لە مەخمور هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر باشووری کوردستان شەرمەزارکرا

خەڵکی کەمپی مەخمور بە ڕێپێوانێکی جەماوەری هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیان بۆ سەر خاکی باشووری کوردستان شەرمەزار کرد.

خەڵکی کەمپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی (مەخمور) بە ئامانجی شەرمەزارکردنی هێرشەکانی دەوڵەتی قڕکەری تورک بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بۆ سەر خەڵکی مەدەنی باشووری کوردستان، ڕێپێوانێکی جەماوەرییان ئەنجامدا.

خەڵکی کەمپەکە لەبەردەم بینای دامەزراوەی بنەماڵەی شەهیدان کۆبوونەوە و بە درووشمی "بمرێ خیانەت" و "شەهید نامرن" و "بژی سەرۆک ئاپۆ" تا بەردەم بینای نەتەوە یەکگرتووەکان ڕێپێوانیان کرد. لەوێ هاووتەبێژی دیوانی مەجلیسی گەلی مەخمور نودەم یامان ڕاگەیاندراوی خوێندەوە.

نودەم هێرشەکانی دەوڵەتی فاشیستی تورکی بۆ سەر باشووری کوردستان شەرمەزار کرد و ڕایگەیاند دوژمن ناتوانێت بە کوشتن و تاڵان و هێرش گەلی کورد لەناوببات، بە شەهیدبوون و قوربانیدان شۆڕشی پەکەکە و ئەو شۆڕشەی بەرهەمی فیکری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانە لەناوناچێت و تۆڵەی شەهیدان دەکرێتەوە، گوتی: "بەم هێرشانە دەیانەوێت تێکۆشان و بەرخۆدان تێک بشکێنن، گەلی کورد چاوترسێن بکەن، بەڵام باش بزانن، گەلی کورد بە کوشتن لەناوناچێت".

یامان بانگەواز لە گەلی عێراق و بەتایبەت گەلی باشووری کوردستان کرد هەنگاوبنێن و بە دەوڵەتی تورک بڵێن بەسە، داوای لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کرد بەرامبەر کۆمەڵکوژییەکانی دەوڵەتی تورک بێدەنگ نەبن، گوتی: "پێویستە ئەوانەی خۆیان بە پارێزەری مافەکانی مرۆڤ ناودەبەن، دەستبەجێ خاوەنداری لە مافی ئەو کەسانە بکەن کە دەکوژرێن. بەم بۆنەیەوە وەک خەڵکی پەنابەر و تێکۆشەری کەمپی مەخمور سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهیدەکان دەکەین، سەرەخۆشی لە گەلی کورد و خەڵکی کەمپی مەخمور دەکەین".

پاشان ڕێپێوانەکە بە درووشمی "شەهید نامرن" و "بمرێ خیانەت" کۆتایی هات.