لە کەرکوک دوو چەکدار تەقە لە پۆلیس دەکەن و ئەفسەرێک بریندار دەکەن

لە شاری کەرکوک دوو چەکدار تەقە لە ئەفسەرێکی پۆلیسی فریاکەوتنی شارەکە دەکەن و برینداری دەکەن.

لە شاری کەرکوک، لەماوەی دوو هەفتەدا بۆ جاری دووەم لەلایەن چەکدارانی نەناسراو بە سواری ماتۆڕسکێڵەوە هێرش دەکرێتە سەر ئەفسەرانی پۆلیس لە شارەکە، جێگای باسە ڕووداوی تەقەکردن لە هێزە ئەمنیەکان و هاووڵاتیانی شاری کەرکوک رۆژ لەدوای رۆژ لەزیادبووونە، لەماوەی دوو هەفتەدا ئەم دووەمجارە ئەفسەرانی پۆلیس بکرێنە ئامانج، کە شەوی سێشەممەی هەفتەی ڕابردوو بە هەمان شێوە ماتۆڕسوارێک تەقەی لە ماڵی عەمید غەریب بەڕێوەبەری پۆلیسی نەوجەوانانی کەرکووک کرد و بەهۆیەوە پاسەوانێکی کوژرا.

ئەمڕۆ هەینی-ش لە نزیک نەخۆشخانەی گشتیی کەرکوک دوو کەس ماتۆڕسکێڵەوە تەقەیان لە هێزەکانی پۆلیسی فریاکەوتنی کەرکوک کرد و ئەفسەرێک بەناوی عەلی شەهاب ئەحمەد کە پلەی مولازمی پلە یەکە لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا برینداربوو.

بە ووتەی پۆلیسی کەرکوک، "ماتۆڕسکیلێک دوو کەسی لەسەر بووە و دەموچاوی خۆیان پێچاوە، لە شەقامی ئەتڵەسەوە هاتوون، لەوکاتەدا مەفرەزەیەکی پۆلیسی فریاکەوتن رایاندەگرن بۆ لێکۆڵینەوە، سەرنشینی ماتۆڕەکە تەقەی لە هێزەکەی پۆلیسی فریاکەوتن کردووە و ئەفسەرێک بە دوو فیشەک برینداربووە".