بەگوێرەی ئاماری مانگانەی کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە مانگی شوباتدا ئاماری لەسێدارەدانی زیندانیان رووی لە بەرزبوونەوە کردووە و لەو مانگەدا ١٣ هاوڵاتی کورد ئەو سزایەیان بەسەردا جێبەجێ کراوە.
سەبارەت بە دەستگیرکردنی چالاکوانان و سەپاندنی سزای زیندان بەسەریاندا لە ئامارەکەدا باس لەوەکراوە کە لە مانگی شوباتدا ٨٢ لەس لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیرکراون، لەو ژمارەیە ١٢ کەس سزای زیندانیان بەسەردا سەپێندراوە.
روونیشیکردووەتەوە لانیکەم ٥ مێرمنداڵ لە ناو دەستگیرکرواندان و لە کۆی ٤ ژنی دەستبەسەرکراویش سیانیان سزای زیندانیان بەسەردا سەپێندراوە.
دۆسیەی کۆڵبەران و ئەو پێشێلکارییانەی بەرامبەریان دەکرێت بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەیە، لەو رووەوە لە ئامارەکەی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستاندا هاتووە مانگی رابردوو ١٢ کۆڵبەر برینداربوون، سێ کۆڵبەریش بە هۆی رووداوی هاتووچۆ و کۆڵبەرێکیش لە ئەنجامی تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی دەوڵەت گیانیان لەدەستداوە.
بەشێکی دیکەی ئامارەکە تایبەتە بە خۆکوشتن و لەو رووەوە باس لەوەکراوە کە مانگی رابردوو لانیکەم ٣ ژن و ٥ پیاو کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە و دوو ژنیش کوژراون.
ئەوەش هاتووە تەقینەوەی مین و تەقەمەنییەکانی پاشماوەی شەڕ کوژران و برینداربوونی چوار کەسی لێکەوتووەتەوە، هەروەها بەهۆی تەقەی هێزەکانی دەوڵەتەوە چوار کەس کوژراون و بەندکراوێکیش بەهۆی رێگریی لە چارەسەری پزیشکی گیانی لەدەستداوە.
هـ . ب