لە قەڵەمی مەعسوم کۆرکمازەوە - ١

بۆ گەلەکەمان تاکە ڕێگای رزگاری ئەوەیە، کە لە بەرەی بەرخۆدانی یەکگرتوودا لە دژی فاشیزم بێت، بە چالاکیی یەکگرتوانەی هێزە شۆڕشگێڕ، دیموکراتیک، پێشکەوتنخواز، وڵاتپارێز و نیشتمانپەروەرەکان  فاشیزم هەڵدەوەشێتەوە.

بۆ گەلەکەمان تاکە ڕێگای رزگاری ئەوەیە، کە لە بەرەی بەرخۆدانی یەکگرتوودا لە دژی فاشیزم بێت، بە چالاکیی یەکگرتوانەی هێزە شۆڕشگێڕ، دیموکراتیک، پێشکەوتنخواز، وڵاتپارێز و نیشتمانپەروەرەکان  فاشیزم هەڵدەوەشێتەوە.

بۆ گەلانی تورکیا و کوردستان! ئەنجوومەنی سەربازیی فاشیستیی چەوسێنەری داگیرکەری ١٢ی ئەیلولی دەست خوێناوی و دەم لیکاوی بە پشتیوانی ئەمریکا و کردارە فاشیستییەکانی، لە شەڕی لە ناوبردن و سەرکوتکردن دا، کە دوو ساڵە لە دژی گەلانمان بەڕێوەی دەبەن، هەوڵ دەدەن کراسێکی سپی لەبەر بکەن و کراسی شەڕە خوێناوی و پیسەکەیان لە خۆیان بکەنەوە. دەیانەوێت بەوە  ڕەوایی بە خۆیان بدەن. بۆ ئەوەى بتوانن ئەو میکانیزم و دام و دەزگایانەى خۆیان هەمیشەى بکەن و تاڵانی، داگیرکەری، چەوساندنەوە و گوشارەکانیان لە ڕێگەی دەستوورەوە بە ئەنجامدانی ڕیفراندۆمێک بچەسپێنن.

ئەنجوومەنی سەربازیی فاشیست لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتییە دوو ساڵەیەکەیەوە هەژاری، بێکاری، تاڵانی، کوژرانی سەدان کەس لە گەلەکەمان، ئەشکەنجە، زیندان، ئازار و فرمێسکی بۆ گەلە زەحمەتکێشەکەمان هێناوە. بۆ ئەوەی بتوانێت بۆرژوازی تاکڕەوی و تاکپەرەست و نۆکەر، کە نوێنەرایەتیی دەکات لە خنکان رزگار بکات، بە شێوەیەکی بێسنوور تاڵانی، داگیرکاری، زەوتکردن و چەوساندنەوە ئەنجام دەدات. بۆ ئەوەی بۆ هێرشەکانی ئیمپریالیزمی ئەمریکا بۆ سەر ناوچەکە ببێتە ناوەند و بارەگا، کە ئەوەش غوڵامی و کۆیلەیەتییە، بۆ ئەوەی وڵاتەکەمان بکاتە بارەگا و بنکەیەکی 'هێزی خێرا'، بەبێ دوودڵی دەجوڵێتەوە و ئەوەش لە وتاری سەرکردەی ئەنجوومەنی سەربازی کەنعان ئەڤرەن دا لە خولی ناساندنی دەستووریدا سەلمێنرایەوە.

مافە ئابووری، کۆمەڵایەتی و دیموکراتیکەکانەی کە بە تێکۆشان و زەحمەتی کرێکاران و زەحمەتکێشان لە بورژاوزی سەندرابوون،  هەمووی بە فەرمانێکی دەستەجەمعی لە دەستیانی دەرهێنایەوە، دەرفەتی کاری سەندیکایی، مانگرتن و پەیمانی کۆمەڵایەتی لە ناوبران. لە کارگەکاندا کرێکاران لەژێر سایەی تفەنگی کۆماندۆکاندا و بە شێوازی کۆیلەکردن وەک سەردەمی ئەڵمانیای هیتلەری فاشیست، بە کرێیەکی زۆر کەم کاریان پێدەکرێت. بەهۆی لاوازیی بەرهەمهێنان و مایەپووچیی ڕۆژانەوە چەندین کارگە دادەخرێن و هەزاران کرێکار، کە لەو شوێنانەدا کار دەکەن بێکار دەبن.

گوندنشینە هەژارەکان لە ژێر نیری برسێتیدان

گوندنشینە هەژارەکان خراونەتە دۆخێکەوە، کە ناتوانن پێداویستییەکانی ژیان و بژێویی خۆیان دابین بکەن، بە زۆر ناچاری برسێتی،  هەژاری و ناخۆشی کراون و ناچارکراون بەو شێوەیە بەردەوامی بە ژیانیان بدەن.

دوکاندارانی بچووک و نیمچە گەورە هەموو ڕۆژێک مایەپووچ دەبن و هەم ناتوانن هەقی ئەو بەرهەمەی، کە فرۆشتویانە لە دەڵەت وەربگرنەوە، هەم ناتوانن تێچوو و خەرجیی بەرهەمهێنان و باج بدەن، بەو شێوەیە دەبنە قەرزاری دەوڵەت.

کەمی مووچەی فەرمانبەران، نەبوونی دەرفەتی کڕین، هەزاران کارمەند و فەرمانبەر ناچارکراون لە بوارەکانی خزمەتگوزاری و پاککردنەوە و حەماڵی دا کار بکەن و دەیان هەزاریشیان لەسەر کارەکانیان دوور دەخرێنەوە و ڕۆژانەش هەژاری لەزیادبووندایە.

لە قوتابخانەکاندا ئایدیۆلۆژیای فاشیستی - شۆڤێنی و کەلتووری داتەپیو و گەندەڵی ئیمپریالیستی بە گەنجان دەوترێتەوە، پەروەردەیی بنەڕەتیش لەو چوارچێوەیەدا کار دەکات. کاتێک خوێندکاران ناڕەزایی دەردەبڕن، یەکەی پۆلیس و جەندرمە بە قوتابخانەکاندا بڵاو دەکرێنەوە و خوێندکاران دەستگیر دەکرێن و ئەشکەنجەیان دەدەن و بە توندی لێیان دەدرێت.

سانسۆڕی تاریک بەسەر هەموو دەزگاکانی ڕاگەیاندندا دەسەپێنرێت. ڕۆژنامەگەری ناتوانێت ئازادانە کار بکات و سەرباری ئەوەش  لایەنگرانی ئەنجومەنی سەربازیی فاشیستی بەسەر چاپەمەنیەکاندا دەسەپێنرێن، بەگشتی هیچ دامەزراوەیەکی سیاسی و دەوروبەر  دەرفەتی بەرەوپێشچونیان پێ نادرێت. کۆمەڵگا لە کەش و هەوایەکی تاریکدا ڕاگیراوە، ئەو سەپاندن و دۆخ و ئامارە جەماوەرییانە بە هیچ شێوەیەک قابیلی قبوڵ نییە و داوا دەکرێت پەیوەندییەکانی نێوان تاک و کۆمەڵگا بپچڕێت.

لە کوردستان گرتن و کۆمەڵکوژیی دڕندانە هەیە

لە کوردستان بە ئۆپەراسیۆنی دەستگیرکردن و هەڵکوتان، ڕاوکردنی دژ بە شۆڕشگێڕان بەردەوامە، کۆمەڵکوژی دڕندانە ئەنجام دەدرێت. دامودەزگای خێزان، کە لە لایەن گەلەکەمانەوە بە پیرۆز دادەنرێت، لە کوردستان تێکدەشکێت و کۆچکردن بەسەر خەڵکەکەماندا دەسەپێنرێت. چەندین گوند سوتاون و چۆڵکراون، دەست بەسەر کەلوپەل و بەرهەمی بژێویان، ماڵ و موڵکی هاوڵاتیاندا گیراوە. بە پێشێلکردنی تێگەیشتن و عەقڵیەتی شەرەفی گەلەکەمان، ژنانمان پێشکەش بە سەربازانی سوپای فاشیست کران.

لە زیندانەکاندا کادیران و لایەنگرانی پەکەکە خۆبەدەستەوەدان ڕەتدەکەنەوە، بۆیە بە قورسترین شێوە ئەشکەنجەی سەخت دەدرێن. لەبەرامبەر بەرخۆدانی هەڤاڵانمان و دڵسۆزیان بۆ گەل و شۆڕش و حزب دا، لەم پێناوەدا گیانی خۆیان بەخت دەکەن، ئەنجوومەنی  سەربازیی فاشیستەکان کەوتووەتە دۆخی شڵەژان و شپرزەییەوە و بە لە سێدارەدان ئەو خەڵکانەمان دەکوژێت و لە ناویان دەبات.

ئەنجوومەنی سەربازیی فاشیستی – داگیرکەر ئەو کردەوە ئازاردەرانە بەسەر گەلەکەماندا دەهێنێت و دەیەوێت دەستوورە بنەڕەتیەکەی بەزۆر بەسەر گەلەکەماندا بسەپێنێتو گەلەکەمان قبوڵی بکات، ئەو قسەیەی ئەوان، کە دەڵێن، "گەڕانەوە بۆ دیموکراسی" تەنیا سەفسەتەیەکە، مەبەستیان لە گەڕانەوە بۆ دیموکراسی بۆ داپۆشینی دیکتاتۆریی فاشیستی – سەربازیەکەیانە. ئەو ئاستە، کە سەرمایەداریی تاکڕەوی تاکپەرەست لە تورکیا پێی گەیشتووە بووەتە هۆی ئەوە بە بەردەوامی ژیانی تەنگاو بێت و ئەو سەرمایەداریشە تەنها بە فاشیزم بەڕێوەدەچێت، لەم خاڵەدا هەنگاوێک بۆ پێشەوە نانێن.

دەستووری ئەنجومەنی سەربازی دەسەپێنرێت

پەرلەمان و حکومەت بە دەستوورێکی نوێ دادەمەزرێن، بەوەش درێژە بە سیاسەتی ئابووری بۆرژوازی تاکڕەوی تاکپەرەست دەدرێت و دەبنە دامەزراوە بۆ جێبەجێکردنی ئەوانە، هەموو ئەرکە سیاسی و دادوەرییەکان لەلایەن دەستەی ئاسایشی نەتەوەییەوە ئامادە و دیاری دەکرێن، کە هەموو ئەندامەکانیان پێکهاتوون لە ئەندامانی ئەنجومەنی کودەتای سەربازیی فاشیستیەکە. ئەم دەزگایە دەبێتە بەرزترین دامەزراوەی بڕیاردان و یاسادانان. دەستوری بنەڕەتی ئەنجوومەنە سەربازییەکە دەیانەوێت ئەوە بسەپێنن و ئازادیی بیروڕا  و ڕۆژنامەگەریی وەک ئەرکی بە کۆمەڵ، پەیمانی مانگرتن – جەماوەری، گردبونەوە، خۆپیشاندان و مافی دروستکردنی کۆمەڵە و سەندیکاکان بە توندی لادەبرێت و دەخرێنە ژێر کۆنترۆڵی دیکتاتۆریی فاشیستییەوە.

پەرەسەندنی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیی چینی ناوەڕاست و زەحمەتکێشانی کۆمەڵگەدا بەو یاسایانە کۆتاییان پێدێت و ڕادەوەستێت و ڕێگە بە ئۆپۆزسیۆنێکی ئابووری ڕوون نادرێت. ئەگەر دام و دەزگایەک لەسەر ئەم دەستوورە دیکتاتۆرییە سەربازییە  فاشیستییە دامەزرا، ئەوا هیچ جیاوازییەکی نابێت لەوانەى پێشووی خۆی، چونکا ئەوە بەپێی یاسا و شێوازەکانی ئەو ئیدارە و دەسەڵاتە کار دەکات. تۆفان و لافاوی داگیرکەری و کۆلۆنیالیزم، سەرکوت و توندوتیژی و هاربوونەکەى ناوەستێت، بە پێچەوانەوە زیاتر دەبێت و تاڵانی دەکات و کۆتایی بە دوا هەلی دارایی و ماددیی گەلەکەمان دەهێنێت. بەهۆی نائومێدی لە نێو جەماوەر و ڕای گشتی دا لە  ئەوروپا و کۆمەڵگای دەوروبەری بۆرژوازیدا، دیکتاتۆریی سەربازیی فاشیستی دەیەوێت ئەو ببینرێت، کە "گواستنەوەی ئیدارەی مەدەنی" جێبەجێ دەکات.

هەروەک کەنعان ئەڤرەن بەم دواییانە لە ئەنتالیا وتی، پێویستە سوپا بۆ هێرشبردن و دەستتێوەردان لە ڕووداو و پێشهاتەکانی ناوچەکەدا خۆی ئامادە بکات و ئێمە بۆ ئەوە ئامادەی دەکەین. ئەنجومەنە سەربازییە فاشیستییەکە دوای جێبەجێکردنی بەشەناوخۆییەکانی بەرنامەکەی، دەست دەکات بەجێبەجێکردنی بەشی دووەمی جوڵەکردن بە پلانی ئەمریکا بۆ دەستتێوەردان لە هەرێمەکەماندا. ئەنجوومەنە سەربازییە فاشیستییەکە بە ڕوونی ئامانجەکانی خۆی دەستنیشان کردوە.

تاکە رێگای ڕزگاربوون بۆ گەلەکەمان بەرخۆدانی یەکگرتووە لە دژی فاشیزم

شۆڤێنیزم هەڵمەتێکی وروژاندن و هاندانی دەستپێکرد و جەماوەر و ڕای گشتیی بەو هەڵمەتە ژەهراوی کردووە، بەڵام ئامانجەکەیان پێچەوانە کراوەتەوە، بەڵێ ئەنجوومەنی سەربازیی فاشیستی دەیەوێت بە پەسەندکردنی دەستوور ئامانجەکانی خۆی بەدەست بهێنێت، کە ئەمەش بۆ گەلەکەمان مانای وێرانکاری و هەڵوەشانەوە و ئازارە. دروشمەکانی 'تورکیای گەورە'، کە لە دواین گەشتی کەنعان ئەڤرەن بە سەرۆکایەتیی ئەو دەوترایەوە مەرامەکانی ئەوانی ئاشکرا کرد.

دەستووری بنەڕەتیی بە زۆر و زۆرداری داگیرکاری و کۆمەڵکوژی بەسەر گەلانی تورکیا و کوردستان و ناوچەکەدا دەسەپێنێت، چونکا دەستورێکی فاشیستییە.

بڕیارە لە ٧ی تشرینی دووەم دا ئەم دەستوورە بخرێتە دەنگدانەوە، بۆیە دەبێت گەلەکەمان بە وەڵامی 'نەخێر' وەڵامی ئەو دەستوورە  بداتەوە.

تاکە ڕێگای ڕزگاربوون بۆ گەلەکەمان ئەوەیە لە بەرەی بەرخۆدانی یەکگرتوودا لە دژی فاشیزم بوەستنەوە و دەبێت شۆڕشگێڕان، دیموکراتیکەکان و هێزە پێشکەوتوخوازەکان بە چالاکییە یەکگرتووەکانیان فاشیزم لە ڕێگەی شۆڕشەوە بڕوخێنن!.

-  بمرێ دیکتاتۆڕی فاشیستی - سەربازی!

-  سەرکەوتن بە تێکۆشانی بەرخۆدانی یەکگرتووی گەلانمان بەدی دێت!

-  بژی بەرەی بەرخۆدانی یەکگرتوو لە دژی فاشیزم!

(نامیلکەکە و بڵاوکراوەی 'بەرەی بەرخودانی یەکگرتوو لە دژی فاشیزم' لەلایەن مەعسوم کۆرکماز (عەگید) لە ساڵی ١٩٨٢دا بە نوێنەرایەتی (FKBDC-PKK-Îran-Iraqê) و بە ناوی بەرەی بەرخودانی یەکگرتوو نووسراوە).

ژ.ت