باسکی قەرسی رێپێوانی گەورەی ئازادی کە بە داواکاری ئازادی جەستەیی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و چارەسەری پرسی کورد لە رێگەی دیموکراتیکەوە دەستیپێکراوە، لە هەشتەم رۆژدا گەیشتە دێرسیم. بەشداربووانی رێپێوانەکە لەو پردەی بۆ دوایین جار گوڵستان دۆکوی لێبینرابوو، کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیان دا.
لە کۆنفڕانسە رۆژنامەوانیەکەدا پەرلەمانتاری دەم پارتی کەزیبان کۆنوکچو قسەی کرد و وتی، " گوڵستان بەر لە ٤ ساڵ دوایین جار لێرە بینرا. لە هەموو شوێنێکی تورکیا ژنان دەکوژرێن و بێسەروشوێن دەکرێن. سەرباری ئەوەی لەم وڵاتەدا لە هەموو شوێنێک کامێرای چاودێری هەیە بەڵام تائێستا لێپرسینەوەیەکی کاریگەر ئەنجامنەدراوە. تۆمەتبارانی سەرەکی دەستگیرناکرێن، بەڵام ئەو دایکەی بەدوای کچەکەیدا دەگەڕێت دەستبەسەر دەکرێت. ئێمە بۆ هەموو دانیشتوانی ئەم خاکە داوای دادپەروەری دەکەین. داوای ئازادی بۆ هەموو گەلان دەکەین و لەوپێناوەدا رێپێوان دەکەین. تا چەسپاندنی ئازادی لە سەر ئەم خاکە، رێپێوانی ئێمە بەردەوامە".
بەشداربوانی رێپێوانەکە لەو شوێنەی بۆ دواجار دۆکو بیندرا، گوڵیان خستە ناو ئاوی بەنداوەکە.
بەشدارابووانی رێپێوانەکە دواتر بەرەو شار کەوتنە رێ و لەلایەن سەدان کەسەوە پێشوازییان لێکرا. لە پێشوازیەکەدا دروشمەکانی "بژی بەرخودانی زیندانەکان" دەوترایەوە و بە گەرمی بەخێرهاتنی چالاکوانان کرا. رێپێوانەکە لە ناوەڕاستی شاریش پێشوازی زۆری لێکرا و هاووڵاتیان بە چەپڵەڕێزان و دروشموتنەوە بەرەوپیریان چوون. هونەرمەندانی ناوەندی چاندی مێزۆپۆتامیا بە گۆرانیەکانیان بەشدارییان لە پێشوازییەکە کرد.
'ئەو چیایانە ئێمەیان پاراست'
رێپێوانەکە تا گۆڕەپانی سەید رەزا بەردەوامبوو لەوێ سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی گوڵستان کلیچ کۆچییگیت قسەی کرد و وتی، "ئێمە لە زێدی عەلیشێرم سەکینە و مەزڵومەکانین. وەک منداڵ، نەوە و هاوڕێیانیان بێ وچان درێژە بە تێکۆشانیان دەدەین. وڵاتەکەمان سوتاوە، ئەشکەنجە هەیە، کێشەی زیندانەکان لە ئارادایە. ٣٥ مانگە هیچ هەواڵێکمان لە بەڕێز ئۆجالان نییە. پرسی کورد سەد ساڵە بەردەوامە. ئێمە لە دژی ئەو ئەقڵیەتەی دەڵێت 'پرسی کورد بوونی نییە' کەوتووینەتەڕێ. ئێمە لێرە لەدایکبووین و ریشەمان لێرەدایە. لە هەر بستێک خاکی دێرسیم خوێنی ئێمە رژاوە. قوربانی نەماوە کە لە پێناو ئازادی و دیموکراسیدا نەیبەخشین.ئێستا کاتی ئاشتی و چارەسەرییە. وەرن دەست لەو ئەقڵیەتە خۆپارێزیە هەڵبگرن. ببنە دەنگی بەڕێز ئۆجالان. دێرسیم سەری بەخشیوە بەڵام سەری دانەنەواندووە. ئەم چیایانە ئێمەیان پاراست. ئیتر ئەو چیاجیانەش دەنگ هەڵدەبڕن، ئەو چیایانەش داوا دەکەن شەڕ رابگیرێت".
هاوسەرۆکی گشتیی پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە) چیدەم کلیچگون ئوچاریش وتی، گەیشتوونەتە زێدی سەکینە جانسز، ئایسەڵ دۆغان و سەید رەزا و باسی لەوەکرد، "ئەم دەسەڵاتە نکۆڵی لە کولتور و ناسنامەی ئێمەی دەکات. وڵاتێکی تاریک دەخوڵقێنێت. ئێمەیان لە تامەزرۆیی وڵاتدا هێشتووەتەوە. ئێمە دەڵێین 'ئێمە کلیلین'. راستیەک لەلای ئێمەیە. تائێستا دەیانوت 'کورد بوونی نییە، زمان و کولتوریان نییە'. ئێستاش بەڕێز ئۆجالان لە گۆشەگیری تونددایە. ئۆجالان نەک هەر بۆ کوردستان، بۆ تەواوی جیهان پێشەنگێکی گرنگە. ئێمە لەپێناو ئازادی ئۆجالاندا رێدەپێوین.".
دوای کۆنفڕانسە رۆژنامەوانیەکە و پێشکەشکردنی وتار، هەڵپەڕکێ سازکرا و گۆڤەندیان گێڕا.
هـ . ب