کەنەکە: پشتیوانیی دانیشتوانی کامپی مەخمور ئەرکێکی نەتەوەیی و مرۆڤایەتییە

کەنەکە رایگەیاند، گەمارودان و تەلبەندکردنی کامپی مەخمور دژی هەموو پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ و مافی پەنابەرانە. رەفتارێکی لەو چەشنە نەک هەر کێشەکان چارەسەر ناکات، بەڵکو ئاڵۆزتری ئەکات و دەرەنجامی خراپی لێدەکەوێتەوە.

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) راگەیەندراوێکی لەبارەی هێرشی سوپای عێراق بۆسەر کامپی پەنابەرانی شەهید رۆستەم جوودی (مەخمور) بڵاوکردەوە و بانگەوازی بۆ پشتگیری لە دانیشتووانی کامپی مەخمور کرد و رایگەیاند، پشتگیریکردن لە کامپی مەخمور ئەرکێکی نەتەوەیی و مرۆڤایەتییە.

راگەیەندراوەکەی کەنەکە بەم شێوەیەیە:

" چارێکی دی حکومەتی عیراق لە ژێر گوشارەکانی دەولەتی تورکیادا لە هەوڵی گەمارۆدان و تەلبەندکردنی کەمپی پەنابەرانی مەخموردایە. خەڵکی ئەو کامپە بەهۆی هێرش و پەلامارەکانی دەوڵتی تورکیاوە و سوتاندنی گوندو ماڵەکانیان 30 ساڵ لەمەوبەر پەنایان بۆ ئەو کامپە بردو تیایدا نیشتەجێ بوون ئێستا نزیکەی 11 هەزار کەس لەو کامپەدا ئەژین و هەموو خەڵکی سڤیلن. زۆربەیان ژن و منداڵن. کامپەکە لەژێر چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکاندایە. دانیشتوانی کامپ پەناری سیاسیین و دیلی جەنگ نین. گەمارودان و تەلبەندکردنیان دژی هەموو پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ و مافی پەنابەرانە. رەفتارێکی لەو چەشنە نەک هەر کێشەکان چارەسەر ناکات، بەڵکو ئاڵۆزتری ئەکات و دەرەنجامی خراپی لێئەکەوێتەوە.

ساڵانێکە خەڵکی ئەو کامپەکە چاوەڕێی ئەوەن هاوکاری بکرێن و خزماتگوزارییان بۆ دابین بکرێت و کێشەکانیان چارەسەر بکرێت. بەڵام سەرەڕای ئەوەی لە هەموو روویەکەوە لەژێر گوشاری سەربازی و ئابووری و سیاسی و کۆمەڵاتی و خزمەتگوزاریدان، سەرەڕای ئەوە تورکیا بەردەوام بە فڕۆکە هێرشیان ئەکاتە سەر، سەرباری ئەوەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان کە پارتی دیموکراتی کوردستان بەڕێوەی ئەبات ئابڵوقەی داون و رێگری لە هەموو یارمەتی و خزمەتگوزارییەک لەو کامپە ئەکات، حکومەتی عێراقیش بۆ تەواوکردنی ئەو کارە نامرۆڤایەتییانە پەنای بردۆتە بەر زیاتر گەمارودان وگوشارخستنە سەر دانیشتوانی کەمپی مەخمور.

ئەمە جاری یەکەم نییە کە حکومەتی عێراق هەوڵی لەو چەشنە ئەدات. پێشتریش هەوڵی لەو جۆرە درا. بەڵام دانیشتوانی کامپەکە بە ناڕەزایەتی و تێکۆشانی خۆیان هەوڵەکانیان پوچەڵکردەوەو حکومەتی عێراقیان ناچاری پاشەکشە کرد. ئەمجارەشیان بەهەمان شێوە دانیشتوانی کامپەکەو خەڵکی دڵسۆزو نیشتمانپەوەری کوردستان، رێگە نادەن پیلانێکی لەو جۆرە بەسەر ئەو خەڵکە بێتاوانەدا بسەپێنرێت و وەک زیندانیی حسابیان بۆ بکرێت.

ئێمە لە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان بە توندی ئیدانەی ئەو هەنگاوەی حکومەت و دەوڵەتی عێراق ئەکەین. بانگی دەوڵەتی عێراق ئەکەین چیتر نەکەوێتە ژێر گوشار و پیلانەکانی دەوڵەتی تورکیاوە. لەجیاتی گەمارۆدان و تەلبەندکردنی خەڵک، هاوکاریان بێت و بە ئەرکی یاسایی و رێساکانی پاراستنی پەنابەران هەستێت. داوا لە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانیش ئەکەین دەست لە ئابڵوقەدان و گوشارەکانیان بۆسەر کامپی مەخمور هەڵگرن. چی دی رێگری لە بوون و جوڵەو ژیانیان نەکەن.

هەروەها بانگی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەکەین بە ئەرکی راستەقینەی خۆیان هەستن، یاسا و رێساکانی پەنابەریی لە کامپی مەخمور پەیڕوە بکەن و کامپەکە لەو دەستدرێژیانە بپارێزن. کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان داوا لە خەڵکی نیشتمانپەروەری کوردستان، لە پارتی سیاسی و رێکخراوە مەدنیەکان، لە رۆژنامەوان و رۆشنبیران ئەکات، بە تەنگ خەڵکی کامپی مەخمورەوە بچن. نەهێڵن چیتر لەژێر ئەو هەموو گوشار و زەبرو زەنگەدا بمێننەوە. نەهێڵن چیتر ئابڵوقەو گەمارۆ بدرێن و وەک دیلی جەنگ و زیندانی مەمەڵەیان لە گەڵدا بکرێت. دانیشتوانی کامپی مەخمور چاوەڕێی هەڵوێستی نەتەوەیی و مرۆڤایەتی لە هەمووان ئەکەن."

ف.ق