کەنەکە بە بۆنەی جەژنی ئێزییەوە پیرۆزبایی لە ئێزدییەکان دەکات

کەنەکە رایگەیاند، "پیرۆزبایی جەژن لە ئێزدییەکان دەکەین، هیوادارین ئەم جەژنە، ببێتە مایەی خێر و خۆشی بۆ گەلانی کوردستان. جەژنی ئێزی پیرۆز بێت".

دەستەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) بە پەیامێک جەژنی ئێزی پیرۆز کرد.

پەیامەکەی کەنەکە بەم جۆرەیە:

"لەسەرناوی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان پیرۆزبایی جەژنی ئێزی لە سەرجەم باوەڕمەندان، رۆژووگران، بنەماڵەکانی گیانبەختکردووانی فەرمانی ٧٤ەمین، کۆچبەر و ئاوارەکان کە لە کەمپەکاندا و هەروەها سەرجەم کۆمەڵگەی ئێزدی و کوردستان پیرۆز دەکەین.

ئەو جەژنە دوای سێ رۆژ رۆژووگرتن دێت، کە ئەو سێ رۆژانە لە کورترین رۆژەکانی ساڵن و دەستنیشانکردنی ئەو سێ رۆژەس دەرخەری وشیاری و شارەزایی ئەستێرەناسی باو و باپیرانی کوردە. بە هەزاران ساڵە رۆژپەرستان لە میزۆپۆتامیا ئەو جەژنە پیرۆز دەکەن. ئێمەش ئەم بۆنە پیرۆزە بە کۆنترین قۆناغەکانی یەکتاپەرستی باو و باپیرانی کوردان دادەنێین.

گەلانی کوردستان بە فرەکولتوری، فرە بیر و باوەڕی، فرە داب و نەریتی خۆیان، پەرستش و دەوڵەمەندی تایبەت بە خۆیان هەیە. ئەو موزاییک و تابلۆ فرەرەنگە و دەوڵەمەندە، سەرمایەیەکی گەورەی ئێمەیە. ئەو سەرمایەیە سیمای پێکەوەژیان و یەکترقەبوڵکردنی هەزاران ساڵە دەخاتەڕوو و ئاشتی و ئارامی لە ناو کۆمەڵگادا دەپارێزێت. پارێزگاری لەو کولتور و بیر و باوەڕە لەسەرەتادا ئەرکی سەرشانی هەموو تاکێکی کوردستانی و دواتریش ئەرکی هەموو ئایین، حزب و هەموو هێز و رێکخراوێکی کوردستانییە.

جارێکیتر جەژنە پیرۆزە لە ئێزدییەکان دەکەین، هیوادارین ئەم جەژنە ببێتە مایە خێر و خۆشی بۆ گەلان لە کوردستان".

هـ . ب