەتەكانی داعش ویستیان بەدەستی دەوڵەتی تورك ریشەی گەلی كوردە رەسەنەكان بنەبڕ بكەن. چەتەكان زیاتر لە پێنج هەزار ژنیان رفاند و ئێستاشی لەگەڵدا بێت، چارەنووسی ژمارەیەكیان نادیارە. بەهەزاران ژن، پیرەمێرد و منداڵیان لەبەرچاوی هەموو دنیاوە كۆمەڵكۆژ كرد.

كۆنگرەی ستار دەڵێت؛ ئەو كۆمەڵكۆژیەی لەدژی كۆمەڵگەی ئێزیدی پێكهات، بەشێوەیەكی پیلان بۆ دارێژراو و بەپشتیوانی راستەوخۆی هاوپەیمانی چەتەكانی داعش لەهەرێمەكە و نێودەوڵەتی و لەسەرەوی هەموویانەوە بەدەستی دەوڵەتی تورك و بەهاوكاری پەدەكە و هەندێ لایەنی تر پێكهات.

لەبەشێكی تری راگەیەندراوەكەی كۆنگرەی ستاردا هاتووە؛ لەهەشتەمین ساڵیادی كۆمەڵكۆژیەكەدا، هەموو شەهیدان بەرێز و حۆرمەتەوە بەبیردێنینەوە. كۆمەڵكۆژی سێ ئابی ٢٠١٤ بەردەوامی ئەو فەرمانانەیە كە بەدرێژایی مێژوو لەسەر گەلەكەمان بەرێوە چوونە و ئامانج لەو كۆمەڵكۆژی و فەرمانەش قڕكردن و لەناوبردنی مێژوو و چاندی ئێزیدیان بوو.

كۆنگرەی ستار لەبەردەوامی راگەیەندراوەكەیدا دەڵێتیشی؛ نە حكومەتی عێراق و نە حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ پاراستنی ئێزیدیانی شەنگاڵ شتێكیان نەكرد.

لەكۆتاییدا ئەنجوومەنی كۆنگرەی ستار بانگەوازی لەنەتەوە یەكگرتووەكان و یەكێتی ئەوروپا دەكات، كۆمەڵكۆژی ئێزیدیەكان و خۆسەری شەنگاڵ بەفەرمی قەبوڵ بكەن و دانی پێدا بنن.

ف.ق