لە سلۆپی لە دژی شەڕ ڕێپێوان بەڕێوەچوو: موخاتەب ئیمرالییە

هاوسەرۆکی دەبەپە کەسکین بایندر لە ڕێپێوانی ١ی ئەیلول لە ناوچەی سلۆپی قسەی کرد و وتی: "گەلی کورد بە تێکۆشانی خۆی موخاتەب و ڕێگە نیشان دەدات. ڕێگەی چارەسەری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانە. موخاتەب لە ئیمرالییە."

ڕێپێوانی ١ی ئەیلول رۆژی جیهانی ئاشتی

لە ناوچەی سلۆپی شڕناخ بە بۆنەی ١ی ئەیلول ڕۆژی جیهانی ئاشتیەوە پیرۆزبایی بەڕێوەچوو و دواتر ڕێپێوانێک بەرەو دەروازەی سنووری خابور دەستی پێکرد. ڕێپێوانەکە بە پێشەنگایەتی دەم پارتی و دەبەپە بەڕێوەچوو. ڕێپێوانەکە لە گەڕەکی کزرێ دەستی پێکرد. کەسکین بایندر هاوسەرۆکی دەبەپە، پەرلەمانتارانی دەم پارتی شرناخ، مێردین و سێرت، چالاکوانانی تەژەئا، ئەنجومەنی دایکانی ئاشتی، ئەندامانی ئەنجومەنی گەنجانی دەم پارتی و بەهەزاران هاووڵاتی بەشدارییان لە چالاکییەداکرد.

لە ڕێپێوانەکەدا پانکارتی"لە دژی شەڕ ئاشتی، لە دژی گۆشەگیری تێکۆشان، لە دژی داگیرکاری بەرخۆدان" و دروشمی "بمرێت خیانەت، بژی کوردستان"، "ژن، ژیان، ئازادی" بەرز کرایەوە.

هاوسەرۆکی دەبەپە، کەسکین بایندر دوای ڕێپێوانەکە قسەی کرد و وتی: "ماوەی ٤٠ساڵە لە هەموو ناوچەکانی بۆتان شەڕە و وەک ناوچەی جەنگی لێهاتووە و رایگەیاند گەلی کورد لەپێناو ئاشتی و ئازادی و یەکسانیدا تێدەکۆشێت بۆیە لێرەوە داوای ئاشتی و ئازادی بۆ جارێکی تر بەرز دەکەینەوە."

'٤٠ساڵە گەلی کورد تێکۆشانێکی گەورە بەڕێوە دەبات'

بایندر لە میانەی پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوەدا کە ئێستا دەسەڵاتداران سەرقاڵی جەنگی جیهانی سێیەمن و وتی: "بەڵام ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ٢٥ ساڵە باسی ئاشتی دەکات. ئەگەر دەسەڵاتداران لە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەبن، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێتە دۆزەخ. گەلی کورد ٤٠ ساڵە لە پێناو ئاشتیدا تێکۆشانێکی گەورە بەڕێوە دەبات. ئەمڕۆ بە سەدان هەزار کەس لە کوردستان و تورکیا بۆ ئاشتی و ئازادی تێکۆشان دەکەن."

'ڕێبەری گەلی کورد تێکۆشانی ئاشتی بەرەوپێش دەبات'

بایندرلە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوەشکرد کە هێزە هەژموونخوازەکان بەسەر گەلاندا شەڕ دەسەپێنن و وتی: " بەڵام لە هەموو جیهاندا تەنها سەرۆکێک هەیە کە پێشەنگایەتی تێکۆشان بۆ ئاشتی دەکات. ئەویش بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالانە کە ٢٥ ساڵە لە زینداندایە و بۆ ئاشتییەکی شکۆمەندانە تێکۆشان دەکات. بەڵام لەم مەیدانی تێکۆشانەدا دەبینین لە دژی داواکارانی ئاشتی و ئازادی شەڕ بەڕێوەدەچێت. دەسەڵاتی ئاکەپە و مەهەپە لەبەردەم ئاشتی لە کوردستان و تورکیا بەربەستێکی گەورەن."

'رێگای چارەسەری ڕێبەری گەلی کورد عبداللە ئۆجالانە'

بایندر لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: "زاڵمان و داگیرکەران هیچ چارەسەرییەکیان بۆ ئەم پرسە نییە وتی، بەڵام بەملیۆنان کەس مرۆڤایەتی دەپارێزن. بۆیە دەڵێین چارەسەری، ئاشتی و ئازادی و یەکسانی. بەدڵنیاییەوە هیچ دەسەڵاتێک ناتوانێت لە بەرامبەر ئەم داواکارییە ڕەوایە بوەستێت. هەرچەندە بەربەستیش هەبێت، ئەوەی سەردەکەوێت، داواکاری ئاشتی و ئازادییە. بۆیە ئەم سیاسەتانە بە گۆشەگیریی سەرناکەوێت. گەلی کورد بە تێکۆشانی خۆی ڕێگەی چارەسەری نیشانی هەمووان دەدات، ئەویش ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانە. بۆیە موخاتەب لە ئیمرالییە. تا گۆشەگیری هەڵنەگیردرێت، لە هەموو بوارەکاندا تێکۆشان بەرز دەکەینەوە."

خیانەتی پەدەکە

هەروەها بایندر بەرامبەر خیانەتەکانی پەدەکە و هاوکارییەکانی لەگەڵ دەوڵەتی تورک لە هێرشەکانی بۆسەر باشووری کوردستان، کاردانەوەی نیشان دا و وتی: "لەم شەڕەدا پەدەکە هاوکارییان دەکات، بەهۆی ئەم هاوکارییەوە هەزاران قارەمانی گەلی کورد ژیانیان لەدەستدا. لەم ڕۆژانەدا ٢ ژنە ڕۆژنامەنووسی کورد کوژران. دوێنێ گەنجێکی خەڵکی باشووری کوردستان لە ئەستەنبوڵ کوژرا. پێویستە باش بزانرێت لە ئەستەنبوڵ و هەرێمی کوردستانی فیدراڵ، کوردانی بەکەرامەت دەکوژرێن. ئەو کەسانەی زەمینە بۆ ئەم کۆمەڵکوژییانە دەکەنەوە، شەریکی ئەم شەڕەن. بۆیە بانگەوازی لە گەلەکەمان دەکەین لە باشووری کوردستان: پەدەکە شەریکی ئەم خیانەتەیە. بۆیە بەرپرسیارێتی لەسەر ئێوە هەمووتانە ڕێگری لەم خیانەتە بگرن."