لە سلێمانی بۆ چلەی شەهید کاروان مەراسیمێک سازکرا

مەراسیمێکی شکۆدار لە شاری سلێمانی، بۆ چلەی شەهید محەمەد مەلەکی، شۆڕشگێڕ و خەباتکاریی ڕاگەیاندنی ئازاد، ناسراو بە کاروان هۆرام سازکرا.

لە ماڵی سندی لە شاری سلێمانی، مەراسیمی چلەی، شەهید محەمەد مەلەکی ناسراو بە کاروان هۆرام، شۆڕشگێڕیی ئازادیی کوردستان و ئەندام و خەباتکاریی یەکێتی ڕاگەیاندنی دیموکراتی-یەرەدە، بە شکۆوە دەستیپێکرد.

لە مەراسیمەکەدا کۆمەڵێک لە ڕۆژنامەنووسان و هاوڕێ و هاوکارانی شەهید کاروان هۆرام و چەند کەسایەتییەکی ئازادیخواز بەشدارییان کرد.

سەرەتا لەلایەن کەسوکاریی شەهیدانەوە چل مۆم داگیرسێنران، بۆ ڕێزگرتن لە ڕۆحی شەهید کاروان هۆرام.

دواتر بەڵگە فیلمێک لەبارەی ژیان و تێکۆشانی شەهید کاروان پیشاندرا.

دوای بەڵگە فیلمەکە باوکی شەهید پۆلی قسەی کرد و وتی، : پێویستە هەموو کاتێک لەسەر رێباز و تێکۆشانی شەهید کاروان هۆرامی بین. ئامانجی و خەیاڵی، ئامانج و خەیاڵی هەموو ئازادیخوازانە. بەم بۆنەیەوە سەری رێز و نەوازش بۆ رۆحی پیرۆزی شەهید کاروان و هەموو شەهیدانی رێگەی ئازادی دادەنەوێنم.

لە کۆتایی رێورەسمەکەدا رێباز حەسەن هاوڕێی شەهید کاروان هۆرامی قسەی کرد و رایگەیاند، شەهید کاروان لە رووی رۆحیەوە تاوەکو دوایی لەگەڵیاندا دەژی و هەستەکانی بەم شێوەیە دەربڕی، " شەهید کاروان کەسێکی شۆڕشگێر، تێکۆشەر و ئازادیخواز بوو. هەموو پێوانەی جوانی و واتاداری لە کەسایەتی شەهید کارواندا هەبوو. بەر لەوەی بەشداری لە تێکۆشانی ئازادیدا بکات، گۆڤارێکی بۆ پەروەردەی منداڵان لەسەر ئەرکی خۆی دەردەکرد. بەڵام بەوە رازی نەبوو و رووی لە چیاکانی کوردستان کرد. تاوەکو شەهیدیش بوو، هیچ کاتێکی بە بەتاڵی تێنەدەپەڕاند، هەموو وزە، هەڵوێست و کەسایەتی و هێزی خۆی بۆ خزمەتی شۆڕش بەکار دەهێنا. کەسایەتیەکی رۆشنبیر و خاوەن توانایەکی گەورەی فکری و فەلسەفی بوو."

دواتر لەلایەن هاوڕێکانی شەهیدەوە، قسە لەسەر ژیان و رێبازی تێکۆشانی شەهید کاروان کرا. هەمووان رایانگەیاند کە شەهید کاروان نەمرە و بەڵێنی بەردەوامیدان بە رێبازی شەهیدانیاندا.

شەهید کاروان هۆرامی (محەمەد مەلەکی) شۆڕشگێری تەڤگەری ئازادی کورد و ئەندامی یەکێتی راگەیاندنی دیموکراتی ( یەرەدە) بوو.  لە گوندی جاوەڕۆ سەر بە شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایک بووە. ١٥ ساڵ لەنێو خەباتی تێکۆشانی ئازادی کورد و میدیای ئازاددا کاری کردووە. لە ١٤ی نیسانی ٢٠٢٣ لە چیاکانی ئازادی کوردستان بەهۆی نەخۆشیەوە شەهید بوو.

ف.ق