کاردانەوە و ناڕەزایەتیەکان بەرامبەر بە سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بەسەر دوو ژنە زیندانی سیاسی کورد وەریشە مورادی و پەخشان عەزیزی بەردەوامە و لە رۆژانی رابردوودا سەندیکای پیشەیی مامۆستایانی پارێزگای سنە و ژمارەیەک لە هەڵسوڕاوانی سیاسی و مەدەنی کورد بە دەرکردنی راگەیەندراوێک سەپاندنی ئەو سزایانەیان شەرمەزار کرد.
لە درێژەی ناڕەزایەتیەکان ژمارەیەک لە زانیان و مامۆستایانی ئایینی سوننە لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە دەرکردنی راگەیەندراوێک وێڕای سەرکۆنەکردنی سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بەسەر پەخشان عەزیزی، وەریشە مورادی و زیندانیانی سیاسی دیکە، داوایان کردووە جێبەجێکردنی ئەو سزایە رابگیرێت و سەرلەنوێ و بە شێوەیەکی ئاشکرا و دادپەروەرانە و بە بەشداری پارێزەرانیان دادگایی بکرێنەوە.
لە راگەیەندراوەکەی مامۆستایانی ئایینی رۆژهەڵاتی کوردستاندا هاتووە: "تۆمەتی بەغی و یاخیبوون کە ئاراستەی ئەو دوو خاتوونە کوردە کراوە، بە پێچەوانەی مادەی ٣٢ی دەستوری هەمیشەیی ئێرانە، ئەوان چەندین مانگ لە ژووری تاکەکەسیدا و بە بێ دەستڕاگەیشتنی ئازادانە بە مافە یاساییەکانیان تێپەڕاندووە.
مادەی ١٦٨ جەخت لە بەڕێوەچوونی دادگا بە شێوەی ئاشکرا و بە ئامادەبوونی دەستەی دادوەری دەکاتەوە، کە هیچ یەک لەم دوو تایبەمەندییە لە بارەی ئەو دوو ژنە سزادراوەوە رەچاو نەکراوە.
هەر لە راگەیەندراوەکەدا کە واژۆی ٤٢ مامۆستای ئایینی و پێشنوێژی مزگەوتە جیاجیاکانی شارەکانی سنە، مەریوان، دێوڵان، بانە، کرماشان، جوانرۆ، کامیاران، سەوڵاوا و مەهاباد، میاندواو و بۆکانی لەسەرە هاتووە، "لەگەڵ شەرمەزارکردنی سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بەسەر پەخشان عەزیزی و وەریشە مورادی و زیندانیانی سیاسی و باوەڕی دەیکە، داوا لە بەرپرسانی دەکەین وێڕای راگرتنی جێبەجێکردنی ئەم سزا نادادپەروەرانەیە، سەرلەنوێ بە پێی بنەمایاساییە دادپەروەرانەکان و لە دادگای ئاشکرا، بە ئامادەبوونی پارێزەران و دەستەی دادوەری دادگاییان بکەنەوە، بەم هەنگاوە ژیرانەیە رێگری لە رەشبینی زیاتری خەڵک بەرامبەر بە دامەزراوە ئەمنی و دادوەرییەکان بکەن. بە پێچەوانەوە، دەبێت شایەتی دابڕان و لێکترازانی زیاتری کۆمەڵانی خەڵک لە دەسەڵات بین".
لە کۆتاییشدا رایانگەیاندووە، کە چاوەڕوانن کاربەدەستان گوێ لە ئامۆژگاری کەسانی دڵسۆز بگرن و لە دۆخی پڕقەیرانی ناوخۆیی و ناوچەییدا، بواری ئاسودەیی دەرونی خەڵکی ئێران بڕەخسێنن.