سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، لە شاری سلێمانی، تەڤگەری ئازادی بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمیتەی ئازادی عەبدوڵا ئۆجەلان بە مەبەستی شەرمەزارکردنی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی لە دژی ڕێبەری گەلی کورد عەبدولا ئۆجالان، لە چوارچێوەی هەڵمەتی "ئازادیی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەر بۆ پرسی کورد" چالاکیی مانگرتنی یەک ڕۆژەیان ئەنجامدا.
ژمارەیەکی بەرچاو لە وڵاتپارێزان، ئازادییخوازان و کەسانی سیاسیی بەشدارییان لە چالاکییەکە کرد، لە سەرەتادا بەشداربووان خولەکێک بەبێ دەنگی بۆ ڕێزلێنان لە ڕۆحی شەهیدان وەستان، دواتر حاجی ئازاد، بەشداربوویەکی مانگرتنەکە، ئیدانەی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی ١٥ی شوباتی ١٩٩٩ی کرد و وتی: "ئەم مانگرتنە لە دوای ٢٥ ساڵ لە گەلەکۆمەی نێونەتەوەیی دژ بە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و بە ئامانجی ئازادیی جەستەیی و پشتگیرییکردن و بەردەوامییدان بە خەباتی دایکانی ئاشتیی و زیندانییانی سیاسیی لە باکووری کوردستان بەڕێوەدەچێت."
وتیشی: "گۆشەگییرکردن و ڕێگرییکردن لە بینینی ڕێبەر ئۆجالان، گەورەترین نادادییە و پەردە لەسەر ئەو درۆیە هەڵدەدات، کە مافی مرۆڤی جیهانی بەگوێی جیهانیدا داوە و ڕووی ڕاستیان ئاشکرا دەکات، چونکە ئەم کردەوەیە دوورە لە هەموو بەهایەکی ئەخلاقی مرۆڤانە. "
دواتر، دڵشاد عوسمان، ئەندامی ئەنجوومەنی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، لە بارەی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی ١٥ـی شوباتی ساڵی ١٩٩٩ دژ بە گەلی کورد لە کەسایەتی عەبدوڵا ئۆجالاندا سیمینارێکی پێشکەشکرد و ڕایگەیاند، ڕاستە پیلانگێڕییە لە ساڵی ١٩٩٩دا ئەنجامدرا، بەڵام لە ڕاستییدا سەرەتاکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٨٦ بە تاوانبارکردنی ڕێبەر ئاپۆ و پەکەکە بە تیرۆر و خستنە ناو لیستی تیرۆرەوە، کە بەشێکی زۆر لە دەوڵەتەکان لەم پیلانگێڕییەدا بەشداربوون.
هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، گەلی کورد لە لێکۆڵینەوەکاندا توانیوییەتی بەشێک لە لایەنەکانی ئەم پیلانگێڕییە نەک تەنها لە ئاستی گەلی کورددا، بەڵکو بۆ جیهانیش ئاشکرا بکات، بەڵام هێشتا بەشێک لە لایەنە تاریکەکانی ئەم پیلانگێڕییە نێونەتەوەییە، کە لە ژێردەستی دەزگا هەواڵگرییە گەورەکاندا ماوەتەوە و ئاشکرا نەبووە، لە جیهاندا گەلێک نمونەی پلانگێڕیی هەن دژ بە گەلان، بەڵام وێنەی ئەم گۆشەگیرییە ٢٥ ساڵەیە لە جیهاندا بوونی نەبووە.
لە هەڵمەتەکەدا، یەکێک لە کتێبەکانی ڕێبەری گەلی کورد بە ناویی ( بەناوی سیستەمی زیندانی ئیمڕاڵی ) خوێندرایەوە، کە لە بەشێکی کتێبەکەدا هاتووە، عەبدوڵا ئۆجالان لە دیدارەکانیدا وتبووی:" بەرخۆدانم لە ئیمڕاڵی، پەردە لادانم لەسەر پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی، شێوەپێدانێکی پارادایمە نوێیەکەم، کە لە بەرگرینامەکانمدا باسم کردوە، پڕکردنەوەی بۆشاییەکانە بەو تێزە نوێ و پێکهاتە ئایدۆلۆژییەی لە بابەتی هاوکاریدانم بە شۆڕشی جیهانی لە ژێر پاشماوەی وێرانەکەی سۆسیالیزمی بونیادنراو دایە"، هاوکات گەنجان و بەشداربوونی مانگردنەکە، داوای ئازادیی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانیان کرد.
هـ . ب