ماهیر بەکلەڤیش بەڕێوەبەری پێشووی هەدەپەی ئێلح زیندانی کرا

ماهیر بەکلەڤیش بەڕێوەبەری پێشووی هەدەپە لە ئۆپەراسیۆنی پاکتاوکردنی سیاسیی دەوڵەتی تورک دا لە ئێلح دەستگیرکرابوو. لە دوای ٥ رۆژ لە دەستگیرکردنەکەى لەلایەن دادگای دەوڵەتى تورکەوە بڕیاری زیندانیکردنی بەسەردا سەپێنرا.

داواکاری گشتیی دەوڵەتی تورک لە ئێلح لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەیەکیدا لە ڕۆژی ٢٧ی تشرینی دووەم ئۆپراسیۆنێکی پاکتاوکردنی سیاسیی ئەنجامدا لەو ئۆپراسیۆنەدا سەدەف ئۆزدەمیر ئەندامی تەژا، واهیبە چەلیک ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانیی ئێلح، سەدات یڵدز بەڕێوەبەری هەدەپەی ئێلح، ماهیر بەکلەڤیش بەڕێوەبەری پێشووی هەدەپەی ئێلح و بەڕێوەبەرانی پێشووی هەدەپە لە ناوچەکە سەڤجان ئۆز و بێریڤان ئاڵتون دەستگیرکرابوون.

ئەو کەسانە بە پاساوی "ئەندامی رێکخستن" دەستگیرکرابوون و دوای وەرگرتنی وتەکانیان لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ئێلحەوە بە مەبەستی زیندانیکردنیان رەوانەى دادگا کران.

دادگای دەوڵەتی تورکیش بەپێی خواستی ئاسایشی ناوچەکە و لەسەر داوای داواکاری گشتیی دەوڵەتی تورک بڕیاری زیندانیکردنی بۆ ماهیر بەکلەڤیش بەڕێوەبەری پێشووی هەدەپەى ئێلح دەرکرد و ٥ کەسەکەى تریشی بە مەرجی مانەوە لە ژێر چاودێریی دادگادا ئازاد کرد.

ژ.ت