لە شەنگال بە ٣ خولەک ڕێزگرتن یادی شەهیدانی فەرمانەکە دەستیپێکرد

لە شەنگال یادی شەهیدانی فەرمانەکە بە ٣ خولەک ڕێزگرتن دەستیپێکرد. ئێوارەش ڕێپێوانێکی جەماوەری و مەراسیمێک سازدەکرێت.

لە ٨هەمین ساڵیادی فەرمانی ٣ی ئابدا، لە ٢٠ی تەموزەوە بە پێشەنگایەتیی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیکی شەنگال زنجیرەیەک چالاکی رێکخرا.

ئەمڕۆ ساڵیادی ڕۆژی فەرمانەکەیە، کە بەهۆی هەڵاتنی پارتی (پەدەکە) و سوپای عێراقەوە هەزاران ئێزدی کۆمەڵکوژ کران و ڕفێندران و سەدان هەزار هاوڵاتیش ئاوارە بوون.

سەرەتا لە کاتژمێر ١٠:٠٠ بۆ ١٠.٣ی پێش نیوەڕ بۆ ڕێزگرتن لە یادی گیانبەختکردوانی فەرمانی سەر شەنگال، لە ناوەندی شەنگال و هەموو کۆمەڵگاکان ٣ خولەک ڕێزگرتن بەڕێوەچوو.

هەروەها ئاو لەسەر ڕێگا سەرەکیەکان و گۆڕەپانەکان دابەش دەکرێت. هەروەها بۆ یادکردنەوەی ٣ی ئاب کاتژمێر ١٧:٠٠ ڕێپێوانێکی جەماوەری رێکدەخرێت.

ڕێپێوانەکە لە بەردەم دەورەی یەرموک دەستپێدەکات و تا بینای ئەنجومەنی گەلی شەنگال بەردەوام دەبێت. دوای رێپێوانەکە مەراسیمێک بەڕێوەدەبرێت.

ژ.ت