کەرکوک، لە مەڕاسیمێکدا یادی بەرخۆدانی شەهیدانی ١٤ی تەمموز بەرزڕاگیرا

لە شاری کەرکوک، لە مەراسیمێکدا بە درووشمی "بە ڕۆحی ١٤ی تەمموز گۆشەگیری تێکبشکێنە، جەنگی ئازادی سەربخە" یادی بەرخۆدانی شەهیدانی ١٤ی تەمموز بەرزڕاگیرا.

کاتژمێر٥:٣٠ی ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی لە بارەگای کەرکوکی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان(ڕەژاک) لە گەرەکی ڕەحیماوای شارەکە، بە ئامادەبووانی ژمارەیەکی بەرچاو لە خەڵکی شارەکە لە ژنان و گەنجان و تەواوی چین و توێژەکان، مەراسیمێكی بەبیرهێناوە بۆ بەرخۆدانی ساڵی ١٩٨٢ی زیندانی ئامەد و شەهیدانی ١٤ی تەموز بەرێوەچوو، چالاکییەکە لەلایەن هەریەکە لە ژنانی گەنجی تێکۆشەر و گەنجانی ووڵاتپارێز و ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان(ڕەژاک) ڕێکخرا.

سەرەتای مەراسیمەكە بە خولەكێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدانی رێگای ئازادی دەستی پێكرد و پاشان بەخێرهاتنی بەشداربووانی مەراسیمەكە کرا بۆ بەشداری کردنیان لە مەڕاسیمی بەبیرهێنانەوەی تەواوی شەهیدانی ڕێگای ئازادی کوردستان بەتایبەتی  شەهیدانی بەرخۆدانی ١٤ی تەمموز کە بوونە سەرەتایەک بۆ بەرخۆدانێکی گەورەی گەلی کورد و بزوتنەوەی ئازادیخواز.

پاشان لەلایەن سیاسەتمەدار عومەر حاجی حوسێن، باس لە گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کرا و ووتی: "ماوەی دوو ساڵە و نیوە گۆشەگیرییەکی سەخت لەسەر ڕێبەر ئۆجالانە و ڕێگە نادەن کە تەنانەت بنەماڵەکەشی چاویان پێ بکەوێت، ڕێبەر ئۆجالان ڕەخنەی سیستەمی سەرمایەداری و دەوڵەت نەتەوەی کرد کە نکۆڵی لە گەلێک دەکەن، کە ئەو گەلە بەدرێژایی مێژووی مرۆڤایەتی لەڕووی چاند و هونەر، دەست نەخشینی، بیناسازی، خێزان و کۆمەڵگا و چەند بواری دیکە ڕووڵی مێژوویان بینوە، سیستەمی سەرمایەداریش ئەم ڕەخنەیەی زۆر پێ قورس بوو کە ئەمە بەشێکە لە گۆشەگیری سەر ڕێبەر ئۆجالان، بەشێکی دیکەی سزادانی ڕێبەر ئۆجالان لەلایەن دەوڵەت نەتەوە بریتییە لەو ئیرادەیەی کە ڕێبەر ئۆجالان هەیەتی، کە نوێترین ئیرادەیە بۆ خاوەندارێتی لە بەهای مرۆڤایەتی، کە ئەم ئیرادەیەش لە گەریلا بەرجەستە بوو کە لەپێناو ئازادی مرۆڤ بوون گیانی خۆیان بەخت دەکەن".

هەروەها عومەر حاجی حوسێن ووتیشی: "سەرەڕای ئەوەی وڵاتان بانگەشەی مافی مرۆڤ دەکەن، بەڵام بەرامبەر بە ڕێبەر ئۆجالان هیچ مافێکی مرۆڤایەتی بۆ ئەو بەرجەستە نەکراوە و رۆژ لەدوای رۆژ فشار و گۆشەگیریەکەی سەختتر دەکەن، ئێمەش ئەم گۆشەگیرییە ئیدانە دەکەین و داوا لە گەلەکەمان و تەواوی ئازادیخوازن دەکەین لەسەد ساڵەی لۆزاندا گەلەکەمان یەکێتی نەتەوەیی پێکبهێنن".

لەلایەکی دیکەوە ئازاد محەمەد بەناوی گەنجانی ووڵاتپارێزەوە سیمینارێکی لەسەر بەرخۆدانی ١٤ی تەموز پێشکەش بە ئامادەبووان کرد و سەرەتا  باسی مێژووی ڕووداوەکانی بەرخۆدانی ١٤ی تەموزی ساڵی ١٩٨٢ی کرد پاشان ووتی: "ئێمە ٤٠هەمین ساڵیادی بەرخۆدانی گەورەی ١٤ی تەموز پیرۆز دەکەین، لە کەسایەتیی شەهیدانی ١٤ی تەموز، خەیری دورموش، کەمال پیر، عەلی چیچەک و عاکیف یەڵماز دا، بەڕێزەوە یادی هەموو شەهیدانی شۆڕش و دیموکراسی دەکەینەوە، بەرخۆدانی ١٤ی تەموز چالاکییەکی گەورە و مێژووییە لە دژی فاشیزمی لیژنەى سەربازیی ١٢ی ئەیلول، فاشیزمی تێکشکاند و هیوای ئازادیی گەلانی سەرخست، وە فەلسەفەی بەرخۆدان ژیانە لە بەرخۆدانی ١٤ی تەموزەوە لە زیندانی ئامەد لە دایکبوو کە تا ئەمرۆ بەردەوامی هەیە".

پاش پێشکەش کردنی سیمینارکە لەلایەن گەنجانەوە، سینەفزیونێكی بەڵگەنامەیی(دێکیومەنتەری) لەسەر بەرخۆدانی ١٤ی تەموز بۆ ئامادەبووانی مەراسیمەکە نمایش کرا.

پاش تەواوبوونی سینەفزیۆنەکە ، دروشمەکانی "شەهید نامرن" و "ژن ژیان ئازادی" و "بژی ڕێبەر ئاپۆ"، لەلایەن ئامادەبووانەوە ووترایەوە و بەم شێوەیە کۆتایی بە مەراسیمی بەبیرهێنانەوەکە هات.