کەنەکە: لە ساڵیادی پیلانگێڕیی نێونەتەوەییدا پیلانگێڕان و هاوپەیمانانیان شەرمەزار بکەن

کەنەکە داوادەکات کوردستانیان و دۆستانیان لە ساڵیادی پیلانگێڕیی و گەلەکۆمەی ١٥ی شوباتدا بەشداری خۆپیشاندان و چالاکییەکان بەتایبەتی خۆپیشاندانەکەی کۆڵن بکەن و پیلانگێڕان شەرمەزار بکەن.

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) لەبارەی ٢٥ەمین ساڵیادی پیلانگێریی نێونەتەوەیی دژی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا داوای کردووە کوردستانیان و دۆستانیان بە بەشدارییان لە چالاکییەکان و خۆپیشاندانەکانی تایبەتی بەو ساڵیادە، پیلانگێڕان و هاوپەیمانی پیلانگێڕان شەرمەزار بکەن، بە تایبەتی کەنەکە بۆ بەشداری لە خۆپیشاندانی گەورەی کۆڵن کە ١٧ی شوبات بەڕێوەدەچێت، بانگەوازی راگەیاندووە.

دەقی راگەیەندراوەکەی کەنەکە بەم جۆرەیە:

ئێمە گەلەکۆمەی ناڕەوای ١٥ی شوباتی ١٩٩٩ کە لە کەسێتی بەڕیز عەبدوڵا ئۆجالاندا، لە دژی بزووتنەوەی ئازادیخوازی کوردستان بەڕێوەچوو، بە توندی شەرمەزار ئەکەین!

لە ١٥ی شوباتی ١٩٩٩دا نادادپەروەری و ناڕەواییەکی مەزن کرا. لە لایەکەوە مەزنیی گەلی کوردستان و سەرۆکی پەکەکە بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان، لە لایەکی تریشەوە دەوڵەتی داگیرکەری تورکیاو دەوڵەتانی هەوپەیمانی ئەو. بەڕیز ئۆجالان خەبات بۆ دۆزی ئازادیی گەلی خۆی ئەکات، تێکۆشان بۆ رزگاریی وڵاتی خۆی ئەکات. دوژمن و هاوپەیمانە جیهانیەکانیان رێککەوتن و ویستیان دەرگاکانی دنیای لێ دابخەن، رێی هەناسەدانی لێ بگرن. ئەوان بیریان لە ویژدان و مافی مرۆڤ و یاساو دادوەریی و ئەخلاق نەکردەوە، کاتێک بڕیاریان دا مەزنێکی کوردان کە بۆ ویژدان و دادپەروەریی، بۆ ئاشتی و یەکسانی و ئازادی و هەموو بەها مرۆڤایەتیەکان خەبات ئەکات، بێدەنگ بکەن و رێی ژیانی لێبگرن.

رێککەوتنی نێوان تورکیاو هاوپەیمانە جیهانیەکانی، هەر لە ئەمەریکاوە بگرە تا چەندین دەوڵەتی ناو یەکێتی ئەوروپا، یۆنان و هەتا روسیاو ئیسرائیل، میسرو کینیا، هەموو لەو بارەیەوە یەکیان گرت و بەرژەوەندی خۆیان لەوەدا بینی کە هەموو نۆرمە مرۆڤایەتی و ئەخلاقیەکانی بخنە ژێر پێ، هەموو تواناو دەزگا سیخوڕیەکانیان لە دژی بەڕیز ئۆجالان بخەنە کار کە لە ژێر پاراستنی یۆنانی ئەندامی یەکێتی ئەوروپادا بوو، بۆ ئەوەی بە فێڵ و خیانەت بیگرن و رادەستی تورکیای بکەن.

ئامانجی گەلەکۆمەکیی ئەوە بوو کە بزووتنەوەی ئازادیی گەلی کوردستان لەناوببەن. پرۆسەی پاش گەلەکۆمە بە روونی ئەوەی دەرخست کە ئەو ناوەندە نا دادپەروەرانە نەگەیشتنە ویست و داخوازیی خۆیان و ئامانجیان بەدی نەهێنا. ئەوان بە هیوای ئەوە بوون پەکەکە کە پێشەنگێکی بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردستانە، تێک بدەن و لەناو ببەن. یان هەر هیچ نەبێ زۆر لاوازی بکەن. بەڵام ئەوەی ئەوان چاوەڕێی بوون لە ماوەی ئەم ٢٣ ساڵەدا بە تەواوی پێچەوانە بوو.بەڕیز ئۆجالان لە زینداندا بەرگریی کرد و زیندانی کردە مەیدانی تێکۆشان. لە لایەکی دیکەشەوە بزووتنەوەی ئازادی و هەموو خەڵکی کوردستانیش بەرخۆدانێکی بێوێنەیان بەرەوپێشەوە بردو گەلەکۆمەکەیان پووچەڵ کردەوە.

هەرچەند گەلەکۆمەکاران نەگەیشتنە ئامانجەکانیان، بەڵام هەر لە پیلانگێڕان و هێرش بەردەوامن. ئێستاش دەولەتی تورکیا بە هەموو شێوازێک دوژمنایەتی گەلی کوردستان ئەکات و بەردەوامیی بەهێرشەکانی ئەدات. ئەو دەوڵەتە نەک هەر لە باکوری کوردستان، لە باشوور و رۆژاواو رۆژهەلاتی کوردستانی دوژمنایەتی گەلی کورد ئەکات. لە بواری نێونەتەوەییشدا هەوڵئەدات کورد نەناسرێن و بەردەوام پەلاماری هەموو دەستکەوتەکانی کوردستانیان ئەدات. پیلانگێڕی بە شێوازی جیاز بەردەوامە. پێویستە کوردان دۆستانی دۆزی کوردستان ئەو راستییە ببینن و بەو پێیە ئامادەکاریی بکەن و تێکۆشان فراوان بکەن.

٢٥ ساڵ بەسەر گەلەکۆمەکیی ١٥ی شوباتدا تێپەڕ ئەبێت. بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان هەتا ئێستاش لە زینداندایەو لە گۆشەگیرکردنێکی تونددایە. ٣٥ مانگە بەڕێز ئۆجالان و ٣ هاوڕێکەی لە ئیمرالی هیچ هەواڵ و زانیارییەکیان نەبووە. لە ماوەی ئەم ٣٥ مانگەدا نە بنەماڵە، نە پارێزەر، نە کەسی تر کە متمانەمان پێی هەبێت، بەڕێز ئۆجالان و هاوڕێکانی بینیوە و نە دەنگی ئەوانیشیان بیستووە. لە ماوەی ئەم ٣٥ مانگەدا هیچ نامە و پەیوەندییەکی تەلەفۆنیمانەوە لێیان پێ نەگەیشتووە. لەم بارەیەوە، لە ١٠.١٠.٢٠٢٣ وە دۆستانی بەڕێز ئۆجالان و دۆستانی گەلی کورد هەڵمەتێکی گەورەیان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بە ناوی "ئازادی بۆ ئۆجالان، چارەسەریی بۆ پرسی کورد" دەستپێکردووە و بە شێوەیەکی بەرفراوان بەڕێوەی دەبەن. ئێمە وەک کەنەکە لەم هەڵمەتەدا جێگەی خۆمان دەگرین و پشتیوانی لە هەڵمەتی ئازادی بەڕێز ئۆجالان دەکەین و داوا لە گەل و هەموو هێزەکانی کوردستان دەکەین پشتیوانی ئەم هەڵمەتە بکەن.

لە چوارچێوەی ئەم هەڵمەتەدا ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٠٢٤.٠٢.١٧ ڕێپێوان و گردبوونەوەیەکی گەورە لە شاری کۆڵنی ئەڵمانیا بە سەرپەرشتی دۆستان و هاوکارانی بەڕێز ئۆجالان بەڕێوە دەچێت. بەم بۆنەیەوە ئێمە وەک کەنەکە داوا لە هەموو کوردستانیان و دۆستانی کورد دەکەین کە وەک ١٥ی شوباتی ١٩٩٩ بەشداریی ئەم ڕێپێوانە مەزنە بکەن و ئاڵای ئازادی هەڵبکەن و پیلانگێڕان شەرمەزار بکەن.

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان لە ساڵوەگەڕی گەلەکۆمەی ١٥ی شوباتدا، جارێکی تر داوا لە هەموو کوردستانیان ئەکات، لە ناوخۆی وڵات و لە هەر جێیەک هەن، دەنگ و هاواری تێکۆشان بۆ ئازادی بەڕیز ئۆجالان و رزگاریی کوردستان بڵند بکەن. یەکێتی ناوخۆیان و هاوپەیمانیی لەگەڵ دۆستەکان  باشتر و بەهێزتر بکەن. نەیاران و هاوپەیمانانیان شەرمەزار بکەن.

هەروەها کەنەکە داوا لە هەموو کوردستانیان ئەکات بەشداری پرۆتستۆکردنی گەلەکۆمەی ١٥ی شوبات ببن. هەڵوێستی تێکۆشانی خۆیان لەسەر دۆزی کورد و کوردستان پیشانی یار و نەیار بدەن".

هـ . ب