بە دیمەن

کەرکوک، دەربارەی مێژووی گۆڕینی دیموگرافیای خورماتوو کۆڕێک بەڕێوەچوو

لە کەرکوک، لەژێر ناونیشانی "مێژووی گۆڕینی دیموگرافیای خورماتوو" کۆڕێک بۆ نووسەر حەسەن باران سازکرا.

شاری خورماتوو شارێکی باشوری کوردستانە مێژوویەکی کۆنی ھەیە، کە دەگەڕێتەوە بۆ سێ ھەزار ساڵ بۆ سەردەمی ئیمپراتۆری ئاشورییەکان، ئه‌م شاره‌ وه‌كو له‌ به‌ڵگه‌ مێژوویی و تۆماره‌كاندا ناوی هاتووه‌، شارێكی دێرینه‌، به‌وه‌ی كه‌ له‌ سه‌رچاوه‌ ئاشووری و ئه‌كه‌دییه‌كاندا ناوی هاتووه‌، سەدان ساڵ لەمەوبەر ئەم ناوچەیە داگیرکرا لەلایەن دەوڵەتی عوسمانی، عوسمانییەکان ھەستان بەنیشتەجێکردنی تورکمان لە سەر ڕێگای بازرگانی نێوان بەغداد و ئەستەمبوڵ لەم مێژووەوە کەمایەتی تورکمان لە ناوچەکەدا پەیدا بوو.

شاری خورماتوو دەکەوێتە باشوری کەرکوک، لە ساڵی ١٩٧٦ دا کە ئەم شارە پێکھاتبوو لە ناحیەکانی (ئامرلی و بوستاملی و سلیمان بگ و قادرکەرەم و یانکیجە) بەبڕیاری رژێمی پێشووی بەعس خرایە سەر پارێزگای سەڵاحەدین ئەم گواستنەوەیە لە پارێزگای کەرکوکەوە بۆ سەلاحەدین بۆ ئەوەبوو کە دەستکاری ڕێژەی کورد بکرێت لە کەرکوک و ھەوڵێکی بەعسییەکان بوو بۆ بەعەرەب کردنی ناوچەکە.

سەبارەت بە مێژووی گۆڕینی دیموگرافیای ئەو شارە دێرینەی کوردستان، ئێوارەی ئەمڕۆ لە ساڵۆنی شەقامی جمهوری لە شاری کەرکوکی باشوری کوردستان، بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە کەسایەتیی ڕۆشنبیر، نووسەر و ئەدیب، چالاکوان و مێژووناس، کۆڕێک لەژێر ناونیشانی "مێژووی گۆڕینی دیموگرافیای خورماتوو" بۆ نووسەری دیاری باشوری کوردستان حەسەن باران سازکرا، کە ناوبراو خاوەن ٢٧ کتێبە و زۆربەیان لەبواری مێژووییە.

سەدان ساڵە پرۆسەی بەعەرەب کردن بەڕێوەدەچێت

سەبارەت بە کۆڕەکە، حەسەن باران نووسەری دیاری باشوری کوردستان، بۆ ئاژانسی هەواڵی فوڕات (ANF) ووتی: "ئەمڕۆ ئێمە لەم کۆڕەدا قسەمان لەسەر بابەتێکی هەستیار کرد کە پەیوەستە بە مێژووی گۆڕینی دیموگرافیای قەزای خورماتوو کە بە درێژایی مێژوو بەشێک بووە لە شاری کەرکوک بە ناوچەیەکی ستراتیجی و گرنگی کوردستانە، ئەوەی ئەمە لە ئەنجامی لێکۆڵینەوە گەیشتووینە پی پرۆسەی بەعەرەب کردن لە سنووری ئەو قەزایە بۆ سەدان ساڵ پێش ئێستا ئەگەڕێتەوە نەک سەردەمی دەوڵەتی نوێی عێراقی لانی کەم لە ساڵانی ٢٠ی کۆچی وە دەستپێکە تاوەکو ساڵی ٢٠٠٥، ئەو پرۆسەیەش بە پێنج قۆناغ تیشکم کردە سەری ئەو هەنگاوانەی کە نراوە لە بواری هێنانی عەرەبی هاوردە و دەرپەڕاندنی کورد لە سنورەکە، گۆڕینی تۆماری ناسنامە و گۆڕانکاری لە جوگرافیا و لایەنە کارگێڕیەکاندا".

ئەم ناوچە کوردستانییە بەر پڕۆسەی بەتورک کردن کەوتووە

لە درێژەی قسەکانیدا نووسەر حەسەن باران ووتیشی: " هەروەها لە بەشێکی دیکەی کۆڕەکە باس لە بابەتی بەتورک کردنی ناوچەکە دەکەین، ئایا بوونی تورکمان لەم سنوورە بەڕاستی بوونێکی درێژخایەنە یان هەمووی بۆ ٣٠٠ یان ٤٠٠ ساڵ ئەگەڕێتەوە، پرۆسەی بە تورک کردنی سنورەکەم بە سێ قۆناغ باسکرد کە لەکاتی مورادی چوارەمەوە تا جەنگی جیهانی یەکەم تیشک دەخەینە سەری و لەسەری قسەمان کرد، جگە لەوەش لە سەرەتاوە وەکو بەشێک لە کۆڕەکەمان باس لە مێژووی دروستبوونی شاری خورماتو ئەکەین کە بە بۆچوون و لێکۆڵینەوەی من کۆمەڵیک لێکۆلێنەوەی مێژووی کە  پێی گەیشتووین مێژووی ئەو شارە دەگەڕێتەوە بۆ سێ هەزار ساڵ پێش بەلایەنی کەمەوە".

هاوشانی کفری و کەرکوک شارێکی دێرینە

هەروەها ئەو نووسەرە ئاشکرای کرد: "شاری خورماتوو هاوشانی شاری کفری و کەرکوکە و داقوقە و یەکێک بووە لە شارە دێرینیەکان کە لە سەردەمی هۆرییەکان دروست کراوە، دواتر لە سەر دەستی سوپای تەیمورلەنگ لە ساڵانی ١٣٠٠ لە سەدەی ١٣هەمەدا ئەو شارە ئەکەوێتە بەر شاڵاوی سوپای تەیمور لەنگ و شارەکە دەڕۆخێ و جارێکیتر لە بناری چیای هەنجیرە ئەو شارە دروست دەکرێتەوە".

بەپشت بەستن بە سەرچاوە مێژووییەکان قسەمان لەسەری کردووە

لە کۆتای قسەکانیدا حەسەن باران بۆ ئاژانسی هەواڵی فوڕات (ANF) ووتی: "هەروەها لە کۆڕەکەدا، گفتوگۆمان لەسەر ناوی خورماتوو کرد کە لە چیەوە هاتووە، هەموو ئەم چەمک و ناوانە شیکاریمان بۆی کردووە بەپشت بەستن بەو سەرچاوە مێژووانیەی کە هەیە ئێمە هاتووین قسەمان لەسەری کردووە و بە ئومێدی ئەوەی بتوانین خزمەتێک بەو پرسە گرنگە بگەینین".