لە کەرکوک سیمینارێک لەبارەی ١٥ی تەباخ جەژنی ژیانەوە بەڕێوەچوو
لەشاری کەرکوک، بەبۆنەی ساڵیادی ١٥ی تەباخ جەژنی ژیانەوەی کورد، بۆ ناساندنی بزوتنەوەی و شۆرشەکانی کورد سیمینارێک لەژێر ناونیشانی(قۆناغەکانی بزوتنەوەی رزگاریخوازی کورد) سازکرا.
لەشاری کەرکوک، بەبۆنەی ساڵیادی ١٥ی تەباخ جەژنی ژیانەوەی کورد، بۆ ناساندنی بزوتنەوەی و شۆرشەکانی کورد سیمینارێک لەژێر ناونیشانی(قۆناغەکانی بزوتنەوەی رزگاریخوازی کورد) سازکرا.
کاتژمیر ٦:٠٠ی ئێوارەی ئەمڕۆ لەشاری کەرکوکی باشوری کوردستان، لەلایەن حوسێن کەرکوکی ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی کۆنگرەی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستان، لەژێر ناونیشانی(قۆناغەکانی بزوتنەوەی رزگاریخوازی کورد)، بەئامادەبوونی ژمارەیەک کەسایەتی سیاسی، چالاکوان، رۆشنبیر و هاوڵاتیانی شارەکە سیمینارێک سازکرا.
سیمینارەکە بەدەستپێشخەری گروپی هۆشیاری گەنجان و میوانداری کتێبخانەی کارێزەوە ئەنجامدرا، لەسەرەتای سیمینارەکە حوسێن کەرکوکی، ساڵیادی ١٥ی تەباخی لە بنەماڵەی شەهیدان، گەریلا ئازادەکانی سەر چیاکانی کوردستان، ئامادەبووانی سیمینارەکە و گەلی کورد پیرۆز کرد، وتی: ١٥ی ئتەباخ قۆناغێکی مێژووی بوو بۆ زیندووکردنەوەی ناسنامەی گەلی کورد و ژیانەوەی گەلی کورد.
پاشان باسی لە سەرەتای دروستکردنی چەک لەلایەن مرۆڤەوە کرد، هەروەها تیشکی خستەسەر ئەوەی مرۆڤەکان سەرەتا بۆ خۆپاراستن چەکیان داهێنا، بەڵام دوای لادانی مرۆڤ لە سروشتی کۆمەڵگایی خۆی، مرۆڤ چۆن ویستی بۆ دەستگرتن بەسەر مرۆڤ و بەرهەمەکان دەستی پێکرد و مرۆڤەکان دەستیاندا بەڕاوکردن و دوای چەندین قۆناغ و پێکهێنان تیرە و خێڵ و عەشیرە، لەنیوانیاندا جەنگی فراوانبوونی دەسەڵات و کۆنترۆڵکردن ناوچە دەستیپێکرد.
پاش پێشکەشکردنی سەرەتاکە، لە سیمینارەکە حوسێن کەرکوکی، باسی قۆناغی دروستکردنی ئیمپراتۆری و دەوڵەت کرد و وتی:"دوای دامەزراندنی دەوڵەت و ئیمپراتۆریەکان، عەقڵیەتی داگیرکردن و فراوانبوونی دەسەڵات بووە هۆکاری تەواوی جەنگەکان لەم قۆناغەدا".
پاشان ناوبراو هاتەسەر باسکردنی هەوڵی لەناوبردنی کورد لەلایەن دوژمنان و هۆشیاری کورد بۆ پێکهێنانی پارتی سیاسی و پاشان کورتەیەکی لە پەیماننامەی سایکس بیکۆ باس کرد ، پاشان باسی لە خەباتی کورد کرد لە رۆژەهەڵاتی کوردستان و تیشکی خستەسەر کۆماری مەهاباد و بەرگرینەکردن لەو کۆمارە و وتی: "هێزەکانی کۆماری مەهاباد لەژێر فەرماندەیی خێڵەکی مایەوە، کاتێک کە پیلانگێری هەبوو بۆ لەناوبردنی کۆماری کوردستان، ئەو هێزانە بەرگریەکی ئەوتۆ ناکەن، پاشان دوای کۆماری مەهابادیش چەندین پارتی دیکە دروستبوون، سەڕەڕای قوربانییەکانی ئەو حزبانە نەیانتوانی سوود لە ڕابردوویان وەربگرن و نەگەیشتەنە ئەنجام بۆ چارەسەری دۆزی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان".
پاشان باسی شۆرشی باشوری کوردستانی کرد و پارتە سیاسیەکانی باشوری کوردستانی کرد و باسی شەری ناوخۆ و ڕاپەرینی باشوری کرد و ڕایگەیاند: "باشوری کوردستان درێژترین خەباتی چەکداری هەیە لەگەڵ دوژمندا، تێکۆشانی باشوری کوردستان و هێزەکانی پێشمەرگە توانیبوویان زەبر لە تەواوی رژێمە یەک لەدوای یەکەکانی عیراق بدەن، دوای ساڵی ١٩٦٨سیاسەتی حکومەتی عێراق دەگۆردرێت کە حزبی بەعس دێنە سەر دەسەڵات هەوڵی ڕێککەوتن لەگەڵ کورد دەدەن بەڵام سەرکەوتوو نابن و بە ڕێککەوتنی ١١ی ئازار گفتوگۆی نێوان حکومەتی عێراق وکورد کۆتایی هات، کاتێک حکومەتی عێراق ئامادەکاری دەکات بۆ لێدان لە شۆرشی کورد بەڵام لایەنی کوردی هیچ خۆئامادەکارییەکی نەکرد بۆ ڕووبەرووبوونەوەی حکومەتی عێراق، کە لەم قۆناغەدا کورد زەرمەند بوو".
پاشان باسی بزوتنەوەی شۆرشگێری کوردی کرد لە باکوری کوردستان و ئەو ستەمەی کە لەکورد دەکرا لە داننەنان بە زمان، کلتور و هەبوونی کورد، هەروەها باسی لە شۆرشەکانی شێخ سەعیدی پیران و سەید ڕەزای دەرسیمەوە دەستی پێکرد، تا گەیشتە دامەزراندنی پەکەکە و ئەوەی خستەڕوو: "بەرێز ئۆجالان و هاوڕێکانی پێش دامەزراندنی پەکەکە مێژووی کوردستانیان باش خوێندبووەوە و پاشان دەستیان کرد بەهەوڵدان بۆ زیندووکردنەوەی گەلی کورد، چونکە بەرێز ئۆجالان وتی، ئەگەر ئێمە هزر و ئایدلۆژیامان نەبێت ئەوە ناتوانین گەلی کورد زیندوو بکەینەوە، بۆیە سەرەتای پەکەکە بە پەروەرە دروستبوو، بەرێز ئۆجالان دەستی کرد بەڵێکوڵینەوە لە مێژوو، کۆمەڵگا و تاکی کوردەوە لە چەندین ڕووی جیاوازەوە، پاش لێکۆڵینەوەکان بۆی دەرکەوت کە کورد هەڵسوکەوتەکانی لەداگیرکەری بەسەر سەپێندراوە و پەیڕەوی دەکات".
پاشان باسی لە ئامادەکاری بۆ هەڵمەتی ١٥ی تەباخ کرد کە ماوەی ٣٩ ساڵە ئەو خەباتە بەردەوامە، حوسێن کەرکوکی وتی: " لە ١٥ی تەباخی ساڵی ١٩٨٤ بەفەرماندەیی هەڤاڵ عەگید، یەکەم جار بوو لەدوای شەری دووەمی جیهان لە ئەندامێکی ناتۆ بدرێت، هەرچەندە توانا و ژمارەکان کەمبوون بەڵام ئیرادەیان بەهێزبوو، بەهۆی ئیرادەی بەهێزی هەڤاڵانی نێو پەکەکە توانرا لە دەوڵەتی تورکیا بدرێت، ١٥ی ئاب ترسی گەلی و هەیبەتی سوپای تورکیای شکاند، لە سەردەمێکدا کە کورد توابووەوە دان بەبوونی نەدەنرا، ١٥ی تەباخ و تێکۆشانی پەکەکە هیوایەکی گەڕاندەوە و روحی پەخشیە رێبازی تێکۆشان، هەروەها خەباتی پەکەکە هیوایەکی بەخشیە تەواوی گەلانی ناوچەکە".
هەرووها باسی لەوەش کرد جیاوزی پەکەکە لەگەڵ حزبە کوردییەکانی دیکەی هەرچوارپارچەی کوردستان ئەوەیە، کە پەکەکە بە مۆڵەتی هیچ وڵاتێک دانەمەزرا، هەروەها بۆ یەکەمجار کە ژنان رۆڵی کارا بگێرن لە شۆرش و خەباتی ئازادی گەلی کورد، لەناو پەکەکە ژن پێگەی هەیە و فەرمانداری دەکات، ئەم هەڵمەتەش ناونرا هەڵمەتی ژیانەوە چونکە تاکی کورد پێش هەڵمەتەکە تاکێكی شکاو بوو.
هەروەها باسی لە ڕۆڵی هەردوو وڵاتانی ئێران و عێراق کرد لە بەکارهێنانی حزبە کوردییەکان لەبەرژەوەندی خۆیان دژ بەیەکتر، بەڵام پەکەکە ئەم ڕێچکەیەی شکاند و ئەو عەقڵیەتەی ڕەتکردەوە کە باوەڕی بەوەبێت تەنها بەپشتیوانی ولاتێک بتوانێت خەبات بکات، بەڵکو پەکەکە تەنها پشتی بەگەلی خۆی بەست.
هەروەها ناوبراو تیشکی خستەسەر بەهاناچوونی کوردانی پارچەکانی دیکەوە بۆ باشور لەکاتی شەری دژی تیرۆرستانی داعش، کە چۆن خوێنی گەریلا و شەرڤان لەگەڵ پێشمەرگە تێکەڵ بووە لەشەری بەرگری لە خاکی باشور دژ بە داعش، هەروەها چوونی پێشمەرگە بۆ کۆبانی بە ساتێکی مێژووی گرنگ وەسف کرد لە مێژووی خەباتی کورد. ڕەخنەشی لەوە گرت کە عەقڵیەتی پارچەگەری بەسەر فەرماندە سەربازییەکانی باشوری کوردستانەوە زاڵە.
لەکۆتایدا حوسێن کەرکوکی ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی کۆنگرەی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستان، باسی لە کارەساتی شەنگال کرد و تیشکی خستەسەر بەجێهێشتنی ئێزدییەکان لەلایەن هێزەکانی پەدەکەوە و ڕایگەیاند: "بەداخەوە کە هەزارن پێشمەرگەی پەدەکە لە شەنگال هەبوون، بەڵام بەبێ هیچ بەرگریەک گەلی ئێزدییان ڕادەستی چارەنووسی جینۆساید کرد، ئەمەش بەهۆی لاوازی ئیرادە و نەبوونی ئایدلۆژیای نەتەوەیی و هەست نەکردن بە بەرپرسیارێتی لەئاست پاراستنی نەتەوە و خاک،.
لە شەنگال بینیمان ئەوەی بەرگری لە گەلی ئێزدیی کرد تەنها بزوتنەوەی ئاپۆچی بوو کە بۆ پاراستنی گەلی ئێزدیی سنورە دەستکردەکانی کوردستانیان بەزاند و فریای کوردانی ئێزدی کەوتن."
ف.ق