لە چالاکییەکانی ئێشکگری لە سنووری کۆبانێ-پرسوس پەیامی بەرخۆدان درا

لە چالاکی ئێشکگری لە سنووری پرسوس- کۆبانێ لە دژی هێرشە داگیرکارییەکان، پەیامی بەرخۆدان درا و گوترا: "ئێمە وەک گەلی کورد هێرش لە دژی ڕۆژئاوا قبوڵ ناکەین".

چالاکیی ئێشکگری لە دژی هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک و گروپ چەتەکانی سوپای نەتەوەیی سووریا (NSA) بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، لەسەر سنووری پرسوس، رحا و کۆبانێ، کە دەستیپێکردووە، لە ڕۆژی چوارەمیندا بەردەوامە.

چالاکییەکە بە پشتگیری پارتی هەرێمە دیموکراتییەکان (دەبەپە) و پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) و تەڤگەری ژنانی ئازاد (تەژەئا) دەستیپێکردووە. برای ڕێبەر ئاپۆ، محەممەد ئۆجالان، پەرلەمانتاری دەم پارتی رحا فەرید شەنیاشار، ڕێکخراوەکانی دەم پارتی و دەبەپەی رحا، دیلۆک، ئامەد، چالاکوانانی تەژەئا، ئەندامانی ئەنجومەنی دایکانی ئاشتی رحا و گەلێک کەس بەشداربوون. چالاکییەکە بە گۆرانی و هەڵپەڕکێی کوردی بەردەوام بوو. پشتگیری لە چالاکیی ئێشکگری تادێت زیاتر دەبێت.

لە چالاکییەکەدا پانکاتتی "ڕۆژئاوا شکۆی ئێمەیە"، وێنەی ڕۆژنامەنووسان نازم داشتان و جیهان بیلگین، کە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە بە فرۆکەی بێفرۆکەوان شەهیدکران وپانکارتی "ڕۆژئاوا هێڵی سووری ئێمەیە" هەڵکرا و ڕاگەیاندراوێک خوێندرایەوە.

هاوسەرۆکی کۆمەڵەی هاوکاری، پشتیوانی و کولتووری بۆ ئەو بنەماڵانەی کەس وکارییان لە کۆنترین شوێنی شارستانیەتدا بێ سەرو شوێن کراون (KATDER) فاتمە ئاکباش لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژەی بەوەکرد ئەوان بۆ گەلانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا هاتوونەتە سنوور و بەرخۆدانیان دژی هێرشەکان بەردەوام دەبێت.

هاوسەرۆکی دەم پارتی فارقینی ئامەد، نیازی سونەر بەرخۆدانی هاوبەش لە دژی هێرشەکانی سەر کۆبانێ لە ساڵی ٢٠١٤  بەبیرهێنایەوە و وتی: "دەیانگوت کۆبانێ وادەکەوێت و دەروخێت، ئەگەر کۆبانێ ئەو ڕۆژە نەکەوتبێ ئەمڕۆ هەرگیز ناکەوێت. دڵمان لەگەڵ ڕۆژئاوایە. کۆبانێ فارقینە، فارقین کۆبانێیە".

هاوسەرۆکی دەم پارتی  دیلۆک زۆزان ئایهان دەڵێت "گەلی کوردستان ئاشتی دەوێت" و ئاماژەی بەوەشکرد لە دژی هێرشەکان بەرخۆدان دەکەن.

'ئێمەی کورد هێرش لەسەر ڕۆژئاوا قبوڵ ناکەین'

هەروەها محەممەد ئۆجالان ڕایگەیاند؛ تورکیا بە پێی خۆی تۆمەت دروست دەکات و هێرش دەکاتە سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا. بانگەوازی ئێمە بۆ تورکیا ئەوە؛ ڕۆژئاوا یەک تەقەی بەرەو تورکیا نەکردووە. تورکیا دەیەوێت گەلانی ئەوێ لەناو ببات. تورکیا لەوێدا ژیان بە ئامانج دەگرێت. ئێمەی کورد هێرش بۆ سەر ڕۆژئاوا قبوڵ ناکەین. گەڵیک بە ناسنامەی جیاواز لە ڕۆژئاوا دەژین. کێشەی کورد دەبێت بە ڕێگای دیموکراتیک چارەسەر بکرێت. ئەگەر تورکیا چارەسەری دەوێت، سەرەتا دەبێت چارەسەرێک بۆ کێشەی کورد پەیدا بکات".

ڕاگەیاندراوەکە بە چەپڵە و دروشمی "ڕۆژئاوا نەکەوت و ناکەوێت" کۆتایی هات.