لە سلێمانی یادی شەهید قەڵەم سەردەشت عوسمان کرایەوە
لە سلێمانی کۆمەڵێک لە ڕۆژنامەنوسان و چالاکوانان یادی ١٢ ساڵەی شەهید سەردەشت عوسمان کردەوە.
لە سلێمانی کۆمەڵێک لە ڕۆژنامەنوسان و چالاکوانان یادی ١٢ ساڵەی شەهید سەردەشت عوسمان کردەوە.
هەموو ساڵێک ڕۆژنامەنوس و چالاکوانان لە شار و ناوچە جێاوازەکانی کوردستان یادی ئەو شەهیدە دەکەنەوە. داوا دەکەن بکوژانی بدرێتە دادگا، بەڵام بە پێچەوانەی داخوازیەکانی گەل دەسەڵات تۆمەتی دایە پاڵ شەهید سەردەشت و سینارۆیان بۆ دروست کرد.
ئەمرۆش وەک ساڵانی تر ڕۆژنامەوانان لە هەریەک لە شاری سلێمانی هەولێر کۆبوونەوەی بە چالاکی ئەو تاوانەیان شەرمەزار کرد، وەک سیمبوڵ بۆ تێکۆشانی قەڵم و مەدەنی ڕۆژنامەوانان لە سەکۆی ئازادی پارکی ئازادی شاری سلێمانی دار زەیتونیان چاند.
لە مەراسیمەکە کە بەیانامەیەکی هاوبەش ئامادەکرابوو، هیمن مامەی ڕۆژنامەوان بەینامەکەی خوێندەوە کە تێدا هاتبوو:" ئەمڕۆ ١٢ ساڵ بەسەر تیرۆری سەردەشت تێدەپەڕێت، بەڵام لای ئێمە هێشتا ٥ی ٥ی ٢٠١٠ یە و ئەو ساتەیە کە تەرمی بێناز و بەناحەق کوژراوی سەردەشتمان لەشەقامەکانی موسڵ دۆزیەوە، هێشتا خوێنی سەردەشت گەرمە و هەڵمی ئەوین و ئازادی لێ بڵند دەبێت."
هاوکات ئەوەشی تێدا هاتبوو:" ئەگەر دادگا سەروەر بووایە و بکوژانی سەردەشت بدرابانە بە دادگایەکی عادیلانە ، ئەوا جەلاد و ترسنۆکەکان زاتی ئەوەیان نەدەکرد لەدوای سەردەشت، کاوە گەرمیانی و وەدات حسێن و ئەوانی تر تیرۆر بکەن."
لە درێژەی بەیانامەکەدا ڕۆژنامەوانان ئاماژەیان بەوەش کردبوو:" شێروان و هاوڕێکانی لەزیندانی خێڵن و دەیان کەسی ئازادیخواز لەسەر بیروڕای جیاواز ، یان لەسەر لایک و کۆمێنت و تەنانەت ئیمۆجیەک لەزیندانەکانن، ئەم دەسەڵاتە خۆسەپێنە بنەماڵیە ٣٠ ساڵە لەڕێگەی برسیکردن و بڕینی قوت و موچە و هێنانی لەشکری دوژمنان، ڕۆژانە خەڵکی ئازادیخواز و بەش مەینەتی کوردستان تیرۆر دەکات."
لە کۆتایی بەیانامەکە ئەوەش هاتبوو:" لەکۆتاییدا دەڵێین بە دڵنیاییەوە ڕۆژێک دادێت، دۆسیەی سەردەشت عوسمان یەکێک دەبێت لە دۆسیانەیە کە سەرانی دەسەڵاتداری کوردی لەسەری دادگایی دەکرێن. ئەوانەی لە پشتی تیرۆرەکە وەستاون، ئەوانەی هەڵساون بە ئەنجامدانی تاوانەکە، لێژنەی لێکۆڵینەوە و ئەوانە لەپشتی داڕشتنی سیناریۆی هەڵبەستراو بوون .
کاروانی ئازادی بەردەوام دەبێت و سەردەشت تا ئەبەد نامرێت و بکوژانیشی هەموو ڕۆژ دەمرن."
ف.ق