لە قلەبان دیواری بەنداوێک درزی بردووە و گەل لە دڵەڕاوکێدان
لە قلەبان دیواری بەنداوی کاڤشاکتەپە درزی بردووە، گەل نیگەرانن و لە دڵەڕاوکێدان و داوادەکەن رێگری لە کارەسات بکرێت.
لە قلەبان دیواری بەنداوی کاڤشاکتەپە درزی بردووە، گەل نیگەرانن و لە دڵەڕاوکێدان و داوادەکەن رێگری لە کارەسات بکرێت.
لە ساڵی ٢٠٠٩ دا لە ناوچەی قلەبانی شڕنەخ لەسەر چەمی هێزل ٢ و لە سەر چەمی رۆبۆزکیش ٥ بەنداو دروسکران. بەدروسکردنی ئەو بەنداوانە چەندین جۆر رووەک و ئاژەڵ لەناوبران. دروستکردنی بەنداوەکان کە تێکدان و لەناوبردنی ژینگەی لێکەوتووەتەوە، ئێستا مەترسی لەسەر ژیانی مرۆڤەکان دروست کردووە.
هەروەها دوو ساڵ بەر لە ئێستاش باس لەوەکرابوو کە بەهۆی ئەوەی دیوارەکانی بەنداوەکان بە کۆنکرێتی هەرزان دروستکراون، لە دیواری بەنداوەکان لە نزیک گوندەکانی کرۆر، بلیح، رۆبۆزک و شوێت ئاویان لێدەردەچێت. دانیشتوانی گوندەکانی دەوروبەری بەنداوەکە نیگەرانن و ئێستا ژیانی ٤ هەزار کەس لە دانیشتوانی ناوچەکە لە مەترسیدایە.
لەو بەنداوانە بەنداوی کاڤشاکتەپە لە تەنیشت گوندی نێروەی ناوچەی قلەبان دروست کراوە. لەو دیمەنانەی تۆمار کراون دەردەکەوێت کە دیواری بەنداوەکە تەقیوە و ئاوی لێدەچێت. ئەو ئاوەی لە بەنداوەکەوە دەڕژێت بووەتە مایەی نیگەران و مەترسی دروست کردووە.
حسێن کاچماز پەرلەمانتاری شڕنەخی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) پێش ئێستا پێنیازە پرسێکی ئاراستەی وەزارەتی دارستان و کشتوکاڵ کردبوو، تیایدا رایگەیاندبوو، "سکاڵای جدیی هەن کە دیواری بەنداوەکە درزیان تێکەوتووە، بەنداوەکە ئاوی لێوەدێت، ئەگەری هەیە گوندەکان بکەونە ژێر ئاوەوە، دانیشتوانی گوندەکان ژیانیان پارێزراو نییە" و بەمەبەستی پرساندن پرسیاری ئاراستە ئەو وەزارەتە کردبوو.
سەرباری ئەو دیمەنانە، وەزارەتی کشتوکاڵ و دارستان لەوەڵامەکەیدا بۆ پرسیارەکانی کاچماز رایگەیاندبوو کە هیج مەترسییەک لە ئارادا نییە.
هـ . ب