لە هەولێر یادی سەردەشت عوسمان شەهیدی قەڵەم کرایەوە
لە گوندی گرد عازەبان لە پارێزگای هەولێر یادی سەردەشت عوسمان کرایەوە و ژمارەیەکی بەرچاو لە چالاکوانان و کەسایەتیەکانی شارەکە بەشداریان تیادا کرد.
لە گوندی گرد عازەبان لە پارێزگای هەولێر یادی سەردەشت عوسمان کرایەوە و ژمارەیەکی بەرچاو لە چالاکوانان و کەسایەتیەکانی شارەکە بەشداریان تیادا کرد.
لە ١٢هەمین ساڵیادی تیرۆرکردنی سەردەشت عوسمان مەراسیمێک لە گوندی گرد عازەبان لە سەر گڵکۆی ئەو شەهیدە ئەنجامدرا.
لەدوای گوێگرتن لە دواین وتەکانی شەهیدی قەڵەم کە تیادا باسی لە تارمایی کوشتنی دەکات، دواتریش وتاری چەندین ڕێکخراو لایەنی ئامادەبووی مەراسیمەکە خوێندرایەوە.
ریکخراوی سەردەشت عوسمان بۆ ئازادی گۆتارێکی بڵاوکردەوە و دواتریش وتەی نوێنەری دەستگیرکراوانی بادینان پێشکەشکرا.
بنەماڵەی شەهید سەردەشت لە مەراسیمەکەدا ڕایانگەیاند، دۆسیەی ئەو شەهیدە بەکراوەیی دەهێڵدرێتەوە تا ئەو کاتەی کە دەسەڵاتێکی دادپەروەر دەبێت و هەموو ئەو لایەنانەی بەشداریان کردووە لە تیرۆرکردن و پەردەپۆشکردنیدا سزا دەدرێن.
لە مەراسیمەکەدا ژمارەیەک لە پەرلەمانتاران و فراکسیۆنە جیاوازەکان بەشداریان کرد و وتەیان پێشکەش کرد و پشتیوانی خۆیان بۆ ئازادی بیروڕا و رۆژنامەگەری ڕاگەیاند.
هەر لەو مەراسیمەدا تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان وتارێکی پێشکەشکرد کە تیادا هاتبوو، کوشتنی ڕۆژنامەنووسان نیشانەیەکی زۆر زەقی دەستەڵاتی تۆتالیتار و گەندەڵە، ئەگەر دەستەڵاتیک باوەڕی بە خۆی و بە گەلەکەی هەبێت هەرگیز پەنا بۆ کوشتنی دەنگی گەل و دەنگی ئازار و ئازادیەکانی نیشتمان نابات.
لە وتارەکەدا باس لەوەشکراوە، سەردەشت عوسمان نەک هەر شایەنی ئەوە نەبوو کە بەرامبەری ئەنجامدرا، بەڵکو دەبایە ئەو جۆرە لە بوێری و غیرەت و هۆشیاریە، ساڵانە خەڵات کرابا.
ف.ق