"لەسەد ساڵەی لۆزان، نابێت جارێکی دیکە کورد لە نەخشەی نوێ پەراوێز بخرێتەوە"

ئەندامێکی کەنەکە دەڵێت: "سەد ساڵ لەمەوبەر ئێمەی کورد نەمانتوانی ببینە نوێنەر و قسەکەری گەلەکەمان لە کۆنگرەیەکی گرنگی وەکو لۆزان کە چارەنووسی نەتەوەکەمانی دیاری کرد".

لە ٢٤/٧/١٩٢٣، ووڵاتانی براوەی جەنگی یەکەمی جیهان لەگەڵ تورکیا، پەیماننامەیەکیان واژۆکرد کە بە پەیماننامەی لۆزان ناوبرا، پەیماننامەکە لە شاری لۆزان-ی سویسرا واژۆکرا، رێککەوتنەکە بۆ داڕشتنەوەی نەخشەی سیاسی دەوڵەتی عوسمانی بوو، بەم پەیماننامەیە بە پەراوێزکردنی ویست و مافەکانی گەلی کورد، پەیماننامەی لۆزان کوردستانی بۆسەر چوار پارچە دابەش کرد بەسەر تورکیا، عێراق، ئێران، سوریا.

لە سەد ساڵەی پەیماننامەی لۆزاندا، کاروان سەعید ئەندامی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان(کەنەکە) لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا سەبارەت بە چەند پرسێکی تایبەت بە پەیماننامەی لۆزان، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)، دوا.

بەرژەوەندی نەتەوە و نشتیمان سنووری حزبایەتی تێدەپەڕێنێت

سەبارەت بە گرنگی یەکڕێزی نەتەوەیی گەلی کورد لەسەد ساڵەی لۆزاندا، کاروان سەعید ئەندامی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات ووتی: "زۆر گرنگە کە پارت، لایەن، ڕێکخراوەکان و تەواو چین و توێژەکانی سەرتاسەری کوردستانی گەورە یەکڕیز و یەکگرتووبن، چونکە یەکڕیزی گەلی کورد بابەتێکی نشتیمانی و نەتەوەییە و سنوری حزبایەتی و ئایدلۆژیا تێدەپەڕێنێت".

سەد ساڵ لەمەوبەر نەمانتوانی نوێنەر و قسەکەری کورد بین لە لۆزان

هەروەها کاروان سەعید، سەبارەت بە پەراوێزکردنی کورد سەد ساڵ لەمەوبەر لە کۆنگرەی لۆزاندا، ڕایگەیاند: "ئێمەی کورد سەد ساڵ لەمەوبەر یەکگرتوو نەبووین و نەماتوانی ببینە نوێنەر و قسەکەر بۆ داکۆکی لە مافی گەل و خاکەکەمان لە کۆنگرەیەکی گرنگی وەکو لۆزان کە چارەنووسی نەتەوەکەمانی دیاری کرد، بەڵام ئیستا ئێمەی کورد دەتوانین ئەو کارە بکەین، ئیستا هۆشیاری نەتەوایەتی بە بەراورد بە سەد ساڵی پێشووتر زۆر گۆڕاوە".

نابێت جارێکی دیکە ئێمەی کورد لە نەخشەی نوێ پەراوێز بخرێینەوە

هەروەها لە درێژەی قسەکانی ئەو ئەندامەی کەنەکە ووتیشی: "بەداخەوە حزبەکانی کوردستان نەیانتوانیوە بێنە لای یەکتر، بەڵام زۆر گرنگە ئێمە هەوڵی ئەوە بدەین کە هەموومان کۆببینەوە لەدەوری بەرنامەیەک بۆئەوەی کە خواست و ویستە نەتەوەییەکەمان بەدەست بهێنین، چونکە بەپی تێڕوانینمان جارێکی دیکە نەخشەی نوێ بۆ ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەڕیژرێتەوە، وە نابێت ئێمەی کورد جارێکی دیکە لەم نەخشەیە پەراوێز بخرێینەوە، دەبێت خۆمان لە پەیماننامەکان ببینە نوێنەر و ووتەبێژی گەلەکەمان".

هەموو حزبەکان پێویستە بە ئەرکی نەتەوەیی خۆیان هەڵسن

لە کۆتایدا کاروان سەعید ئەندامی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان(کەنەکە)، سەبارەت بە فشار خستنەسەر سەرجەم حزبەکانی کوردستان بۆ یەکڕێزی و جێبەجێکردنی ئەرکی نەتەوەیی، ووتی: "پێویستە لەناو خەڵکیدا سەبارەت بەم بابەتە هۆشیاری بڵاوبکرێتەوە، ئێمەش وەکو چین و توێژی سیاسی و ڕوناکبیری کورد و حزبەکان هەڵوێست و داخوازیمان هەبێت لەسەر هەموو حزبەکان بۆ ئەوەی بە ئەرکی نەتەوەیی و نشتیمانی خۆیان هەڵبستن بەرامبەر بە گەلەکەیان".

هـ . ب