لە سلێمانی بەهۆی تەقینەوەیەک لە سیستمی گازی ماڵاندا ٨ کەس گیانیان لەدەستدا و ٦ی دیکە بێسەروشوێنن

لە گەڕەکی کازیوەی شاری سلێمانی، بەهۆی تەشەنەی گاز لە ماڵێکدا تەقینەوەیەکی گەورە ڕوویدا و بە هۆیەوە وێڕای زیانی گەورەی ماددی، ٨ کەس گیانیان لەدەستدا و ٦ی دیکە بێسەروشوێنن و ٩ کەسیش برینداربوون.

ئەمشەو پێنجشەممە، لە گەڕەکی کازیوەی شاری سلێمانی باشوری کوردستان، بەهۆی تەشەنەی گاز لە سیستمی گەرمکەرەوەی شۆڤاژی ماڵێکدا تەقینەوەیەکی زۆر گەورە ڕوویدا.
لە ئاکامی تەقینەوەکەیدا، ماڵەکە کە لە سێ نهۆم پێکهاتووە خاپوور بووە و چەندین ماڵی دەوروبەری و ژمارەیەکی زۆر ئۆتۆمبێڵ زیامەندبوون. هەروەها بەگوێرەی ئامارەکان ٨  کەس گیانیان لەدەستداوە کە یەکێکیان منداڵە و لانی کەم  ٩ کەسی دیکەش برینداربوون. هەروەها تا ئێستا ٦ کەسیش بێسەروشوێنن و گەڕان بەدوایاندا بەردەوامە.
دەوترێت لە کاتی تەقینەوەکەدا، وێڕای خاوەن ماڵ، چەندین خێزان کە سەرجەمیان نزیکەی ٢٥ کەسێک بوون لە ماڵەکەدا بوون و سەرقاڵی ئاهەنگی لەدایکبوونی ئەندامێکان بوون.

فەرمانگەی تەندروستی سلێمانی ڕاگەیاندوە: تیمەکانی فریاگوزاری خێرا و بەرگری شارستانی لە شوێنی تەقێنەوەکە ئامادەبوون و ٨ تەرم و ٩ برینداریان لە ژێر داروپەردووی ماڵە داڕووخاوەکەدا دەرھێناوەتەوە و ڕەوانەی پزشیکی دادا و نەخۆشخانەکانیان کردوون. هاوکات تا ئەم ساتانەش گەڕان بەشوێن ئەوانی دیکەدا درێژەی هەیە.
وێڕای ئەوەی ڕاگەیێندراوە: تەقینەوەکە بەهۆی تەشەنەی گاز لە سیستمی گەرمکەرەوەی شۆڤاژی ماڵەکەدا ڕوویداوە، بەڵام لایەنە پەیوەندیدارەکان دەستیان بە لێکۆڵینەوە لە وردەکاریەکانی چۆنییەتی کەوتنەوە ڕووداوەکە کردوە.

هـ.هـ