لە شاری سێرت شارەوانیی فرە زمانی دەست پێدەکات

بەربژێری هاوسەرۆکایەتی شارەوانی سێرت – دەم پارتی سەفیە ئاڵاگاش ڕایگەیاند، ئەوان دەست بە خزمەتگوزاری شارەوانی فرە زمانی لە شارەکەدا دەکەن و هەموو کێشەکان لەگەڵ گەلدا چارەسەر دەکەن.

دەم پارتی بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە خۆی بۆ شارەوانی سێرت ئامادە دەکات کە لەلایەن قەیومەوە دەستی بەسەردا گیراوە. سەفیە ئالاگاش کاندیدی هاوسەرۆکایەتی شارەوانی ڕایگەیاند، دژی گواستنەوەی هێزەکانی دەوڵەتین کە وەک 'دەنگدەر،' دەستیان بۆ دەنگدەرانی بێ بڕیار و بێ چالاک درێژ دەکەن.

حزبی ئاکەپە لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٩ شارەوانی سێرتی دۆڕاند، بەڵام دوای ساڵێک ئیدارەی شارەکەیان لە ڕێگەی قەیومەوەگرتە دەست. شارەوانی سێرت هەموو دەرفەتەکانی پێشکەش بە دامەزراوەکانی دەوڵەت و شەریکەکانی کرد. لە هەڵبژاردنە گشتییەکانی ساڵی ٢٠٢٣دا، ڕێژەی دەنگەکانی ئاکەپە بۆ ٩٪ کەم بووەوە. بۆیە ئێستا دەستی کردووە بە گواستنەوەی دەنگدەران لە شارەکانی دیکەوە بۆ هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان. ناڕەزایەتییەکانی دەم پارتی لە لایەن دەسەڵاتی دادوەری کە لە ژێر دەسەڵاتی حکومەتەکەی ئەردوغاندایە ڕەتکرایەوە. سەفیە ئالاگاش بەربژێری ناوچەی بەرواری باڵایە بۆ هاوسەرۆکی شارەوانی سێرتی دەم پارتی.

سەبارەت بە هەڵبژاردنەکان ئاڵاگاش قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات کرد و ڕایگەیاند، بەهۆی قەیومەکانەوە هیچ خزمەتگوزارییەک لە شارەکەدا نەکراوە، سەرەتا کێشەیەی ئاو چارەسەری دەکەن کە ساڵانێکە چارەسەر نەکراوە.

لەشارەوانیدا خزمەتگوزاری فرە زمانی دەست پێدەکەین

ئاڵاگاش ئاماژەی بەوەشکرد، شارەوانییەکی فرە زمان دادەمەزرێنن، کە یەکێکە لە پێوەرەکانی دەم پارتییە و وتی، "دەمانەوێت بە پێی بارودۆخی ئێستا ئەم پڕۆژەیە جێبەجێ بکەین".

ئالاگاش ڕایگەیاند کە ئەوان گرنگی بە هەلی کار بۆ ژنان دەدەن، بۆ ئەمەش پڕۆژەیان هەیە و وتی:"ئێمە شوێنی ژیان بۆ ژنان دروست دەکەین. هەروەها شوێنی داڵدەدانی ژنان دروست دەکەین، کەشێک بۆ ژنان دروست دەکەین کە بتوانن کێشەکانیان دەرببڕن و کار بکەن".

ئالاگاش وەبیری هێنایەوە کە یەکێک لە پێوەرە گرنگەکانی شارەوانی گەلی دەم پارتی، لە ئامێزگرتنی هەموو بەشەکانی کۆمەڵگایە و وتی: "لەم شارەدا تەنیا کورد یان عەرەب نییە، شارێکی فرە ڕەنگە کە خەڵکێکی زۆر پێکەوە دەژین. بۆیە ئێمەش لە هەمبەر بەشەکانی کۆمەڵگا دەمانەوێت لە چوارچێوەی پێوەرەکانی خۆمان شارەوانییەکی فرە زمانی، فرە کولتوری، فرە ئایینی دروست بکەین، سێرت شارێکی زۆر زمان و کولتوورە، ئێمە بەپێی پێویستییەکانی ناوچەکە باخچەی ساوایان بە زمانی کوردی و عەرەبی دروست دەکەین".

هەروەها ئاڵاگاش ڕایگەیاند، ماڵ بە ماڵ، شەقام بە شەقام، چالاکییەکانی هەڵبژاردن بەڕێوەدەبەن، دەنگدەرانی بەبڕیار ڕازی دەکەن، دەنگدەری چالاک دەهێنن و داوا دەکەن بەشداری هەڵبژاردن بکەن.