کەرکوک؛ گەنجان بە هونەر خاوەنداری لە شارەکەیان دەکەن

هەرچەندە کەرکوک شارێکی پەراوێزخراوبێت لە نێوان هەولێر و بەغدا دا، بەڵام گەنجانی ئەوە شارە بە هونەری خۆیان خاوەنداری لە شارەکەیان دەکەن.

لە دوای ١٦ ئەکتۆبەری ٢٠١٧ و بێ هیوابوونی هێزە سیاسییەکان باشووری کوردستان لە کەرکوک و کشانەوەیان لەو شارە، گروپێک گەنجی هونەرمەند لە شەقام دەبینرێن، کە هەوڵ دەدەن هیوا بە دانیشوانی کەرکوک ببەخشنەوە ئاشتەوایی سەدان ساڵەی نێوان پێکهاتەکانی کەرکوک درێژەپێبدەن و فراوانی بکەن، خزمەتی ژینگە و هونەری ئەو شارە بکەن.

کەمجار هەیە بە شوێنێکی کەرکوکدا گوزەر بکەی چاوت بە ئەندامانی ئەو گروپە گەنجە نەکەوێت، کە لە شەقام و شوێنە گشتییەکان چالاکیی هونەری و ژینگەیی و ڕۆشنبری دەکەن، یەکێکی تر لە جوانییەکانی ئەو گروپە ئەوەیە، کە ئەندامەکانی لەسەرجەم پێکهاتەکانی ئەو شارە پێک دێت.

ئەو گەنجانە ناوی خۆیان ناوە گروپی هۆشیاری گەنجان، یەکێک لە پرۆژە هەرە گرینەکانی ئەو گەنجانە ئەوەیە هەوڵ دەدەن جارێکیتر شکۆی هونەر بۆ شارەکە بگەڕێننەوە وەک چۆن پێشتر مامۆستا عەلی مەردان و هاوڕێکانی لە سەدەی ڕابردوو کەرکوکیان کردبووە  ناوەندی مەقامات و دەنگبێژی لەسەرجەم شارەکانی عێراق ڕویان دەکردە کەرکوک بۆ فێربوونی مەقام، بەهەمان شێوە ئەوە گەنجانە دەیانەوێت لە ئێستادا بەم شێوەیە کەرکوک بکەنە ناوەندێکی هونەری.

هەوڵەکانی ئەو گەنجانە تەنها لەسەر ئاستی درووشم نەماوەتەوە بەڵکو کاری گرینگیان بۆ کردووە، لە دواین کاریان دا لە ڕۆژی ١١ ئەم مانگە لەسەر قەڵای کەرکوک بە هاوکاری لەگەڵ دوو گروپی تری هونەری گەورەترین پێشنگای شێوەکاریان کردوە، کە تێدا ١٢٠ هونەرمەند بە ١٥٠ تابلۆ لە کەرکوک شارەکانی تری باشوری کوردستان بەشدارییان تیادا کردبوو.

هەڵگور عەبدولکەریم یەکێک لە سەرپشتیکارەکانی ئەوە گروپە، کە هاوکات ژنیاری ئامێری موزیکی گیتارە ڕایگەیاند: ئامانجی کردنەوەی ئەو پێشنگایە لەسەر قەڵای کەرکوک ئەوە بوو، کە مێژووی هونەری کەرکوک لەگەڵ هونەری نوێ بەیەکەوە نمایش بکەین.

ناوبراو وتی: قەڵای کەرکوک لە لایەن گۆتییەکانەوە دروستکراوە و شێوازێکی جوانی هونەریی بیناسازیی پێوەدیارە و پتەوە بۆ ئێمە جێگای شانازییە و سلمێنەری مێژووی هونەری شارەکەمانە، ئێمە بەو پێشانگایە هەم تابلۆ شێوەکارییەکان هەم هونەری بیناسازی کەرکوکمان ئاوێتەی یەک کرد و بە ئامادەبوانمان پێشاندا.

هەڵگورت وتیشی: هونەر نیشانەی زیندویی کۆمەڵگایە، بۆیە داوا دەکەم هەموو پێکهاتەکانی کەرکوک لەگەڵ هونەری ئاشتببنەوە.

ژ.ت