کەنەکە ساڵی نوێی پیرۆز کرد
کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەنەکە ساڵی نوێی لە هەموو گەلی کوردستان و گەلانی جیهان پیرۆز کرد و بانگەوازی لە هەموو هێزە کوردستانییەکان کرد پشتگیری لە بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ بکەن و بۆ سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیە تێبکۆشن.
کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەنەکە ساڵی نوێی لە هەموو گەلی کوردستان و گەلانی جیهان پیرۆز کرد و بانگەوازی لە هەموو هێزە کوردستانییەکان کرد پشتگیری لە بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ بکەن و بۆ سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیە تێبکۆشن.
کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) بەبۆنەی ساڵی نوێ پەیامێکی بڵاوکردەوە و بانگەوازی لە هەموو هێزە کوردستانییەکان کرد پشتگیری لە بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ بکەن و بۆ سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیە تێبکۆشن.
لە پەیامەکەی کەنەکەدا هاتووە:
بۆ گەلەکەمان بە گشتیی ساڵێکی پڕ لە تێکۆشان بوو. لە هەر چوار لای کوردستان ساڵ بە تێکۆشانێکی مەزنەوە تێپەڕی.
لە باکووری کوردستان، هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بێ پسانەوە بەردەوامیان هەبوو و لە بەرامبەر ئەو هێرشە دژوارانەدا هێزەکانی گەریلا و تەواوی تەڤگەرەکانی گەلەکەمان بە فیداکاریی و قارەمانی مەزنەوە وەستانەوە و بەرخۆدانێکی بەرزیان ئەنجامدا و هێرشەکانیان تێکشکێنران و پڕۆپاگەندەکانیان پووچەڵ کردنەوە. ئەردۆگان و سەرانی دەوڵەتی تورکیا لەسەرەتاکانی وەرزی بەهاردا زۆر جار ئەوەیان وت کە لە کۆتایی ئەمساڵدا “ڕێکخستنی جوداخواز و تیرۆرست” مەبەستیان تەڤگەری ئازادیی کوردستان لەناو دەبەن و بە یەکجاری نەیهێڵن. بەڵام هێزەکانی گەریلا و گەلە تێکۆشەرەکەمان بە خۆڕاگریی بێ هاوتا ئەو بانگەشەیان پوچەڵ کردەوە. بەتایبەتی بەرخۆدانی ئەفسووناویی لە خواکوڕک، زاپ و ئاڤاشین مۆری قارەمانێتی خۆیان بۆ مێژوو و ساڵ نەخشاند. نەورۆز لە سەرتاسەی کوردستان بە بەشداری زۆرینەی گەلەکەمان، بە گیانی سەرهەڵدان پیرۆز کرا. لە لایەکی دیکەوە لە هەڵبژاردنە خۆجێییەکان کە لە کۆتایی مانگی ئازاردا بەڕێوەچوون، گەلی کورد ئیرادەی خۆی نیشان دا و قەیوومەکانی ئەوانیان لە شارەکانی خۆیان دوور خستەوە. لە باکوور لە هەموو بوارەکاندا بەرخۆدان بەردەوامە. بەرخۆدانی ئەمڕۆی باکووری کوردستان، چ لە زیندانەکان، چ لە گۆڕەپانی سیاسیی یان لە گۆڕەپانی گەریلادا، بەرخۆدانێکی پیرۆز و داستانییە.
لە باشووری کوردستان، هەرچەندە پێگەیەکی دەستووری فیدراڵی هەیە، بەڵام پێگەی ناوچە دابڕاوەکان (ناوچەکانی مادەی ١٤٠) ڕوون نییە. خەڵک لە کەرکووک و خانەقین و ناوچە کوردستانییەکان ئاوارە دەکرێن و دیمۆگرافیای ناوچەکەش دەگۆڕدرێت. دوای هێرشەکانی داعش، دۆخی گشتیی شنگال تا ئێستا ناهەمووارە. خەڵکە ئاوارەکەی ناگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان و هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیش بۆ ئەوێ بەردەوامن. لە باشوور زیاتر لە دوو مانگە هەڵبژاردنی پەرلەمان ئەنجام دراوە، بەڵام تا ئێستا نە سەرکردایەتی پەرلەمان و نە حکومەت و نە سەرکردایەتی هەرێم هەڵبژێردراون. جگە لەوەش لە باشوور دۆخێکی ئابووریی نا سەقامگیر هەیە و گەلەکەمان لە دۆخێکی گوزەرانی خەراپ دان. دەوڵەتی عێراقیش بە قەیرانێکی گەورەدا تێدەپەڕێت. ئایندەی عێراق ڕوون نییە. ئەم دۆخەی عێراق هەڕەشە بۆ سەر هەرێمی
کوردستانیش دەهێنێت. لە لایەکی دیکەوە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆسەر باشوور هەنگاو بە هەنگاو لە زیادبووندایە. لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستی بە یەکڕیزیی هەیە و پێویستە بە گرنگییەکی زۆرەوە چاودێری دۆخەکە بکرێت و خەبات لە دژی داگیرکەران چڕتر بکرێتەوە.
لە ناو ئەم ساڵەدا لە رۆژهەڵاتی کوردستان، بە هەموو شێوەیەک تێکۆشان خەباتی گەلەکەمان بۆ ئازادیی بەردەوامی هەبوو. هەرچەندە لاوازیش بێت شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیی بەردەوامە. دەوڵەتی ئیسلامی ئێرانیش وەکو دەوڵەتی تورکیا لەناو ئەم ساڵەدا بەردەوامی بە هێرشەکانیان دا و چەند جارێکیش هێرشیان بۆ سەر باشووریش ئەنجام دا. لە ڕێگای دەوڵەتی عێراق حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە فشارگەلی زۆریان بۆ سەر حزب و هێزە کوردستانییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هێنا. ڕژێمی ئێران لە ناوخۆ و دەرەوەی خۆیدا لەناو قەیرانگەلیی گەورەدایە، ئێران لە بەرامبەر ئیسرائیل و دەوڵەتانی ڕۆژاوا دا لە شەڕێکی راستەوخۆ و ناراستەوخۆ دایە. هێز و ئەو دەوڵەتانەی هەڤاڵبەندی ئێرانن لە هەرێمەکەدا لەناو ئەم ساڵدا گورزی گەورەیان بەرکەوت و بەشێوەیەکی بەرچاو لاواز کران. ئەم دۆخەی دەوڵەتی ئێران دەرفەتی لەبار بۆ خەبات و تێکۆشان دێنێتە پێش. هیوادارین ئەم ڕەوشە لە ئێران ببێتە هۆکار بۆ گۆڕانکاریی بەرەو دیموکراسی و ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش ببێتە زەمینێک بۆ ئاشتیی و ئازادییەکی سەرفرازانە.
لە ڕۆژئاوای وڵات، ئەوا ١٣ ساڵە دەسەڵاتێک– قەوارەیەک هەیە. ئەم دەسەڵاتە دەستکەوتێکی مەزنی گەلەکەمانە و دەبێ بە هەموو جۆرێک بپارێزرێت و بەفەرمی بکرێت. لە سووریا ڕژێمی بەعس لەناوچوو، هێزە توندڕەوە ئیسلامیستەکان دەسەڵاتیان گرتەدەست. بە گشتیی دۆخی سووریا لە ئێسادا نادیارە! لەم بێسەروبەریەی ڕووداوەکانی سووریادا دەوڵەتی تورکیا ویستی دەستکەوتەکانی گەلەکەمان تێک ببات و بە هێزەگرێدراوەکانی بە خۆیەوە هێرش بکات. لە هەندێک ناوچەی (شەهبا و منبج)ـی کۆنتڕۆڵ کرد. ویستیان هەموو ناوچەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی داگیر بکات. بەڵام بە بەرخۆدانێکی مەزن ئەم هێرشانەیان وەستێندران.
لە ناو ئەم ساڵەدا زۆر جار هێرشی مەزنیان ئەنجام دا، بەتایبەتیش ژێژخانی ئابووریی و شوێنە خزمەتگوزارییەکانی ڕۆژئاوای کوردستانیان کردە ئامانج. هێزەکانی پاراستن، بە هەموو شێوەیەک لە ئامادەباشی لە بەرخۆدان دان.
سەرکردایەتی سیاسیی و ئیداری لەناو خەباتێکی بەرفراوانی دیپلۆماسیدان. ڕۆژئاوا لە ئاستی نێونەتەوەییدا هەر دێ و زیاتر پەسەند و حیسابی بۆ دەکرێت. پێویستی ڕۆژئاوا بە هەر شێوەیەکی هاوکاریی و کۆمەک هەیە. دەبێ هەموو هێز و تەواوی گەلی کوردستان و دۆستەکانمان لە پێناو پاراستنی ڕۆژئاوا، هەمیشە لەناو چالاکی و خەباتدا بن. خاوەنداریی لە ڕۆژئاوا خاوەنداریی تەواوی کوردستانی گەورەیە.
لە ڕۆژهەڵاتی ناوین، بۆ ساڵێک زیاترە شەڕێکی سەخت و دژوار هەیە. لەسەرەتا شەڕەکە لە فەلەستین بوو، دوای ئەوە دەربازی لوبنان بوو و دواتر کەوتە ناو سووریاوە. ئەم شەڕە لەو ناوچانە ناوەستێت و پەیتا پەیتا خۆی دەگەیەنێتە عێراق و ئێران و یەمەنیش. ئەم شەڕە بە تەنها بەند و سنووردار نییە بە هێزە هەرێمییەکانەوە، بەڵکو شەڕێکی جیهانییە. شەڕێکە هاوشێوەی شەڕی جیهانی سێهەمینە و بەناویش دەکرێت. دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان ئەگەر ڕاستەوخۆش نەبێت بەشدار و لایەنێکن لە لایەنەکانی ئەم شەڕە. ئەم شەڕە دۆخێکی نوێی لە ناوچەکە خوڵقاندووە بۆ نیشتیمان و گەلەکەمان مەترسی هەیە و بەڵام دەکرێت دەرفەتی ئەرێنیش بخوڵقێنێت. لەم هەیامە هەستیارەدا، دەبێت هێزە کوردستانییەکان بە بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخە بکەن و بە قووڵی بخوێنن و تاوتوێ بکەن. ئەم دۆخە پێویستی بە یەک دەنگی هەیە. کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (ک ن ک) بە هەموو شێوەیەک هەوڵ دەدەین هێزە کوردستانییەکان کۆبکاتەوە و لە بەرامبەر ئەم دۆخە هەستیارە ستراتیژییەکی هاوبەشیی کوردستانی بئافڕێنێ و پیادەی بکەین.
دۆخی زیندانیانی سیاسیی کوردستانی ئەوانەی لە زیندانەکانی تورکیا و ئێراندان خراپە. لە زیندانەکانی ئێران ئەشکەنجەدان و لەسێدارەدان بەردەوامە. لە زیندانەکانی تورکیاشدا ئەشکەنجە و فشار لەسەر زیندانییەکان ئەوەندەی دێ زیاتر و توندتر دەبێت. گۆشەگیریی لەسەر بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان بەردەوامە. لەبەر ئەم دۆخە بە پێشکەشی دۆستانی گەلی کورد ئەوا بۆ ساڵێکە کامپەینێک بەناوی “بۆ بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان ئازادیی، بۆ پرسی کورد چارەسەری” دەستیپێکردووە و ئەم کامپەینە بەردەوامە. دەبێ دەنگی زیندانییان ببیسترێت، دەبێت هەر کەس خاوەنداریی لە زیندانییان بکات. ئێمە لە (ک ن ک) بە هەموو هێزەوە بەشداری ئەم کامپەینانە دەبین و لە داواکارییەکانی زیندانییان لە خۆ دەگرین.
لە ئەنجامی ئەم تێکۆشانە مەزنە، دەوڵەتی تورکیای خستەبەر ئەمری واقع و ئەوا سێ مانگە لەناو لێگەڕینێک دایە. لە شەڕدا سەرنەکەوتن! و نەیانتوانی ڕێ لە تێکۆشانی گەلەکەمان بۆ ئازادیی و دیموکراسی بگرن! ئێستا باسی ئاشتیی و دیالۆگ دەکەن. بانگی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان و تەڤگەری ئازادیی دەکەن کە ئاگربەست بکەن و دەست لە چەک و شەڕ بەردەن. لێرەدا بانگ و پەیامەکانیان ڕوون نین، بۆ چارەسەرییەکی سیاسیی چەندە ئامادەن، نادیارە! بەڵام گفتوگۆیەکی بەرفراوان لە ئارادایە. لەم پرۆسەیەدا دوای ٤٣ مانگ، ڕێیان دا چاوپێکەوتنێکی خێزانی بە بەڕێز ئۆجالان دا ئەنجام بدەن. ئێستایش سێ ڕۆژ پێش شاندێکی سیاسیی لەگەڵ بەڕێزیدا چاوپێکەوتنێک ئەنجام درا.
لەم چاوپێکەوتنانەدا بەڕێز ئۆجالان فەرمووی: “بۆ چارەسەریی پرسی کورد من بۆ پرۆسەیەکی دیالۆگ ئامادەم و ئەو هێزەم تێدایە ئەم کێشەیە لە شەڕ و توندوتیژی تێپەڕێنم و بەرەو ڕێ و ڕێبازی یاسایی و حقوقی و سیاسییانەی بەرم” لە دوایین چاوپێکەوتنەکەیدا حەوت خاڵی وەک بانگ بۆ حکومەت و هەموو هێزە پەیوەندیدارەکان دیار کرد، کە لەسەر ئەو بنەمایانە کاری لەسەر بکرێت و بەیەکەوە ئەم کێشەیە چارەسەر بکەین.
ئێمە بەم پەیامە پێ دەخەینە ساڵی نوێوە. هیوادارین ئەم ڕێگەچارەسەرییە-لێگەڕینە و ئەم بانگە ببێتە بنەما بۆ چارەسەرییەکی ئاشتییانە و هەتایی.
لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٤ـدا ئەگەر خوێندنەوەیەک و هەڵسەنگاندنێکی ناوخۆیی بکرێت، لەگەڵ هەموو ئێش و ئازار و قوربانییەک و هەروەها هەڵە و کەمتەرخەمی لە خەبات و تێکۆشانی ڕوویانداوە، دیسانەوە تێکۆشانی ئازادیی سەرکەوتووە. هێرشەکانی دوژمنان پووچەڵکرانەوە. هێزە کوردستانییەکان بە هەر ڕەنگێک بێت، دەبێت بە دیالۆگی ناوخۆیی پرس و کەموکورتییەکانی خۆمان چارەسەر بکەین، بە ڕێککەوتن و بە هاوکاری یەکتری هەوڵەکانی دوژمنان و داگیرکەران سەرە و ژێر بکەین.
دەبێ هەموو هێزە کوردستانییەکان پشتگیریی بانگی بەڕێز ئۆجالان بکەن و لە پێناو سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیە تێبکۆشن.
هیوادارین، ساڵی نوێی ٢٠٢٥ ببێتە ساڵی سەرکەوتن، ببێتە ساڵی بەدەستهێنانی هەموو مافەڕەواکانی گەلی کورد و کوردستان".