لە شەنگال دژی گۆشەگیری کۆبوونەوەیەکی جەماوەری ئەنجامدرا

تەڤگەری ئازادیی ژنانی ئێزدی– تاژێ لە شارۆچكەی خانەسۆر لە شەنگال، سەبارەت بە گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد ئۆجالان كۆبووەوە؛ لە كۆبوونەوەكەدا باس لەوەکرا بۆ ئەوەی تۆڵەی داعش بكرێتەوە، گۆشەگیری سەر ڕێبەر ئۆجالان زیاد دەكرێت.

لە شەنگال چالاكییەكانی تاژێ لەسەر گۆشەگیری توندی بۆ سەر ڕێبەری گەلی كورد، عەبدوڵا ئۆجالان بەردەوامە و لەو چوارچێوەیەشدا ئەمڕۆ لە شارۆچكەی خانەسۆر لە شەنگال كۆبوونەوەیەک سەبارەت بە گۆشەگیركردنی ڕێبەر ئۆجالان بەڕێوەچوو.

كۆبوونەوەكە بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە هاوڵاتیان بەڕێوەچوو، لای خۆیەوە سلالێ شەنگالی، بەناوی ژنان و دایكانی شەنگالەوە سڵاوی لە ڕێبەر ئۆجالان و گەریلاكانی هەپەگە – یەژا ستار كرد و وتی: ئەوە ٢٣ ساڵە سەرۆک ئاپۆ لە ژێر گۆشەگیرییەكی تونددایە و لە ماوەی حەوت مانگی ڕابردوودا هیچ زانیارییەک لەبارەیەوە نییە، هەموو شتێک تەنانەت كتێب و دەفتەریشیان لێسەندەوە، جگە لە سەرۆک هیچ كەسێكی تر ناتوانێت بەرامبەر ئەم ستەمە خۆڕاگری بكات.

سلالێ شەنگالی باسی لەوەشکرد، ئێمە قەرزاری هزر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆین بە تایبەت ژنانی ئێزدی، ئەمڕۆ دایكان و ژنانی شەنگال لەسەر هزر و ڕامانی ڕێبەر ئاپۆ خۆڕاگرن و خۆیان ڕێكخستووە.

لای خۆشیەوە دایكە شەمێ وتی: توندكردنەوەی گۆشەگیری سەر ڕێبەر ئاپۆ و خۆگەیاندنە خوێندکارەکانی لە كۆمەڵگای ئێزدی لە یەک جیا نین و وتیشی، تا كۆتایی خاوەنداری لە ڕێبەر ئۆجالان دەكەن.

دایە شەمێ ئاماژەی بەوەش كرد، لە سایەی هزر و ڕامانی ڕێبەر ئۆجالان، ئەمڕۆ جیهان ئاشنایە بە شەنگال و كۆمەڵگەی ئێزدی، بەڵام دەوڵەتی تورک بۆ ئەوەی لەو هزر و ڕامانە ڕزگاریان بێت، هەوڵی چۆڵكردنی شەنگال دەدەن. ئاسانکاری دەکەن بۆ کۆچکردنی ئێزدییەکان، لە پێناو داگیرکردنی شەنگال و دەیانەوێت مێژووی هەزاران ساڵی ناوچەکە لەناوبەرن.

دایە شەمێ لە درێژەی وتەکانیدا باسی لەوەشکرد: “بەر لە فەرمانی ساڵی ٢٠١٤ هۆشداری لە مەترسییەکانی سەر شەنگال دابوو، کە ئەگەر ئەو ناوچیە پارێزگاری لێنەکرێت، کارەساتێکی وەها ڕوودەدات کە چەند هێندەی هەڵەبجە گەورەترە”.

دوای وتارەكانی تایبەت بە ژیانی عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری گەلی كورد، فیلمێک نمایشكرا و كۆبوونەوەكە بە دروشمی “بژی ئاپۆ” كۆتایی پێهات.

ف.ق