ماوەی ١١٠ رۆژە رۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد لە لایەن پەدەکەوە رفێندراوە
رۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد، ماوەی ١١٠ رۆژە لەلایەن پەدەکەوە رفێندراوە و تائێستاش پارێزەرانی رێگەیان پێنەدراوە چاویان پێی بکەوێت.
رۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد، ماوەی ١١٠ رۆژە لەلایەن پەدەکەوە رفێندراوە و تائێستاش پارێزەرانی رێگەیان پێنەدراوە چاویان پێی بکەوێت.
پەدەکە کە بە سەرکوتی ئازادی رادەربڕین و دەستگیرکردن و سزادانی رۆژنامەنووسان و چالاکوانان ناسراوە، لەم ساڵانەی رابردوودا گوشارەکانی بۆ سەر رۆژنامەنووسان و رەخنەگران چڕتر کردووەتەوە و لەئێستادا دەیان رۆژنامەنووس و چالاکوانی مەدەنی لە زیندانەکانی ئەو حزبەدان.
لە ٢٥ی تشرینی یەکەمەوە، سلێمان ئەحمەد رۆژنامەنووس و هەواڵسازی بەشی عەرەبی ئاژانسی رۆژنیوز، لە کاتی گەڕانەوەی لە رۆژئاوای کوردستان لە دەروازەی پیشخابور لەلایەن هێزە ئەمنیەکانی پەدەکەوە رفێندرا و پاش شەش رۆژ بێسەروشوێنکردنی، لە ژێر گوشاری رای گشتیدا، ئاسایشی پەدەکە لە دهۆک ناچاربوو دان بە رفاندنەکەیدا بنێت، بەڵام بانگەشەی ئەوەی کرد، کە دەستگیرکردنی سلێمان ئەحمەد پەیوەندی بە کاری رۆژنامەنووسیەوە نییە.
هاوشێوەی دۆسیەی رۆژنامەنووسانی زیندانی کراوی بادینان، پێشبینی دەکرێت پەدەکە لە رێگەی تۆمەتی ساختەوە سزای قورسیش بە سەر رۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەددا بسەپێنێت.
سەرباری تێپەڕبوونی ١١٠ رۆژ بە سەر رفاندنی ئەو رۆژنامەنووسەدا، پەدەکە رێگەی بە پارێزەرانی نەداوە چاویان پێی بکەوێت و تائێستا نەبراوەتە بەردەم دادوەریش.
پێشتر ئاژانسی رۆژنیوز رایگەیاندبوو، "ئەم مامەڵەیەی پەدەکە بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان ئیدانە دەکەین و داواکارین دەستبەجێ چارەنووسی سلێمان محەممەد ئەحمەد، ڕۆژنامەنووس و هەواڵسازی بەشی عەرەبی ئاژانسەکەمان ئاشکرا بکرێت و ئازاد بکرێت، لە ئێستادا سەلامەتی گیانی ئەو ڕۆژنامەنووسە لە ئەستۆی پەدەکەدایە".
هەروەها ڕۆژى ٢٥ى مانگى ڕابردوو نەریمان ئەحمەد، یەکێک لە ئەندامانی تیمی پارێزەرانی سلێمان ئەحمەد ڕایگەیاند: ئەگەر لەكاتێكی زوودا چارەنووسی سلێمان ئاشكرا نەكرێت، ئەوا حكومەتی هەرێم و وەزیر ناوخۆی هەرێم پەلكێشی دادگای فیدراڵی دەكەین، بۆیە داوا دەكەین، ڕێگەمان بدەن بیبینین و تۆمەتی ساختەی بۆ درووست نەكەن".
باسى لەوەشکرد، "لە کاتی سەردانەکانماندا بۆ هەوڵی بینینی سلێمان ئەحمەد، جگە لە سلێمان ئەحمەد، زۆرکەسی دیکە بە ناڕەوا لە زیندانی ئاسایشدا بەند کراون و هیچ تۆمەتێکیان نییە، ئەمە پێشێلکارییەکی ڕوونە و ئەرکی هەموو لایەنەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤە لەدژی ئەو بابەتە بوەستنەوە".
هـ . ب