کەنەکە: دەبێت شەنگاڵ لە ناو کوردستاندا قەوارەیەکی تایبەت و بەڕێوەبەرێتییەکی خۆجێی هەبێت
دەستەى بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) بە بۆنەی هەشتەمین ساڵیادی هێرشی داعش بۆ سەر شەنگال و کۆمەڵکوژکرنی ئێزدییەکان ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.
دەستەى بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) بە بۆنەی هەشتەمین ساڵیادی هێرشی داعش بۆ سەر شەنگال و کۆمەڵکوژکرنی ئێزدییەکان ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەى کەنەکەدا هاتووە، "کۆمەڵکوژییە بۆ سەر ئیزدیەکان، کوردستان و هەموو دنیای هەژاند. خەڵکی کوردستان لە هەموو لایەکەوە بەپیر ئێزدیەکانە چوون. بە تایبەتیش گەریلاکانی هەپەگە، هێزەکانی یەپەگە و یەپەژە قارەمانێتی و فیداکارییەکی مەزنیان نواند و بە پەلە فریای دۆخەکە کەوتن و پێشیان بە بەردەوامیی هێرشەکە گرت".
دەقی ڕاگەیاندراوەکەى کەنەکە:
هەشتەمین ساڵوەگەڕی کۆمەڵکوژیی شەنگاڵ
رۆژێکی رەش، تاریک و خەمناک. رۆژی 3ی ئاب ئەو رۆژەیە کە جارێکی دی فەرمانی پاکتاوکردنی خەڵکی ئێزدی درا. فەرمانەکە بە کردەوەش جێبەجێ کرا. شۆڤێنیزمی عەرەبی و توندڕەوی ئیسلامی لە تێڕوانینێکی دژە کوردو کوردستانییەوە گەیشتنە یەکتر و لەژێر بەرگی داعشەوە و لە دەرگای شەنگاڵەوە هێرشیان کردە سەر کوردستان.
شەنگاڵ واری خەڵکی ئێزدی بە پیلانێک کرایە ئامانجی هێرشی داعش. دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان، تورکیاو ئێران، تەنانەت دەسەلاتدارانی بەغدا و رژێمی سوریاش، بەو هێرشەی داعش رازی بوون. لە راستیدا داعش نوێنەرایەتی بیرو هەستی دژە کوردستانیی هەموو ئەو ناوەندە داگیرکارانە ئەکات. بێگومان ئامانجی داعش و هێزە داگیرکارە هاوکارەکانی لەم هێرشەدا لەناوبردنی هەموو دەستکەوتەکانی کوردستانیان بوو لە باشوورو رۆژاوای کوردستان. بەو مەبەستەی جارێکی تر دەسەڵاتی هەمەلایەنەی خۆیان بەسەر خەڵکی کوردستاندا بسەپێنن. هەمانکات بیروباوەڕی ئێزدێتی بنەبڕ بکەن. هەر لەبەر ئەوەش فەرمانی کوشتوبڕی ئێزدیەکانیان دا.
لەم پەلامارەدا داعش شەنگاڵی داگیرکردو شارۆچکەو گوندەکانی گەمارۆدا و دەستی بە کوشتاری ئێزدیەکان کرد. پیاوەکانی هەموو کوشتن و ژنەکانیشی بەدیل بردنە دنیا تاریکەکەی خۆیانەوە. بە هەزاران ژنی ئێزدییان بردە بازاڕەکانی کڕین و فرۆشتن و بێسنوور دەستدرێژیان کردە سەریان. ئەوانەی دەرفەتیشیان هەبوو بە هەر سەختییەک بێت خۆیان گەیاندە ناوچەکانی تری کوردستان. چیای شەنگاڵ وەک هەمیشە بڵندیی خۆی نواند و بوو بە پەناگەی خەڵکی ئێزدی. ئەم پەلامار و کۆمەڵکوژییە بۆ سەر ئیزدیەکان، کوردستان و هەموو دنیای هەژاند. خەڵکی کوردستان لە هەموو لایەکەوە بەپیر ئێزدیەکانە چوون. بە تایبەتیش گەریلاکانی هەپەگە، هێزەکانی یەپەگە و یەپەژە قارەمانێتی و فیداکارییەکی مەزنیان نواند و بە پەلە فریای دۆخەکە کەوتن و پێشیان بە بەردەوامیی هێرشەکە گرت. خەڵکی کوردستان لە بواری مەدەنی و سەربازییەوە کەوتنە خۆیان. لە لایەکەوە دژی داعش شەڕیان ئەکرد و لە لایەکی دیشەوە هاوکاری و پێویستییان بۆ ئاوارەو لێقەوماوان دابین ئەکرد. جیهانی مرۆڤدۆستیش لەو بارەیەوە چاالاک بوو. لە رووی سەربازی و هاوکاریی مرۆییەوە پشتگیریی کوردانیان کرد. هێزە نەتەوەییە کوردستانیەکانیان بۆ پاراستنی ئێزدیەکان بەرخۆدانێکی مەزنیان بەڕێوەبرد. لە ئەنجامدا بە هاوکاریی هێزە ناوخۆیی و دەرەکییەکان داعش تێکشکا، شەنگاڵ و زۆر دەڤەری تر رزگار کران.
ئەگەرچی ئێستا شەنگاڵ لە داعش پاک کراوەتەوەو ژمارەیەکی زۆر ئێزدی گەڕاونەوە سەر خاکی باب و باپیارانیان، بەڵام هێشتا برینەکانی تاوانی 3ی ئابی 2014 ساڕێژ نەبوون. و لە رۆحی ئەواندا بەردەوامن. ژمارەیەکی زۆر ژنی ئێزدی کە بە دیل گیرابوون، تا ئێستاش بێ سەروشوێنن و چارەنووسیان نادیارە. لەبەر ئەو کارەساتە خەمناکەش، ژنی ئێزدی بوون بە سیمبوڵی خەبات و تێکۆشان دژی ئەقڵیەتی دواکەوتوو و توندڕەوی ئیسلامی. هەر بۆیە پێویستە پرسی ژنی ئێزدی بەردەوام بە هەموو گرانایی خۆیەوە لە رۆژەڤدا بێت. هەروەها ژمارەیەکی بەرچاوی خەڵکی ئێزیدی ژیانێکی سەخت لە ئاوەرەییدا بەسەرئەبەن. پێویستە بۆ چاککردنی بارودۆخی ئەوان خەباتێکی نەتەوەیی و نێونەتەوەیی فراوان بەردەوام بێت. هەتا ئێستاش ژمارەکی زۆر شەنگاڵی هەر لە کامپدان و نەگەڕاونەتەوە زێدی خۆیان. پێویستە دەرفەت و رێگا بۆ خەڵکی ئاوارەی شەنگاڵدابین بکرێت تا بتوانن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.
بەداخەوە ئەو هێزانەی کە ئەو کاتە لە شەنگاڵ بەرپرسیار بوون و پێویست بوو ئێزدیەکانیان بپارێزن، شەنگاڵ و ناوچەکەیان نەپارست و بەجێیانهێشت. ئەوەش بووە هۆی ئەوەی ئەو کارەساتە مەزنە بەسەر گەلی ئێمەدا بێت. ئەو هێزانەی شەنگاڵ و گەلی شەنگاڵیان رادەستی داعش کرد، بێ ئەوەی لێپرسینەوەی ئەو کارەیان لێبکرێت و حسابی ئەو کارە بدەن، ئێستا پیلان لەسەر شەنگاڵ بەڕێوەدەبەن. ئەو هێزانە یەکێکیان سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان بوون لە بەڕیوەبەریی باشووری کوردستان. ئەوی دیکەشیان هێزەکانی حکومەتی بەغدا بوو لە 09.10.2020 هەمان ئەو هێزانە بەبێ پرس و رای شەنگاڵییەکان، پەیمانێکیان لە نێوان خۆیاندا ئمزاکرد. بەم کارەش ویستیان جارێکی دی شەنگاڵ و شەنگاڵییەکان بێ پاراستن و بێ ئیرادە بکەن. سەنجراکێشە دەولەتی تورکیا لەهەموو لایەنێک زیاتر بەو ڕێککەوتنە دڵخۆش بوو، چونکە خۆشی دەستی لەو پەیمانەدا هەبوو، هەروەک چۆن دەستی لە هاوکاریکردنی داعش و داگیرکردنی شەنگاڵدا هەبوو. گلی شەنگاڵ و هێزی پاراستنی شەنگاڵ ئەو پەیمان قبوڵ ناکەن و لە دژی رائەوەستن. پێویستە ویست و ئیرادەی گەلی شەنگاڵ بە بنامە بگیرێت. هیچ پیلان و پەیمانێک لەسەر ئەوان فەرز نەکرێت. سەدان سالە گەلی شەنگاڵ لەسەر ناسنمانی ئێزدییەتی خۆیان رووبەڕووی هێرش و کۆمەڵکوژیی ئەبنەوە.
لە لایاکی ترەوە دەوڵەتی تورکیا لە هەر فرسەتێکدا هێرش دەکاتە سەر شەنگاڵ. بەڕیوەبەری و پارێزەرانای شەنگاڵ دەکاتە ئامانج. ئەمە لە کاتێکدا کە هەڕەشەی هێزە سەلەفییە توندڕەوەکان کۆتایی نەهاتووە.
ئەمەش ئەو راستییە ئەسەلمێنی کە پێویستە ئێزدی و شەنگاڵیەکان خۆیان بپارێزن و خۆیان بەڕێوە ببەن. بۆ ئەم مەبەستەش ئەبێ شەنگاڵ لە ناو کوردستاندا قەوارەیەکی تایبەت و بەڕێوەبەرێتییەکی خۆجێی هەبێت.
کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان لە هەشتەمین ساڵوەگەڕی کۆمەڵکوژیی شەنگاڵدا جارێکی دی مرۆڤکوژان و هێرشکاران ریسواو شەرمەزار دەکات. بە هەموو شێوازێک لەگەڵ باوەڕدارانی ئیزدی و گەلی شەنگاڵ جێ دەگرێ.
ژ.ت