ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری شنگال کە لە ٨ی کانوونی یەکەمەوە دەستی بە هەڵمەتی کۆکردنەوەی هاوکارییەکان بۆ کۆچبەرانی ڕۆژئاوا کرد، لە ٢٠ی مانگەوە هاوکارییەکان ئامادەکراون و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری شنگال ڕایگەیاند؛ چاوەڕێی وەڵامی دەسەڵاتدارانی عێراقن بۆ گەیاندنی هاوکارییەکان کە لە١٢ بارهەڵگری گەورە پێکدێن.
ئەنجوومەنی خۆبەرێوەبەری و دیموکراتیکی شنگال لەگەڵ سەرجەم ڕێخراوەکانی و تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی (تاژێ) هەڵمەتێکیان بۆ کۆکردنەوەی هاوکاریی بۆ کۆچبەرانی تل ڕفعەت و شەهبا دەستپێکرد کە بەناچاری ڕوویان لە ناوچە ئارامەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا کردووە.
هەڵمەتەکە لە سەرجەم گوند و شارۆچکەکانی شنگال بەڕێوەچوو و گەل هاوکارییەکانی خۆیان پێشکەش کرد. بەپێی ئەو زانیارییانەی لە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەرییەوە گەیشتووە، لە ئەنجامی هەڵمەتەکەدا کە بەشێکی زۆر لەو بنەماڵانەی کە بەم دواییە گەڕاونەتەوە بۆ شنگاڵ بەشدارییان کردووە و ١٢ بارهەڵگری گەورە هاوکاری کۆکراونەتەوە. جێی ئاماژەیە لە ٢٠ی مانگەوە چاوەڕێی وەڵام و مۆڵەتی دەسەڵاتدارانی عێراق دەکەن بۆ تێپەڕبوونی هاوکارییەکان لە دەروازەی سنوورییەوە.
ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری ڕایگەیاند، پێیان وابوو ئەگەر لە شنگاڵەوە هاوکاری بۆ باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ئامادە بکرێت، دەستبەجێ دەگەیەندرێتە دەستی ئیدارەی خۆبەرێوەبەری ڕۆژئاوا.
بەڵام هەرچەندە ١٣ ڕۆژ تێپەڕیوە، هێشتا وەڵامێکی ڕوون لە لایەن بەرپرسانی حکومەتی عێراقەوە وەرنەگیراوە و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە پەیوەندیدان بۆ ئەوەی هەرچی زووتر هاوکارییەکان بگەیەندرێتە دەستی ئیدارەی ڕۆژئاوای کوردستان. بەڵام چاوەڕین لە ماوەیەکی کەمدا هەتا کۆتایی هەفتە هۆکارەکان ڕوون ببێتەوە.