لە کامپی پەنابەرانی مەخمور یەکەم ئاگری نەورۆز کرایەوە

لە کامپی پەنابەرانی شەهید رۆستەم جودی (مەخمور) یەکەم ئاگری نەورۆز کرایەوە.

لە کامپی پەنابەرانی شەهید رۆستەم جودی (مەخمور) بە پێشەنگایەتیی بزووتنەوەى ژنانی گەنجی مەخمور  (تەژەجەمە - TJCM)  دەست بە پیرۆزبایی نەورۆز کرا.

پیرۆزبایی نەورۆز هەموو شەوێک لە لایەکی کامپەکەدا بەڕێوەدەچێت. لەو چوارچێوەیەشدا دوێنێ شەو یەکەم ئاگری نەورۆز لە بەشی شەهید رووباردا کرایەوە. شوێنی چالاکییەکە بە وێنە و پۆستەرەکانی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی ورد و ئاڵاکانی پەکەکە رازێنرابوونەوە.

پیرۆزباییەکە بە خولەکێک رێزگرتن بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستیپێکرد. دوای رێزگرتنەکە مزگین کارا بە ناوی بزووتنەوەى ژنانی گەنجی مەخمور  (تەژەجەمە - TJCM)  وتەیەکی پێشکەشکرد و باسی لە ئاگری نەورۆز کرد، کە لەلایەن کاوەی ئاسنگەرەوە هەڵکراوە و سیمبولی سەرکەوتنە بۆ گەلی کورد.

 کارا راشیگەیاند، نەورۆز لە عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد، لە گەریلاکان، لە گەلی کورد و هەموو بەشداربوانی مەراسیمەکە پیرۆز دەکەم.

دوای پێشکەشکردنی وتەکان، ئاگری نەورۆز لە ٣ شوێندا کرایەوە و لەگەڵ بەرزبوونەوەى بڵێسەى ئاگرەکان دەنگی هەلهەلە و هاواری دروشمەکانی "بژی سەرۆک ئاپۆ" و "نەورۆز پیرۆز" لە گۆڕەپانەکە دەنگیدایەوە.

دوای کردنەوەى ئاگرەکە، بەشداربوان بە دەم وتنەوەى سرود و گۆرانیەوە گۆڤەند و شاییان گێڕا.

بەشداربوان لە ناو ئەو جۆش و خرۆشەى پیرۆزبایی نەورۆزدا بۆچوون و هەستی خۆیان لەبارەی نەورۆزەوە بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) خستەڕوو. دانیشتوان بە دڵخۆشییەوە نەورۆزیان پیرۆز کرد و داوایان لە گەلی کورد کرد ئەمساڵ بە جۆش و خرۆشێکی گەورەوە بەشداری لە پیرۆزباییەکانی نەورۆزدا بکەن.

ژ.ت