لە ئێلح ڕێپێوان لە دژی داگیرکاری و قڕکردن بەڕێوەچوو

لە دژی داگیرکاری و قڕکردن لەسەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە ناوچەی هەزۆی ئێلح ڕێپێوانێک ئەنجامدرا و کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیش بەڕێوەچوو.

هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە ناوچەی هەزۆی ئێلح شەرمەزار کرا.

چالاکییەکە لە بەردەم بینای دەم پارتی هەزۆی بەڕێوەچوو و پەرلەمانتاری دەم پارتی ئێلح زەینەب ئۆدونجو کوتەڤی، ئەندامانی تەژەئا، ئەنجومەنی دایکانی ئاشتی، دەبەپە، دەم پارتی شار و ناوچەکان و گەلێک کەس بەشداربوون. چالاکوانان دروشمی "بژی بەرخۆدانی ڕۆژئاوا"، "بە بەرخۆدان سەردەکەوین" و "ژن، ژیان، ئازادی"یان بەرزکردەوە و لێرەوە دەستیان بە ڕێپێوان کرد. لە چوارڕێیانی سێیەمین ڕێپێوان کۆتایی هات و دواتر کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ئەنجامدرا.

پەرلەمانتار زەینەب ئۆدونجو کوتەڤی لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژەی بەوەکرد کە کوردان ڕێگریان لە کۆمەڵکوژی داعش کرد، ئێستە دەبنە ئامانجی هەمان زیهنیەت.

'لە کۆبانێ گەل وانەیەکی مەزنی پێ دان'

زەینەب ئۆدونجو کوتەڤی ناڕەزایی نیشاندا بەرانبەر داگیرکاری و قڕکردن و وتی: "لە بەرخۆدانی کۆبانێدا گەل وانەیەکی مەزنی پێیاندا، ئەوە نیشانیدا کە هەرگیز سەر نەوی ناکەن. ئەوەی نیشانیدا کە گەل دەتوانێت ژیانێکی هاوبەش بنیات بنێت. ئەوانەی هێرش دەکەن سەر مۆدێلی ژیانی هاوبەش لە ڕۆژئاوا جارێکی تر لە ناودەچن. گەلی کورد بەرخۆدان دەکات و هەمیشە لە بەرخۆدان دەبێت".

'نا بۆ سیاسەتی شەڕ و نکۆڵیکردن، بەڵێ بۆ چارەسەر'

هاوسەرۆکی دەم پارتی هەزۆ ئەحمەد تاشتان قسەی کرد و وتی: "بۆ گەلانی ڕۆژئاوا و سووریا چارەسەر لە نکۆڵیکردن و سیاسەتی شەڕدا نییە، دەرفەتێکی مێژوویی هەیە بۆ چارەسەرکردن لە ڕێگەی گفتوگۆوە. هەر بۆیە زیاتر لە جاران بۆ ڕۆژئاوا و سووریا پێویستی بە گفتوگۆ هەیە لەسەر بنەمای دیموکراتیک و سیاسەتی چارەسەرکردن."

ڕاگەیاندراوەکە بە دروشمی "بژی بەرخۆدانی ڕۆژئاوا" کۆتایی هات.