لە سەرپێڵی زەهاو ژمارەیەک گەنجی کورد دەستبەسەرکران

لە هەڵمەتێکی هێزە ئەمنییەکانی دەوڵەتی ئێران لە شاری سەرپێڵی زەهاوی سەر بە پارێزگای کرماشان، ٨ گەنجی دیکە دەستبەسەرکران و بەرپرسانی دەوڵەتیش باس لەوەدەکەن دەستبەسەرکراوان ئەندامی تۆڕێکی سەر بە گروپە توندڕەوەکانن.

بەپێی هەواڵێکی تۆڕی مافەکانی مرۆڤ هەشت هاوڵاتی کورد بە ناوەکانی ئارمین مورادی، محەمەد عەزیزی، محەمەد یودفی، یوسف ئلیاسی، حامد ئلیاسی، محەمەد یودفی، کۆمار نادری و عەمەر بابایی لە شارەکانی کرماشان و سەرپێڵی زەهاو دەستبەسەرکراون.

ئاماژە بەوەشکراوە، ئارمین مورادی، محەمەد عەزیزی و محەمەد یوسفی لە یەکێک لە شەقامەکانی کرماشان دەستبەسەرکرابوون. هەروەها یوسف ئیلیاسی، حامید ئیلیاسی، یوسف نەیریزی، کۆمار نادری و عومەر باباییش کە لە هەڵکوتانە سەر ماڵەکانیان لە سەرپێڵ دەستگیرکراون، گواسترانەتەوە بۆ کرماشان.

پێشتریش لە ٢٥ی سەرماوەزدا هێمن پاڵانی، پویا دڵجو، ئاریام ئەحمەدی، پەیام رەنجبەر، کاوە سوهرابی، ئەیمەن سەفایی، ئومێد ساڵحی، یوسف رەنجبەر و خالید کەمەری بە شێوەی هاوکات لە ماڵ و لە یەکێک لە خواردنگەکانی سەرپێڵ دەستبەسەرکرابوون و ئەوانیش لە ناوەندی دەستبەسەرکردنی نەبی ئەکرەمی سوپای پاسداران راگیراون.

دوو لە دەستبەسەرکراوان بە ناوەکانی محەمەد نەیریزی و ئەیمەن سەفایی بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازادکراون.

سەرجەم دەستبەسەرکراوان لە مافی دیدار لەگەڵ بنەماڵە و پەیوەندیکردنی بە پاڕێزەرەوە بێبەش کراون و تەنیا یەک جار بە کورتی لە رێگەی تەلەفونەوە پەیوەندییان بە بنەماڵەکانیانەوە کردووە.

داواکاریی گشتیی لە سەرپێڵ بانگەشەی ئەوەی کردووە کە ١٢ تۆڕێکی توندڕەویان دەستگیرکردووە، کە بە رێکخستنی کۆبوونەوەی شەوانە و ئامادەبوون لە شوێنە گشتییەکان، بە پێدانی بەڵێنی هاوکاری دارایی هەوڵیان دەدا گەنجانی شارەکە بەرەو لای گروپە دژبەر و بەرهەڵستکارەکان پەلکێش بکەن".