لە سلێمانی پانێڵێک بۆ هەڵمەتی ئازادی بەڕێوەچوو

لە چوارچێوەی هەڵمەتی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد" لە شاری سلێمانی پانێڵێک بەڕێوەچوو. لە پانێڵەکەدا باس لە گرنگی هەڵمەتەکە کرا، بانگەواز کرا بۆ خاوەندارێتیکردن و فراوانکردنی هەڵمەتەکە.

بە پێشەنگایەتی کۆمیتەی ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان لە باشور، بە هاوکاری دەستەی بەڕێوەبەری هەڵمەتی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد" لە هۆڵی خاکی شاری سلێمانی لە باشوری کوردستان، پانێڵێک بە ناونیشانی "کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک، ڕێگەچارەی ئاشتی و پێکەوەژیانی گەلانە" بەڕێوەچوو.

لە پانێڵەکەدا کەسێتییەکانی وەک محەمەد ئەمین پێنجوێن، هەروەها ژمارەیەک ڕۆشنبیر و نوسەر و سیاسەتمەدار و چالاکوان و هاوسەرۆکانی تەڤگەری ئازادی و بەڕێوەبەرانی ڕژاک، هاوسەرۆکانی نوێنەرایەتی شەنگال و خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، ئامادە بوون.

بەشداربووانی پانێڵەکە بریتیبوون لە دکتۆر حەکیم عەبدولکەریم ئەندامی کۆمیتەی ئازادیی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، ڕۆزەرین کەمانگەر بەرپرسی دیبلۆماسی کەژار، عادل عوسمان نووسەر و چالاکوان.

پاش خولەکێک ڕێزگرتن بۆ شەهیدانی شۆڕشی ئازادی کوردستان پانێڵەکە دەستی پێ کرد.

"ڕێگەچارە ڕێبەر ئۆجالانە"

د. حەکیم عەبدولکەریم تیشکی خستە سەر ئەوەی قەیران و ئاڵۆزییە هەنوکەییەکانی کوردستان تا دێت قووڵتر دەبنەوە. دووپاتی کردەوە، بەهۆی سیاسەتی قەیراناوی مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییەوە، گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوین و بەتایبەت گەلی کورد لە ئازار و نەهامەتییەکی قووڵدان. گوتی: "ڕێگەچارە ڕێبەر ئۆجالانە".

هەروەها د. حەکیم تیشکی خستە سەر پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی دژی ڕێبەر گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و هاوکاری دەوڵەتان لەم پیلانگێڕییەدا.

پاشان بەرپرسی دیبلۆماسی کەژار، ڕۆزەرین کەمانگەر، باسی لە هۆکاری گرنگیدانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بە ژن و ژیان کرد، ئاماژەی بەوە کرد، ئەمە بەو واتایە دێت، پێویستە بگەڕێینەوە بۆ ڕەگ و ڕیشەی کێشەکان و لەوێوە چارەسەر بدۆزینەوە.

زیهنیەتی پیاو دەکوژێت

ڕۆزەرین ئاماژەی کرد بە پێشەنگایەتی ژن لە تێکۆشاندا، گوتی: "ئەمڕۆ دەبینین بەهۆی زیهنیەتی پیاوەوە کوشتنی ژنان لە جڤاکدا بەردەوامە. ئەمە ڕەوشێکی جڤاکی نییە. بەڵکو دەسەڵات ئەمە لە جڤاکدا پێش دەخات".

هەروەها گوتی: "ئەمڕۆ بەرخۆدانی ژنان لە گۆڕەپانەکانی گەریلا بەرامبەر داگیرکەری تورک، پێشتر وەک یەپەژە بەرامبەر زیهنیەتی پیاو و هێزی تاریکی داعش، بوونەتە نموونەیەک".

ڕۆزەرین کەمانگەر ڕایگەیاند، هەندێک کەس ڕەخنەیان لێ دەگرتین و دەیانگوت "ئێوە ژنتان لە ژنبوون خستووە، ژن وەک گوڵ ناسکە، ئێوە ڕەق و زبرتان کردوون"، گوتی: "پاش ئەوەی ژنان لە شەڕی دژی داعش، بەتایبەت لە ڕۆژائاوای کوردستان، ڕۆڵێکی سەرەکی و پێشەنگایەتییان گێڕا، ئیتر هاتن و ڕەخنەیان لە خۆیان گرت".

ژن ژیان ئازادی بەشەکانی جڤاکی پێکەوە کۆکردەوە

کەمانگەر ئاماژەی کرد بە شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" و گوتی: " کاتێک ئەم شۆڕشە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەستی پێکرد، دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" بەرزکرایەوە. بۆ یەکەمین جار یەکێک لە ڕۆشنبیر و کەسێتییەکانی ئێران گوتی کە تا ئێستا ئێمە بەدوای دروشمێک دەگەڕاین کە هەموومان کۆبکاتەوە و ئەم دروشمەی "ژن، ژیان، ئازادی" هەموومانی کۆکردەوە. ئەمەش بە ڕوونی ئەوە دەردەخات کە ئەمڕۆ تەنها بەم دروشمە دەتوانرێت ڕێگەچارەکان پەرەپێبدرێت".

"عەبدوڵا ئۆجالان خاوەنی چارەسەرە"

پاشان نوسەر و چالاکوان، عادل عوسمان، گوتی: "پێویستە باس لە چەمکی نەتەوەپەرستی و دەوڵەتپەرستی لە باشووری کوردستان بکەین. ئەمڕۆ ئەگەر هێرش دەکەنە سەر ڕێبەر ئۆجالان، هۆکارەکەی ئەوەیە بەڕێز ئۆجالان خاوەنی پڕۆژەی چارەسەرییە. ئەمڕۆ لە میانمار، لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا بڵاوکرایەوە، باس لە دڕندەیی و هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک دەکرا. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە تێکۆشانی ئێستا چەندە گەردوونییە. بەم هۆیە، گۆشەگیری لەسەر بەڕێز ئۆجالان ئەنجام دەدەن. چونکە وەک د. حەکیم عەبدولکەریم باسی کاریگەری گۆشەگیری کرد، ئەوان دەیانەوێت دەنگی بەڕێز ئۆجالان نەگاتە گەلان".

عادل عوسمان، هاتە سەر باسی مەخمور و گوتی: "ئەمڕۆ لە کەمپی مەخموور، کە پەنابەرانی باکوری کوردستان تێیدا دەژین، لەبەرئەوەی سیستەمێکیان بنیات ناوە کە پشتی پێدەبەستن، هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ لەناوبردنی ئەو سیستەمە".

"چارەسەر بە ئازادی جەستەیی ئۆجالان پێکدێت"

لە کۆتاییدا، عوسمان، باسی لە گرنگی ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد کرد و گوتی: "چارەسەری پرسی کورد بە ئازادی جەستەیی بەڕێز ئۆجالان پێکدێت. بۆیە تا ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ئازاد نەبێت، پرسی کورد چارەسەر نابێت".

پاشان، پانێڵەکە بە پرسیار و وەڵام کۆتایی هات.