کوژران و برینداربوونی ٤٩ کۆڵبەر لەماوەی یەک مانگدا

لەماوەی یەک مانگدا ٤٩ حاڵەتی گیانلەدەستدان و برینداربوونی کۆڵبەر و کاسبکارانی کورد لە سەر سنوورەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان تۆمارکراوە، کە زۆرینەیان بە تەقەی هێزەکانی دەوڵەتی ئێران کراونەتە ئامانج.

بەپێی ئامارەکانی کۆڵبەر نیوز لە ماوەی مانگی خاکەلێوە (٢١ ئادارتا ٢٠ی نیسان) ١٠ کۆڵبەر و کاسبکار گیانیان لەدەستداوە، کە پێنج کەسیان بە تەقەی هێزەکانی دەوڵەتی ئێران کوژراون و پێنج کەسی دیکەش بە هۆکارەکانی وەک کەوتنەخوارەوە لە بەرزایی، رەقبوونەوە و وەستانی دڵ گیانیان لەدەستداوە.

ئەوەش خراوەتەڕوو کە لەو مانگەدا ٣٩ کۆڵبەر و کاسبکاریش لەسەر سنوورەکان برینداربوون، کە رێژەی لەسەدا ٦٣ی ئەو کەسانە بە تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی دەوڵەت پێکراون.

زۆرینەی ئەو کۆڵبەرانەی کراونەتە ئامانج لە ناوچە سنوورییەکانی نەوسود، بانە و هەورامان بوون.

هەر لە ئامارەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، کە ١٣ کۆڵبەری خەڵکی پاوەش لەلایەن هێزەکانی پاسەوانی سنوورەوە دەستگیرکراون.

بە پێی ئامارەکانی ئەو ماڵپەڕە ساڵی رابردوو ٤٤ کۆڵبەر و کاسبکار گیانیان لەدەستداوە و کوژراون و ٤٠٠ کۆڵبەر و کاسبکاریش برینداربوون، کە زۆرینەیان بە تەقەی راستەوخۆ هێزەکانی دەوڵەت کرابوونە ئامانج و ئەو ئامارەش بەرزترین ئاماری قوربانیبوونی کۆڵبەرانە.

هـ . ب