كوشتاری هاووڵاتیانی مەدەنی لەسیاسەتی توركیادا؛ کوشتاری هاووڵاتییانی باشووری كوردستان

لەبەشی یەكەمی ئەم بابەتەدا بەئامارو وردەكارییەوە باسی بەشێك لەكۆمەڵكوژكردنی هاووڵاتیانی مەدەنی لەباكوری كوردستان لەلایەن دەوڵەتی توركیاوە كرا. لەم بەشەدا باس لەكۆمەڵكوژكردنی هاووڵاتیانی مەدەنی لەباشووری كوردستان لەلایەن دەوڵەتی توركیاوە دەكرێت.

لەبەشی یەكەمی ئەم بابەتەدا بەئامارو وردەكارییەوە باسی بەشێك لەكۆمەڵكوژكردنی هاووڵاتیانی مەدەنی لەباكوری كوردستان لەلایەن دەوڵەتی توركیاوە كرا. لەم بەشەدا باس لەكۆمەڵكوژكردنی هاووڵاتیانی مەدەنی لەباشووری كوردستان لەلایەن دەوڵەتی توركیاوە دەكرێت.

كۆمەڵكوژیەكانی توركیا لەباشووری كوردستان

دەوڵەتی توركیا لەگەڵ ئۆپراسیۆنەكانی بۆ «دەرەوەی سنوور»و بۆردومان و تۆپبارانەكانیداو هاوكات لەگەڵ هێرشكردنە سەر گەریلاكانی پەكەكە، هاووڵاتیانی مەدەنیشی كردووەتە ئامانج و كۆمەڵكوژی كردوون. كۆمەڵكوژكردنی هاووڵاتیانی مەدەنی لەلایەن سوپای توركیاوە بەشێوەیەكی زۆر روون و ئاشكرا و بەبەرچاوی هەموو جیهان، ناتۆ، نەتەوەیەكگرتووەكان، ئەمریكاو روسیاوە ئەنجامدراون. جگە لەهەندێك لێدوان، یان راگەیاندراو لەلایەن هیچ یەك لەناوەندە سیاسی و سەربازییە نێودەوڵەتییەكان و وڵاتانی زلهێزو كاریگەرەكانی سیاسەتی جیهانی هیچ كارێك نەكراوە بۆ رێگریكردن لەتوركیا بۆ ئەوەی كۆتایی بەكوشتاری هاووڵاتیانی مەدەنی بهێنێت. نەك رێگری لەتوركیا نەكراوە، بەڵكو لەڕووی سەربازیی، میدیایی، سیاسی و ئابوورییەوە پشتیوانی لەدەوڵەتی توركیاو سیاسەتەكانی كراوە. رێككەوتننامەی لەگەڵ ئیمزا كراوەو ئاسانكاریی بۆ كراوەو چرای سەوزی بۆ بەكارهێنانی زەوی و ئاسمان بۆ هەڵكراوە. ئەوەش وایكردووە توركیا بێباكانە بەربێتە گیانی هاووڵاتیانی مەدەنی و یەك لەدوای یەك كۆمەڵكوژی ئەنجام بدات.

توركیا لەساڵی ١٩٨٣ەوە تاوەكو ئێستا هێرش و ئۆپراسیۆن بۆ سەر خاكی باشووری كوردستان ئەنجام دەدات. بەگشتی تاوەكو ئێستا ٣٢ ئۆپراسیۆنی گەورە و فەرمیی بۆ سەر باشووری كوردستان ئەنجامداوە لەگەڵ سەدان هەزار بۆردومان و تۆپبارانكردنی خاك و گوندو رەزو رەوەند و خەڵكی باشووری كوردستان. توركیا لەمانگی ئابی ١٩٨٦ و لەسێیەم ئۆپراسیۆنی بۆ دەرەوەی سنوور، لەخواكورك لەیەك كاتدا هێرشی كردەسەر بنكە و بارەگاكانی پەكەكە و پارتی، لەو هێرشەدا زیاتر لە ١٠٠ پێشمەرگەی پارتی شەهید بوون. ئەو گورزە وای لەپارتی كرد، كە سیاسەتی چوونە ئامێزی توركیا بگرێتە بەر و لەوكاتەوە هاوكارو هاوبەشی توركیا بووە لەئۆپراسیۆنەكانیدا بۆ سەر گەریلاكانی پەكەكە لەخاكی باشووری كوردستاندا. لەبەر ئەوەش بەشێك لەكوشتنی هاووڵاتیانی مەدەنی بەهاوكاریی پارتی ئەنجامدراون.

جەنەڕاڵ ئیسماعیل مەتین تەمەل بەجامانە و كەواو پانتۆڵی پێشمەرگەوە

جەنەڕاڵ ئیسماعیل مەتین تەمەل بەهۆی چەپەڵە زۆرەكانی بۆ ئەردۆغان و پشتیوانیكردنی لەهەڵبژاردنی ئەردۆغان بۆ سەرۆكایەتیی كۆمار لەساڵی ٢٠١٨دا زومی كامێراكانی لەسەر بوو، بۆیە یەكێك لە گرنگترین دۆسیەكانی ئەو جەنەڕاڵە لەلایەن موحەڕەم ئینجە پاڵێوراوی جەهەپە ئاشكراكرا. ئەویش بڵاوكردنەوەی  ژمارەیەك وێنەی ئەو جەنەڕاڵە بوو بەجامانەو جلوبەرگی پێشمەرگەوە، كە مێژووی وێنەكان دەگەڕانەوە بۆ ساڵانی ١٩٩٠ لەباشووری كوردستان. گەرچی ئینجە وتبووی «ئەستێرەكانی سەرشانی لادەبەم»، بەڵام ئەردۆغان كردی بەفەرماندەی ئۆپراسیۆنی داگیركردنی عەفرین ناسراو بە(چڵە زەیتون) و پلەكەی بەرزركرایەوە بۆ «جەنەڕاڵی باڵا». وێنەكانی ئەو جەنەڕاڵە توركە بەجلوبەرگی پێشمەرگەوە پەیوەندیی بەو كردە سەربازییانەی سوپای توركیاوە هەبوو، كە تیمە تایبەتەكانی سوپای توركیا لەساڵانی ١٩٩٠دا لەخاكی باشووری كوردستان لەدژی پەكەكەو لایەنگرانی پەكەكە ئەنجامیان دەداو خۆیان پێی دەڵێن، «ئەرك» لەو ساڵانەدا چەندین تاوان و رووداوی كوشتن و رفاندن و تیرۆر لەباشووری كوردستان روویانداو تەنانەت بەهۆی هەندێك رووداوی گوماناوییەوە شەڕی نێوان پارتی و یەكێتی دەستیپێكردو ماوەی ١٠ ساڵ بەردەوام بوو. سەربازانی توركیا لەزۆر دۆسیەدا دانیان بەتاوانەكانیاندا ناوە. لەباكووری كوردستان جلوبەرگی گەریلایان لەبەر كردووەو بەرامبەر بەهاووڵاتیان تاوانیان ئەنجامداوە. دۆسیەكانی دەزگای هەواڵگریی جەندرمە (ژیتەم / JİTEM) پڕە لەو دانپیادانانانەدا. بەدران ئاكداغ شایەتحاڵی دۆسیەی ئەیلولی ٢٠١٧ی ژیتەم لەقۆسەری مێردین، باسی ئەوەی كردووە، ژیتەم تاوانی ئەنجام دەداو دەیخستە ئەستۆی  پەكەكە. بەدران لەو كاتەدا وتی، «من ئەندامان و كاربەدەستانی سەربازیم دەبینی، كەجلوبەرگی گەریلایان لەبەر دەكردو تاوانیان ئەنجامدەدا». كوردان دەیان ساڵ ئەو تاوانانەیان بینی و بوونە شایەتحاڵ و قوربانیی ئەو تاوانانە. ئەو تاوانانەش لە باشووری كوردستان روویانداوە، كە لێرەدا چەند نموونەیەكیان دەخەینەڕوو.

كوشتن، رفاندن و رادەستكردنەكان لە دوای راپەڕین

دەوڵەتی توركیا لە دوای راپەڕینی مانگی ئازاری ١٩٩١ سێ ئۆپراسیۆنی لەمانگەكانی نیسان و ئاب و تشرینی یەكەمی ١٩٩١دا بۆ سەر خاكی باشوری كوردستان ئەنجامدا. دەوڵەتی توركیا ئۆپراسیۆنی مانگی تشرینی یەكەمی ١٩٩١ بەهاوبەشیی پارتی و یەكێتی و بەرەی كوردستانی لەدژی پەكەكە ئەنجامدا. هاوكات لەگەڵ پارتیدا دەستیان بەكوشتنی لایەنگرانی پەكەكە لەبادینان كرد، كە كەسانی وەك عەلی شەعبان ئامێدی، سادق عومەر سندی، رەئوف ئاكرێیی تیادایە. هەروەها هۆشەنگ میرزا، زەكی ئامێدی، بەكر هیرانی لەدهۆك و هەوڵیر رفێنران و شەهید كران.

جگە لەوەش لە ١٢ ی كانوونی یەكەمی ساڵی ١٩٩١دا ٢٣ ئەندامی پارتی  ئازادیی كوردستان (پاك) لەشاری دهۆك دەستگیركران و لە دوای ٢٠ رۆژ لە ٨ی كانوونی دووەمی ساڵی ١٩٩١ لەسنوری ئیبراهیم خەلیلەوە رادەستی دەوڵەتی توركیا كرانەوە. لەساڵی ١٩٩٢شدا نەجات مەلا ئەحمەدو محەمەد نەزیر لەنزیك شارۆچكەی سێمێلی پارێزگای دهۆك شەهیدكران. لەساڵی ١٩٩٥ یاسین مستەفا، ناسراو بەیاسین مستۆ كەسایەتیی ناسراوی عەشیرەتی نهێلێ لە نێوان گوندەكانی گوهرز و دێرەلۆك لەئامێدی كوژرا. ئەحمەد عەلی نهێلی و ئەمین سەرگەلی بەچەكی قەناس كوژران.

كۆمەڵكوژییەكانی خنێرەو خواكورك و زەڵێ

فڕۆكە جەنگییەكانی دەوڵەتی توركیا ساڵی ١٩٩٢ گوندی ژیلە-یان لەناوچەی خواكورك بۆردومانكردو  هەشت كەسیان كۆمەڵكوژكرد. لە ساڵی ١٩٩٥ لە بۆردومانكردنی دەشتی هەرتێ لەخواكوڕك شرش كەسی تری مەدەنی شەهیدبوون. ساڵی  ١٩٩٧ ماڵێكیان لەبرادۆست بۆردومان كردو حەوت كەسیان شەهیدكرد. فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا ساڵی ١٩٩٨ هاووڵاتیانی ناوچەی لۆلان-یان بۆردومان كردو بەو هۆیەوە ٨٤ ژن، منداڵ، هاووڵاتی و كەسی بەتەمەن شەهیدبوون. لە ‹ئۆپراسیۆنی دەرەوەی سنوور›ی ٢٨ی كانوونی دووەمی ١٩٩٤ لەدژی كامپی زەڵی، كەگەورەترین و بەرفراوانترین ئۆپراسیۆنی دەرەوەی سنوری دەوڵەتی تورك بوو تاوەكو ئەو كاتە، ئەو هاووڵاتییە مەدەنیانە كرانە ئامانج، كە بەهۆی كاولكردن و سوتاندنی گوندەكانیانەوە لەلایەن دەوڵەتی تورك لەباكووری كوردستان بەناچار روویان لەباشووری كوردستان كردبوو و لەزەڵێ گیرسابوونەوە، لەو بۆردومانكردنەی كامپی زەڵیدا ژمارەیەكی زۆر لەهاووڵاتیانی مەدەنیی ئاوارەی باكووری كوردستان شەهیدو بریندار بوون.

كۆمەڵكوژیی بازاڕی زاخۆ

لە ٢٧ی شوباتی ١٩٩٥ لەبازاڕی چەك فرۆشانی زاخۆدا ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراوی پڕ لە تی ئێن تی تەقێنرایەوە، كە بووە هۆی كوژرانی ٩٠ كەس و برینداركردنی ٣٠ كەس و خاپوركردنی دەیان دوكان و شوێنی كاری هاووڵاتیان. دەوڵەتی توركیا ئەو تاوان و كۆمەڵكوژییەی بۆ ئەوە ئەنجامدا تاوەكو پەكەكە نەتوانێت لەو بازاڕەدا چەك بكڕێت.

مام رەشۆ و ئاریس و فاریسی كوڕی لەئاڤاشین

سوپای توركیا لەئایاری ١٩٩٥ بە ١٠ هەزار سەربازەوە هێرشی كردە سەر ناوچەی ئاڤاشین و لەو هێرشەیەدا چوونە سەر رەشماڵەكەی مام رەشۆ و خۆی و دوو كوڕی بەناوەكانی ئاریس و فاریس-یان دەستگیركرد. مام رەشۆ، كەتەنانەت دەستی سوپاكەی سەدامی پێ نەگەیشتبوو و خۆی پاراستبوو، سوپای توركیا داوای لێدەكەن هاوكارییان بكات لەدۆزینەوەی شوێنی گەریلاكانی پەكەكەدا، كاتێك ئەوە رەتدەكاتەوە ئەشكەنجەیەكی زۆری خۆی و كوڕەكانی دەدەن، بەئەشكەنجە دەیانبەنە ناو هەلیكۆپتەرەكانیان و یەك بەیەك لەئاسمانەوە هەڵیاندەدەن خوارەوە، بەڵام هیچ هاوكارییەكی سوپای توركیا ناكەن. دوای ئەو رووداوە گەریلاكان تەرمی مام رەشۆو كوڕەكانی دەبنەوە بۆ رەشماڵەكەیان لەوێ بە خاكی دەسپێرن بۆ یادیان سێ شاخی ئەو ناوچەیان بەناویانەوە ناودەنێن، مام رەشۆ لەناوەڕاستیاندا و ئاریس و فاریسیش لەملاولایدان، سوپای توركیا لەساڵی ٢٠٢١ دیسانەوە ویستی ئەو ناوچەیە بگرێت، بەڵام لەوەدا سەرنەكەوت و لەئەنجامدا بەچڕی چەكی كیمیایی بەكارهێنا، هەشت گەریلا بۆ ماوەی ٤٠ رۆژ لەو شاخەدا لەژێر چەكی كیمیایی دا بەرەنگاری سوپای توركیا بوونەوە و تائێستاش شەڕ تیایدا بەردەوامە.

كۆمەڵكوژییەكەی هەولێر

لە ١٤ی ئایاری ١٩٩٧دا سوپای توركیا و پارتی پێكەوە ئۆپراسیۆنێكی بەرفراوانیان لەدژی پەكەكە ئەنجامدا. لە ١٦ی ئایاردا لەناو شاری هەولێر هەڵیانكوتایەسەر بارەگای یەكێتیی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان (یەنەدەكە)، ناوەندی رۆشنبیریی میزۆپۆتامیا، یەكێتیی ئازادیی ژنانی كوردستان (یاژك) رۆژنامەی وڵات و رۆژنامەی عەرەبی (شمس الوطن) و نەخۆشخانەی مانگی سووری كوردستان. لەو هێرشەدا ٨٣ كەس كۆمەڵكوژكران، كە ١٩ كەسیان قۆژنامەنووس بوون، ٥٢ كەسیان گەریلای برینداری بێچەك بوون لەنەخۆشخانە و ١٢ كەسەكەی تریشیان كەسانی هونەرمەندو سیاسەتمەدار بوون و لەناوەندە مەدەنی و هونەرییەكانیاندا كۆمەڵكوژكران.

كۆمەڵكوژیی كەندەكۆڵ

دەوڵەتی تورك لە ١٥ی ئابی ٢٠٠٠دا لەكەندەكۆڵ بەرامبەر بەدۆڵی قاشموك و ئاڤخوار لەنێوان خنێرەو خواكوڕك بەفڕۆكەی جەنگی هێرشی كردەسەر ١٠٠ قەشماڵی هاووڵاتیانی ئەو كوێستانەو لەو كۆمەڵكوژییەدا ٣٨ هاووڵاتی ەوەندی هەركی شەهیدكران، كە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون و وەك هەموو ساڵێك چووبوونە كوێستانەكانی خۆیان و دەیان كەسی تریش بریندار بوون.

كۆمەڵكوژییەكانی كورتەك - ٢٠١١

فڕۆكە جەنگییەكانی دەوڵەتی توركیا لە ٢١ی ئابی ٢٠١١دا لەڕێگای كورتەك – رانیە ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییەكی مەدەنییان كردە ئامانج بەو هۆیەوە هەریەك لەحسێن مستەفا، ئۆسكار حسێن تەمەن ١٠ ساڵ، زانا حسێن تەمەن ١١ ساڵ، رێزان حسێن تەمەن ٣٤ ساڵ، مێر حاجی، سۆنیا شەماڵ تەمەن چوار ساڵ، سۆلین شەماڵ تەمەن حەوت مانگ، كە دانیشتوی گوندی بۆڵێ بوون و ئەندامی یەك خانەوادە بوون كۆمەڵكوژكران.

كۆمەڵكوژییەكانی ٢٠١٥ بۆ ٢٠٢٢

بەپێی ئاماری رێكخراوی تیمەكانی بنیاتنانی ئاشتی لەكوردستانی عێراق (سی پی تی) دەوڵەتی توركیا لەساڵی ٢٠١٥ەوە تاوەكو ئێستا دەیان كۆمەڵكوژیی ئەنجامداوە و بەگشتی ١٣٨ هاووڵاتیی مەدەنی شەهیدو كۆمەڵكوژ كردووەو زیاتر لە ١٨٠ هاووڵاتیی تری مەدەنیی بریندار كردووە، كە بەشێكیان بەمشێوەیەی خوارەوەن:

جارێكیتر لە ٢٧ی حوزەیرانی ٢٠١٩دا دوو ئۆتۆمبێلی هاووڵاتیانی لەناوچەی كورتەك و لەنزیك گوندی بەرد كوڕان-ی رانیە لەلایەن فڕۆكە جەنگییەكانی دەوڵەتی توركیاوە كرانە ئامانج، كە لەسەر باخ و رەزی خۆیان دەگەڕانەوە بۆ ماڵەوەو بەو هۆیەوە عەبدوڵا عەلی مینە ئاڵی ناسراو بەعەبدوڵا چاوشین تەمەن ٥٣ ساڵ و كوردستان عەبدوڵای كچی تەمەن ٣٠ ساڵ، هەریاد عەبدوڵا تەمەن ١٩ ساڵ شەهید بوون. هەروەها تەیب محەمەد عەبدڵا، محەمەد عەبدوڵا، بەناز عەبدوڵا، رابێ محەمەد دایكی قوربانیەكان بریندار بوون.

دیار غەریب لەكورتەك

فڕۆكە جەنگییەكانی دەوڵەتی توركیا لە ٥ی تەمموزی ٢٠١٩دا دیار غەریب ناسراو بەهەڵمەت ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری كەجەكە  لە ئۆتۆمبێلێكدا بۆردومانیان كرد و لەگەڵ دوو هەڤاڵیدا شەهیدیان كرد.

كۆمەڵكوژیی زارگەلی

فڕۆكە جەنگییەكانی دەوڵەتی توركیا لە ١ی ئابی ٢٠١٥دا و لەكاتژمێر ٤:٠٠ بەرەبەیاندا گوندەكانی بناری قەندیل-یان بۆردومانكرد. یەكێك لەو گوندانە كەكرایە ئامانج، گوندی زارگەلی بوو. فڕۆكە جەنگییەكانی تورك سەرەتا هێرشیان كردەسەر ماڵی مام خدر. لەو هێرشەدا پورە ئایشێ هاوسەری مام خدر شەهید بوو و چەند هاووڵاتییەكی تر لەگوندەكەدا بریندار بوون. دوای ئەوەی خەڵك بەڕووداوەكەیان زانی بەهانای مام خدرەوە رۆیشتن. فڕۆكە جەنگییەكان ئەمجارە ئەو هاووڵاتییانەیان بۆردمانكرد، كە بەهانای ماڵی مام خدرەوە رۆیشتبوون، بەگشتی ١٩ موشەكیان بەگوندەكەوەو هاووڵاتیانی گوندەكەوە نابوو. لەئەنجامدا هەشت هاووڵاتی تر شەهیدو ١٢ كەسی تریش بریندار بوون و هەشت خانوی گوندەكە رووخان و زیانیان پێگەیشت و چەند ئۆتۆمبێلێكی هاووڵاتیان سوتان. هەروەها لەئەنجامی ئەو بۆردومانەدا ژینگەی گوندەكە ژەهراوی بوو و سەرچاوەكانی ئاو، زەوی، رەز و باخی هاووڵاتیان سوتان و پیس بوون. توركیا لەو هێرشەدا بۆمبی قەدەغەكراوی بەكارهێنا و یەكێك لەموشەكەكان پاشماوەی مابوویەوە، كە دریژییەكەی دوو  مەترو نیوو و قورسیەكەیشی یەك تۆن بوو.

كۆمەڵكوژیی گۆشینە

سوپای توركیا ئەمجارە لە ٢٥ی حوزەیرانی ٢٠١٩دادا لەئۆپراسیۆنی «پەنجە»دا بەفڕۆكەی جەنگی لەناوچەی گۆشینەی سەر بەقەزای سۆران لەپارێزگای هەولێر ئۆتۆمبێلێكی هاووڵاتیانی كردە ئامانج و دوو سەرنشینی ناو ئۆتۆمبێلەكە كە برا بوون شەهید بوون و برایەكی تریشیان بریندار بوو.

كۆمەڵكوژكردنی گەشتیاران و هاووڵاتیانی مەدەنی لەسەیرانگاكاندا

دەوڵەتی توركیا لەبەردەوامیی كۆمەڵكوژكردنی هاووڵاتیانی مەدەنیدا سەیرانگاكان و گەشتیاران دەكاتە ئامانج و لەم چەند ساڵەدا سەیرانگاكانی ئامێدی، بامەڕنی، كونەماسی، گوێژە، شیلادزێ، شارباژێڕ، باتوفا و دێرەلوك كردووەتە ئامانج و چەندین هاووڵاتی و گەشتیاری شەهید كردووە.

لە ٢٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٠دا، فڕۆكە شەڕكەرەكانی دەوڵەتی تورك سەیرانگەی كونەماسیی لە شاڕباژێری سلێمانی بۆردومان كردو لەئەنجامدا دوو هاووڵاتی كۆمەڵكۆژ كردو هەشت هاووڵاتیی تری بریندار كرد، كە پێنج كەسیان ئەندامی یەك خێزان بوون.

لە ٢٠ی ئابی ٢٠٢١دا؛ دوو گەشتیاری عەرەبی خەڵكی موسڵ بەناوەكانی ئەحمەد شاكری تەمەن ٤٠ ساڵ و یوسف عامر تەمەن ٢٦ ساڵ، لەناحیەی باتوفای سەر بەزاخۆ لەئەنجامی تۆپبارانی ئەرتەشی توركدا كوژران.

لە ٢٦ی ئایاری ٢٠٢دا نزیكەی ١٠٠٠ هاووڵاتیی مەدەنیی خەڵكی گوندی زێوا سەرێ بەشدارییان لەفیستیڤاڵی ساڵانەی گوندەكەیاندا لەشارەدیی بامەڕنی كردبوو. لەدەمەو ئێوارەدا سوپای توركیا ئاهەنگی هاووڵاتیانی بۆردمانكردو بەو هۆیەوە یوسف كۆڤانی ١٣ ساڵان و ئاڤەند هۆشیاری ١١ ساڵان گیانیان لەدەستدا و سیپان فەرهادی هەشت ساڵانیش بەسەختی برینداربوو.

 دوایین كۆمەڵكوژیی هاووڵاتیانی مەدەنی و گەشتیاران لەلایەن سوپای توركیاوە لەباشووری كوردستان كۆمەڵكوژكردنی گەشتیارانی عێراقی بوو لەگوندی پەرەخێ لە ٢٠ی تەمموزی ٢٠٢٠دا بوو، كە نۆ گەشتیاری كۆمەڵكۆژو ٢٦ كەسیشی بریندار كرد.

كۆمەڵكوژییەكانی دەوڵەتی توركیا لەشەنگال

دەوڵەتی توركیا بۆ یەكەمجار لە ٢٤ی نیسانی ٢٠١٧ چیای شەنگالی بۆردومان كرد و لەو كاتەوە ماوە ماوە شەنگال و خەڵكەكەی بۆردومان دەكات. لە ١٥ی ئابی ٢٠١٨دا، مام زەكی شەنگالی، لە ١٦ی ئابی ٢٠٢١دا سەید حەسەن و برازاكەی عیسا خوەدێدا، لە ٢٠ی شوباتی ٢٠٢٠دا فەرماندە زەردەشت شەنگالی، پیر حەمید، ئێزێدین شەنگالی و جەلۆ شەنگالی و لە ١٧ی ئابی ٢٠٢١دا بەفڕۆكەی جەنگی هێرش كرایە سەر نەخۆشخانەی ناوچەی سكێنێ شەنگال و بەو هۆیەوە حەمید سعدون «قیران سیبا»، شەڕڤانی یەبەشە خدر شەرەف «پیر خدر»، شەڕڤانی یەبەشە  رامی ئەلسالم «رۆنی»، شەڕڤانی عەرەبی یەبەشەی خەڵكی بەعاج  بەناوی مەیتەم خدر خەلەف «سەرحەد زەمار»، شەڕڤانی یەبەشەی عەرەب، عەلی رەشۆ خدر، خەباتكاری نەخۆشخانە سەیدۆ ئەلیاس رەشۆ، حەجی خدر، موخلیسە سیدار و هەروەها لە ٧ی كانوونی ٢٠٢١دا هاوسەرۆكی دەستەی بەڕێوەبەری شەنگال مەروان بەدەل-ی كۆمەڵكۆژ كرد. لە ١١ی كانوونی یەكەمی ٢٠٢١دا ئەنجومەنی گەلی خانەسوری بۆردومانكرد و زۆربەی باڵەخانەی ئەنجوومەنەكە رووخا. دواین جاریش لە ١٥ی حۆزەیرانی ٢٠٢٢ بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان هێرشی كردە سەر ئەنجوومەنی گەلی سنوون و منداڵێك و باپیرەی بەناوی خدر شڤان ناسۆ و كوڕەزاكەی ساڵح خدر ناسۆ كۆمەڵكۆژ كران.

بۆردومانكردنی مەخمور

لەوەتەی دەوڵەتی توركیا هەیە هەمیشە چاوی لە بۆردومانكردن و كۆمەڵكوژكردنی هاوڵاتییانی مەدەنیی كامپی مەخمور بووە. توركیا تا ئێستا بە گشتی زیاتر لە ٢٠٠ جار كامپەكەی بە دۆشكا، هاوەن، توپخانە و فڕۆكەی جەنگی بۆردومان كردووە. لەو هێرشانەشەدا زیاتر لە ١٠٠ كەس شەهید و بریندار بوون، كە ژن، منداڵ، بە تەمەن و نەخۆشیان تیادا بووە.

شاردنەوەی تاوان و كۆمەڵكوژییەكانی دەوڵەتی توركیاو پاساوهێنانەوە بۆیان و سوككردنی خوێنی هاووڵاتیانی كورد

لەدوای ساڵی ٢٠١٥ەوە كاتێك كەسوكاری شەهیدانی بۆردومانەكانی توركیا هەوڵیانداوە راپۆرتی پزیشكی وەك خۆی ئامادە بكەن و لەدادگاكان سكاڵا لەدژی تاوانەكانی دەوڵەتی توركیا تۆمار بكەن، پێشهاتی سەیر روویاندا، بۆ نموونە محەمەد ساڵح رەسوڵ خەڵكی گوندی بۆكریسكان لەو بارەی راپۆرتی پزیشكی بۆ شەهیدانی گوندی زارگەلی دەڵێت، لەراپۆرتی پزیشكیی ئەو شەهیدانەدا لەنەخۆشخانەی قەزای سۆران بەهیچ شێوەیەك ئاماژە بەوە نەكراوە، كە بەفڕۆكەی جەنگیی توركیا شەهید بوون، بەڵكو هەر كەسە و سیناریۆیەكیان بۆ رێكخستوەو نووسیویانە یەك بە قەزای ئۆتۆمبێل و یەك بە تەقینەوە و بۆ هەر كەسەوە شتێكیان نووسیوە!، بەڵام ناكرێت بەو شێوەیە دەستكاریی چۆنیەتیی شەهیدبوونی هاووڵاتیان بكرێت.

 هەروەها هاووڵاتییەكی تری بناری قەندیل بەناوی محەمەد ئەمین خدر باسی ئەوە دەكات، حكومەتی هەرێم لەئاست بۆردومانەكانی دەوڵەتی توركیا بێ هەڵوێستە.

 یەك لەچیرۆكە زۆر سەیرو سەمەرەكان لەبارەی پاساو هێنانەوە بۆ تاوانەكانی دەوڵەتی توركیا چیرۆكی كەریم قادرە، كەدانیشتوی گوندی سولییە لەبناری قەندیل. كەریم قادر لەدوای ئەوەی فڕۆكە جەنگییەكانی دەوڵەتی توركیا خانوەكەی بۆردومان دەكەن كەیسی بۆردومانكردن و خاپووركردنی خانووەكەی دەباتە دادگا، دوای هەشت جار لەدانیشتنی دادگا، دادوەری دادگای قەڵادزێ پێی دەڵێت، تۆ یەكەم شت نازانی فڕۆكەی جەنگیی كام وڵات بووەو پاشان تۆ ناوی ئەو كەسەش نازانیت، كە فڕۆكەوان بووەو فڕۆكەكەی لێخوڕیوە، بۆیە كەریم قادر لەوە تێدەگات، كە دەیانەوێت نەك مافی بۆ بگەڕێننەوە، بەڵكو مافەكەشی زەوت دەكەن و كاریش بۆ شاردنەوەی ئەو تاوانە دەوڵەتی توركیا دەكەن، بۆیە لەئەنجامدا بەپێی ئەو رەفتارو هەڵسوكەوتانەو بەهۆی بێ پشت و پەناییەوە لەپێناو شاردنەوەی تاوانەكانی دەوڵەتی توركیادا بەزۆر كەیسەكە بەو هاووڵاتییە دەدۆڕێنن و هیچ قەرەبویەك ناكرێتەوە.

پاساوی دامودەزگاكانی هەرێم دەرەنجامی سیاسەتی حكومەت و دەسەڵاتدارانی هەرێمەو كاتێك حكومەتی هەرێم پاساو بۆ شاردنەوەی تاوانەكانی دەوڵەتی توركیا بهێنێتەوە ئیدی كاتێك وڵاتانی تر بۆ خوێنی هاووڵاتیان دنیا دەهێننە جۆش، هەر بۆ نموونە ئەوەی حكومەتی بەغدا بۆ خوێنی گەشتیارەكان لەپەرەخ كردی، دەبێتە جێگای سەرسوڕمانی بەرپرسانی حكومەت و دەڵێن، نابێت جیاوازی لەنێوان خوێنی كوردو عەرەبدا بكرێت، بەڵام بەداخەوە لەمێژە دەسەڵات و حكومەت خۆی بەدەستی خۆی خوێن و بەهاو شكۆو سیادەی هاووڵاتیی كوردو خاكەكەی سووك كردووە، بۆیە هیچ دەوڵەتێك بۆی گرنگ نییە رۆژانە چەند هاووڵاتیی مەدەنیی كورد بەناهەق و ناڕەوا شەهید دەكرێن.

دەوڵەتی توركیا بە بەردەوامی نكۆڵی لەتاوانەكانی دەكات

دەوڵەتی توركیا گەرچی توانای سەربازیی زۆرە، بەڵام لەهەمان كاتدا بەڕادەیەك لاوازە، كە توانای داننان بەتاوانەكانی خۆیدا نییە و لەئەنجامدا هەمیشە نكۆڵی لەو تاوان و كۆمەڵكوژییانە دەكات، كەئەنجامی دەدات. ئەردۆغان لە دوای كۆمەڵكوژكردنی گەشتیاران لەپەرەخێ رایگەیاند، ئەوە كاری سوپاكەیان نەبووە. قلیچدار ئۆغڵوش وتی، سوپاكەیان كەسانی مەدەنی ناكوژێت. دەسەڵات و ئۆپۆزیسونی توركیا پێكەوە چەواشەكاری دەكەن و تاوانەكانی سوپا دەشارنەوە. تا ئێستا حزبەكانی توركیاو دەسەڵات و حكومەت و دەزگای دادوەری ئامادە نەبوون تاوانەكانی سوپاكەیان و كوشتنی هاووڵاتیانی مەدەنی ئیدانە بكەن. سەرباری بوونی دەیان بەڵگە، شایەتحاڵ، ڤیدیۆ، وێنە و وتەی پسپۆڕان، بەڵام ئەوان هەر نكۆڵی تاوانەكانیان دەكەن، ئەوەش بەمانای ئەوەیە، سیستمی سیاسیی توركیا لەگەڵ كوشتنی هاووڵاتیانی مەدەنی دا بە دەستی سوپاو جەندرمە و میتی توركیا.

سەرچاوە: رۆژنامەى هاوڵاتی

ژ.ت