کەنەکە: ئیدی كوردستان به‌ هێزی ژنانی كورد كێشه‌ جیهانییه‌كان چارەسەر دەکەن

کۆمیسیۆنی ژنانی کەنەکە ڕایگەیاند، "ئیدی كوردستان به‌ هێزی ژنانی كورد و به‌هاكانیان ده‌بنه‌ هاوكار بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ جیهانییه‌كان".

کۆمسیۆنی ژنانی کەنەکە ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتوە: " خۆشكانمان له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان و به‌لوچستان و ئێران به‌ دروشمی ژن ژیان ئازادی رێگای ئاینده‌ی خۆیان ده‌ستنیشان ده‌كه‌ن. ژن ژیان ئازادی وه‌كو به‌رهه‌می ره‌نج وبه‌رخۆدانی هه‌زاران ژنی شه‌هیدی شۆرشی كوردستان ئیدی بۆته‌ ماڵی هه‌موو گه‌لانی ئێران وجیهان".

دەقی ڕاگەیاندراوەکەی کەنەکە:

ژن ژیان ئازادی: له‌ كوردستانه‌وه‌ بۆ جیهان

دۆخی ئه‌مڕۆ زۆر له‌ دۆخی قۆناغی ڕاگه‌یاندنی ٨ی ئازاری ١٩١٠ ده‌چێت. كه‌ وه‌كو ئێستا له‌و كاته‌دا ئاماده‌كاری بۆ شه‌ڕێكی سه‌خت ده‌كرا له‌ هه‌مان كاتدا له‌ لایه‌ن ژنه‌ شۆرشگێر كلارا زه‌تكین ٨ی ئازار وه‌كو ڕۆژی جیهانی ژنانی ره‌نجده‌ر ڕا‌گه‌یندرا. كلارا زه‌تكین باوه‌ڕی وابوو كه‌ به‌ پێشه‌نگایه‌تی به‌رخۆدانی ژنان له‌ دژی میتینگه‌ری سه‌رمایه‌داری یه‌كسانی به‌های كار له‌ نێوان ژن و پیاو پێكدێت. به‌داخه‌وه‌ له‌ رۆژی ئه‌مڕۆمان ئاشكرا ده‌بێت كه‌ خه‌ونه‌كانی كلارا زه‌تكین و به‌ هه‌زاران  ژنی شۆڕگێڕی دیكه‌ وه‌كو ده‌خواسترا به‌ دی نه‌هات.

چوار ساڵ له‌ دوای ڕاگه‌یاندنی ٨ی ئازار واته‌ له‌ ساڵی ١٩١٤ شه‌ڕی جیهانی یه‌كه‌م هه‌ڵگیرسا و به‌ ملیونان كه‌س كوژران ووڵاتان وێران كران و هه‌ره‌ زیاد ژنان دوو به‌رامبه‌ر سه‌ركوت كران. ئیدی دەوڵەتە باڵادەستەکان هەمووانیان ناچار کرد بەناوی نەتەوەییەوە شەڕ بکەن. له‌ ڕۆژی ئه‌مڕۆمان دا جیهان وه‌كو ساڵانی نێوان ١٩١٠ و ١٩١٤ به‌ره‌و دۆخێكی سه‌خت وترسناك ده‌ڕوات.به‌ تایبه‌تی له‌ دوای شه‌ڕی ئۆكرانیا كه‌ له‌  نێوان ناتۆ و روسیا به‌رێوه‌ده‌چێت، ركابه‌ریه‌كان نێوان وڵاته‌كان خێراتر و به‌رفراونتر ده‌بن. ژیانی مرۆڤه‌كان و سروشت له‌ ژێر هەڕەشەیەکی گەورەدایە.

شه‌ڕی جیهانی یه‌كه‌م و دوه‌م كۆتایی هاتن به‌ڵام میراته‌كان وكاردانه‌وه‌ی ئه‌م شه‌ڕانه‌ هەرگیز لەسەر کوردستان نەوەستاوه‌.هەم شەڕی وڵاتانی ڕۆژئاوا و هەم وڵاتانی داگیرکەری وەک تورکیا، ئێران، عێراق و سووریا له‌ سه‌ر كوردستان به‌رده‌وامی هه‌یه‌. سه‌د ساڵه‌ جینۆساید، تاڵان، كۆچپێكردن، ئاسمیله‌كردن به‌سه‌ر ئێمه‌ی كورد سه‌پێنراوه‌. به‌ مه‌به‌ستی نه‌هێشتنی ڕه‌گ و ریشه‌ی كورد، سیاسه‌تێكی تایبه‌ت له‌ سه‌ر ژنانی كورد سه‌پێنرا. به‌ هێرش و ئه‌شكه‌نجه‌ی سه‌ركوتكه‌رانه‌ ژنانی كوردیان كرده‌ ئامانج. داگیر‌كه‌ران ده‌زانن كه‌ ڕه‌گ وریشه‌ی ناسنامه‌ی كوردایه‌تی له‌ زمان و كولتوور ونه‌ریتی ژیانه‌وه‌ له‌ ژنانی كورد دایه‌. به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌ كۆمه‌ڵگای كوردییدا به‌ هۆی كه‌ونه‌په‌ره‌ستی پیاوانی سه‌رده‌ست هه‌بوونی ژنان وه‌كو مرۆڤیش نابیندرێن و به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك ژیانی ژنان له‌ ژێر هه‌ره‌شه‌دایه‌. به‌ڵام له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌  به‌ درێژایی سه‌ده‌یه‌ك به‌رخۆدانی له‌ كوردستان قه‌ت ڕانه‌وه‌ستاوه‌.

له‌ ماوه‌ی ٤٠ ساڵدا له‌ كورستان دۆخێكی گوڕینی بنه‌ڕه‌تی هاتۆته‌ ئاراوه‌. له‌ ناو سی ساڵدا به‌رخۆدانێكی بێوێنه‌ی ژنانی كورد به‌رپا بوو . ئه‌م شۆرشه‌ هه‌م له‌ سه‌ركه‌تنی به‌رخۆدانه‌كان و هه‌میش له‌ شكسته‌كانی رووداوو وسه‌رهه‌ڵدانه‌كانی پێش خۆی ده‌رسێكی زۆری وه‌رگرت، و به‌رده‌وام بوو له‌ به‌دیهێنانی خه‌ون وخه‌یاڵی هه‌زاران شه‌هیدی ژن و پیاوی كوردستان.

ئه‌م هێزه‌ گه‌وره‌ و مۆدێرنه گه‌لی‌ كورد و به‌تایبه‌تی ژنانی كورد گه‌یانده‌ گوڕه‌پانی نێوده‌وڵه‌تی. به‌رهه‌می سه‌ركه‌وتنی ئه‌م هێزه‌ له‌ شه‌ڕی دژی داعش به‌ پێشه‌نگایه‌تی یه‌په‌ژه‌ و یه‌په‌گه‌ له‌ رۆژئاوای كوردستان له‌ ساڵانی ٢٠١٣ و ٢٠١٤  وله‌ باشوری كوردستانیش به‌ تایبه‌تی به‌رخۆدان له‌ ئێزدیخان، هیوای به‌ كورد و جیهانی به‌خشی.

 یەکەمجارە لە مێژوودا کوردا وەکو هێزێکی ئومێد و خۆشەویستی بچێتە ناو ئەجێندای جیهانییەوە. ئەمڕۆش هیوای شۆڕشی ژنانی کورد بەردەوامە. بەتایبەتی ئەو ڕاستییەی ژنانی ئێزیدی ئەوەمان بۆ دەردەخات کە ئەو ژنانەی پێشتر کۆیلە بوون، ئەمڕۆ هێزی پاراستنی خۆیان هەیە، دەنگیان بەرزە بەرامبەر داگیرکەران. لە ڕۆژئاوای کوردستانیش سه‌رباری به‌رده‌وام بوونی هێرشه‌كانی دەوڵەتی تورکیا، شۆڕش بە پێشه‌نگایه‌تی ژنان گەورەتر و گەورەتر دەبێته‌وه‌. لە باکوری کوردستان هەرچەندە ڕژێمی داگیرکەر و فاشیستی دەوڵەتی تورک ڕێگە بە هیچ جوڵەیەک نادات، بەڵام بەرخۆدان بەبێ پچڕان بەردەوامە. ژنانی کورد بە شانازییەوە بەرەنگاری دیکتاتۆر ئەردۆغان دەبنەوە. لە باشووری کوردستانیش وەک گۆڕەپانی یاریکردن بۆ سیاسەتی نێودەوڵەتی و داگیرکەرانی ناوچەیی وەک تورکیا و ئێران، کۆمەڵگەی کورد و بەتایبەت ژنانی کورد لە ناو لێگه‌ڕینی نوێدایە. ژنانی باشووری کوردستان ئێستا خوازیاری نوێ بوونن لە ژیاندا.

ئەو شوێنەی شۆڕشی ژنانی کورد دەوڵەتی داگیرکەری هه‌ژاند، ئێران بوو. گەلی کورد و ژنانی كورد به‌ خاوه‌نده‌ركه‌تن له‌ كچی كورد ژینا ئه‌مینی له‌ سه‌رهه‌ڵدانی بێ وه‌ستان دان و ده‌وڵه‌تی ئێران ده‌له‌رزێنن. خۆشكانمان له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان و به‌لوچستان و ئێران به‌ دروشمی ژن ژیان ئازادی رێگای ئاینده‌ی خۆیان ده‌ستنیشان ده‌كه‌ن. ژن ژیان ئازادی وه‌كو به‌رهه‌می ره‌نج وبه‌رخۆدانی هه‌زاران ژنی شه‌هیدی شۆرشی كوردستان ئیدی بۆته‌ ماڵی هه‌موو گه‌لانی ئێران وجیهان.

دوای ١١٣ ساڵ لە ڕاگەیاندنی ٨ی مارس هەزاران شەهیدمان هەیە لەو پروسه‌ی كه‌ له‌ لایه‌ن کلارا زه‌تکینه‌وه‌ بۆ ژنان ده‌ستیپێكرد. ژنی كورد به‌ شۆرشی كوردی په‌ره‌ی پێدا و ئه‌مڕۆش له‌ قۆناغی شه‌ڕی جیهانی سێیه‌مدا به‌ره‌هه‌مه‌كانی خۆی ده‌گه‌ڕێنته‌وه‌ بۆ جیهان. له‌ سه‌ر خاكی كوردستان ئه‌ڵته‌رناتیفی ژنانی كورد له‌ به‌رمابه‌ر شه‌ری جیهانی سێیه‌مدا چاره‌نووسازه‌. ئیدی كوردستان به‌ هێزی ژنانی كورد و به‌هاكانیان ده‌بنه‌ هاوكار بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ جیهانییه‌كان.

له‌م رۆژه‌دا به‌ رێز ونوازشه‌وه‌ یادی ژنه‌ شۆرشگێر كلارا زه‌تكین و وهه‌مو شه‌هیدانی شۆرشی كوردستان ده‌كه‌ینه‌وه.

بۆ داهاتوویه‌كی ئازاد هه‌موو رۆژه‌كانتان به‌ ژن ژیان ئازادی گه‌شاوه‌ وبه‌خته‌وه‌ر بن.

ژ.ت