لیوا ڕوکن مەریوان محەمەد فەرماندەی هێزەکانی پشتیوانی دووی پێشمەرگە بەدەنگی ئەمریکای راگەیاندووە: "پەلە پەلکردن بۆ یەکخستنەوەی هێزەکان و چوونە سەر وەزارەتی پێشمەرگە، پەیوەندیی بەشەڕی پەکەکەوە نییە، لێدوانی بەرپرسانی پێشمەرگە و یەکێتیش ڕوونە، ئێمە شەڕی کورد بە کورد ناکەین، دژی شەڕین، وەکو یەکێتی بەکارناهێنرێین دژی هیچ هێزێکی کوردی."
جەختیشیکردەوە، "شەڕ ڕوو نادات، لەهەر شوێنێک شەڕ ڕوویدا، دەبێت ئەو قۆڵە خۆی تەحەمولی بەرپرسیارێتی بکات."
فەرماندەی هێزەکانی پشتیوانی دووی پێشمەرگە، ڕوونیشیکردەوە هێزەکانی پشتیوانی دوو چوونەتەوە سەر وەزارەتی پێشمەرگە و نوسراوی فەرمی لەهێزەکانی ٧٠ ەوە کراوە بۆ وەزارەتی پێشمەرگە و لەوێشەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران.
وتیشی "هاوسەرۆکانی یەکێتی بڕیاریانداوە بچینەوە سەر وەزارەتی پێشمەرگە، هاوپەیمانانیش کە ئێمە پەیوەندیی زۆرباشمان لەگەڵیان هەیە، پێیانباشە هێزەکان یەکبخرێنەوە، بەڵام پرۆسەکە قۆناغ بە قۆناغ ئەنجام دەدرێت، دەشبێت لەیەکخستنەوەی هێزەکاندا، بەرچاو ڕوونی و متمانە هەبێت، نەک گومانمان لەیەکتری هەبێ، نەک وەکو ئەو چەک و تەقەمەنیانەی لەسەردەمی شەڕی داعشدا دەدرایە پێشمەرگە، بەشێکی کەمی دەدرایە هەندێک لە میحوەرەکان و بەشی زۆری بۆ میحوەرەکانی تربوو".
لیوا مەریوان روونیشیکردەوە: "لەکاتی شەڕی داعشدا، چەک و تەقەمەنی هاوپەیمانان کەمتر دەگەیشتە میحوەرەکانی یەک و دوو و سێ و چوار، بەڵام ئێستا هاوپەیمانان دڵنیاییان داوە، چەک و تەقەمەنی وەک یەک بەسەر پێشمەرگەدا دابەش دەکرێت".
بەپێی وتەی لیوا مەریوان، سەبارەت بە یەکسانی دابەش نەکردنی چەک و تەقەمەنیەکان، پێشتر گلەیی گەیەنراوەتە هێزەکانی هاوپەیمانان، وتی"هاوپەیمانان بەڵێنیان دا، لەهەر کوێ شەڕبوو، چەک و تەقەمەنی بنێرن، جیاوازی لەدابەشکردنی چەک و تەقەمەنی سەردەمێک بوو و ڕۆیشت، جیاوازی زۆر کرا، هیوادارین لەداهاتوودا ئەو جیاوازیکردنە نەمێنێ".
ژ.ت