لە کەرکوک شاندێکی یەکێتی سەردانی تەڤگەری ئازادیی کرد

لە شاری کەرکوک، شاندێکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان (یەنەکە) سەردانی تەڤگەری ئازادیی کرد، تەڤگەری ئازادی بە شاندەکەی یەنەکەی ڕاگەیاند: "پاڵپشتی هەر لیستێک دەکەین کە ببێتە خاوەن پرۆژەیەک خزمەتی شاری کەرکوک و خەڵکەکەی بکات".

ئەمرۆ چوارشەممە شاندێکی مەڵبەندی دووی ڕێکخستنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، لەسەر ئاستی کەسی یەکەم لە شاری کەرکوک، بەسەرپەرشتی ڕەوەند مەلا مەحمود سەردانی بارەگای ئەنجوومەنی هەرێمی کەرکوکی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستانیان کرد، لەلایەن کۆمەڵ سەرمەد هاوسەرۆکی هەرێمی کەرکوکی تەڤگەری ئازادییەوە پێشوازی لەو شاندە کرا کە بەمەبەستی تاوتوێکردنی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکای کەرکوک سەردانەکە ڕێکخراو و تیدا جەختکرایەوە لەسەر یەکڕیزی کورد لە شارەکە.

لەلای خۆیەوە کۆمەڵ سەرمەد هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی هەرێمی کەرکوکی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، سەبارەت بەو سەردانەی یەکێتی بۆلایان بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات ووتی: "ئەمڕۆ شاندێکی یەکێتی نشتیمانی کوردستان، بە سەرپەرشتیی رەوەندی مەلا مەحمود لێپرسراوی مەڵبەندی دووی ڕێکخستنی کەرکوکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سەردانی بارەگای تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستانیان کرد لە شارەکە".

سەبارەت بەو بابەتانەی کە تاوتوێ کران لە کۆبوونەوەکە، هاوسەرۆکی کەرکوکی تەفگەری ئازادی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات ڕایگەیاند: " سەردانەکەی شاندەکەی یەکێتی نشتیمانی کوردستان بەمەبەستی جەختکردنەوە لەسەر دروستکردنی یەک لیستی بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک بوو، هەروەها باس لەوەش کرا کە کار بۆ یەکڕیزیی نێوماڵی کورد لە شاری کەرکوکدا بکرێت".

لە کۆتایدا کۆمەڵ سەرمەد هاوسەرۆکی هەرێمی کەرکوکی تەڤگەری ئازادی راشیگەیاند: ئێمەوە وەک تەڤگەری ئازادی بە شاندەکەی یەکێتی نشتیمانی کوردستانمان ڕاگەیاندووە کە پێویستە یەک لیست هەبێت کە  زۆر تریین پارت، لایەن و کەسەیەتی شاری کەرکوک لە چواردەوری خۆی کۆبکاتەوە، هەروەها ئێمەش پاڵپشتی هەر لیستێک دەکەین کە ببێتە خاوەن پرۆژەیەک خزمەتی شاری کەرکوک و خەڵکەکەی بکات، ئەوکاتە ئێمە وەک تەڤگەری ئازادیی ئامادەین بەشداری بەو لیستە بکەین و خزمەت بەو پرۆژەیە بکەین کە لەبەرژەوەندی خەڵکی شارەکە بێت".