لە سەیدسادق ٨ی مارس پیرۆز كرا

لەچوارچێوەی چالاکییەکانی ٨ی مارسدا ڕێكخراوی ژنانی ئازادیی كوردستان و ژنانی گەنجی تێكۆشەر، لە سەیدسادق، ئاهەنگێکیان سازکرد و دووپاتی دەکەنەوە کە پێویستە ژنان و گەنجان ڕووبەڕووی توندوتیژییەكان ببنەوە.

ئەمڕۆ لەسەیرانگای سەراوی سوبحان ئاغا، لەسنووری شارۆچكەی سەیدسادق، ڕێكخراوی ژنانی ئازادیخوازی كوردستان، ژنانی گەنجی تێكۆشەر ئاهەنگێكیان ڕێكخست.

سەرەتای ئاهەنگەکەش ژینۆ ڕەشید، بەیاننامەی ڕێكخراوی ژنانی ئازادیی كوردستان و ژنانی گەنجی تێكۆشەری خوێندەو کە تێیدا هاتبوو: “كات كاتی پاراستنی ژن و كۆمەڵگەی ئازادە، باهەموو پێكەوە سەدەی ٢١ بكەین بەسەدەی ئازادی ژن، چونكە لەم سەردەمەدا سیستەمی دەسەڵاتداریی بەهەموو جۆرێك ژن دەكەن بە كۆیلە بۆ بەرژوەندی خۆیان بەكاری دێنن، لەژێر ناوی جۆر بەجۆر، لەبەرامبەر ئەو سیستەمە تاریكەدا خۆڕاگری و پێداگری ژنان بۆ ئازادیی ڕۆژ بەڕۆژ فراوان دەبێت، وەك شەپۆلی دەریا بەرز دەبێتەوە هاتۆتە ئەو ئاستەی ئیتر هیچ دەسەڵاتێك ناتوانێت ببێتە كۆسپ لەبەردەم تێكۆشانیدا”.

لەبەیاننامەكەدا هەروەها هاتبوو: “ژنان هەتا هۆشیار و زانا بن، خۆیان ڕێكبخەن پێشبكەون واتای ئەوەیە كە ژنان گەیشتونەتە بونیاتنانی خۆیان، چونكە ژنان لەناو ژیان و بوارەكانی دیكەدا ڕۆڵی خۆیان دەزانن، ژنان ئێستا ویستی زیاتریان هەیە بۆ تێكۆشان، لەدژی دەسەڵاتداریی درۆزن و توندڕەو بكوژ”.

لەكۆتایی بەیاننامەكەشدا “ژنان و گەنجان پێكەوە دەتوانن پێشەنگ بن لەتێكۆشانی ئازادیدا، كە ڕێبەر ئۆجالان دەڵێت، شۆڕشی باشور شۆڕشی ژنە، ئەوە ئەركێكە و بۆ هەموومان گرنگە، ئێستا تێكۆشان و پێشەنگایەتی ژنی كورد بووەتە ئیلهامێك بۆ ژنانی جیهان و تێكۆشانی خۆیان بەرەو پێشەوە دەبەن، ژنانی جیهانیش گەشتونەتە ئەو باوەڕییەی ئەو تێكۆشانە بەپێویستی خۆیان دەزانن، چونكە ژنانی كورد بوونەتە پێشەنگی تێكۆشانی ئازادی، ئەو ئایدۆلۆژیایەی ڕێبەر ئۆجەلان بۆ ژنی كوردی دانا بوو بە ئایدۆلۆژیای ئازادی بۆ ژنانی جیهان”.

دواتر بە شداربوان بە هەڵپەڕکێ و ئاهەنگ ٨ی مارسیان پیرۆز كرد.

ف.ق