ماوەی بەدەستبەسەرهێشتنەوەی سێ دەستگیرکراوی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی درێژکرایەوە

بڕیاری بەدەستبەسەری هێستنەوەی سێ دەستگیرکراوی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی لە بۆکان، کە زیاتر لە ساڵێکە دەستبەسەرکراون، بۆ ماوەی دوو مانگی دیکە درێژکرایەوە.

بەپێی هەواڵێکی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان لە رۆژانی رابردوودا لقی دادگای شۆڕش لە شاری بۆکان بڕیاری بە دەستبەسەری هێستنەوەی رەئوف شێخ مەعروفی، محەمەد فەرەجی و کامەران سوڵتانی لە دەستبەسەرکراوانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی بۆ ماوەی دوو مانگی دیکە درێژکردەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو سێ هاووڵاتیە لە سەرەتای ساڵی رابردووەوە دەستگیرکراون و ماوەیەکی زۆر لە زیندانی ئیتلاعاتی ورمێ دەستبەسەر بوون.

هەرلەهەواڵەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، ئەو سێ هاوڵاتیە بەمەبەستی دانپێدانانی زۆرەملێ بە کوشتنی ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکان، لە میانی خۆپیشاندانەکان، خراونەتە ژێر گوشار و ئەشکەنجە، بەڵام ئامادە نەبوون بچنە ژێر باری ئەو تۆمەتەوە.

لە مانگی حوزەیرانی ساڵی رابردووەوە ئەو دەستبەسەرکراوانە گواستراونەتەوە بۆ زیندانی بۆکان لەبارەیانەوە بڕیاری بە دەستبەسەری هێشتنەوەی کاتی دەرچووە و بە درێژایی زیاتر لە یەک ساڵی رابردوو مافی هەڵبژاردنی پارێزەریان نەبووە و لەلایەن دادگاوە پارێزەریان بۆ دیاری کراوە.

رەئوف شێخ مەعروفی، محەمەد فەرەجی و کامەران سوڵتانی لەلایەن دادگاوە تۆمەتی خراپەکاری لەسەر زەوییان ئاراستە کراوە و بە گوێرە ماددەی ٢٦٨ لە یاسای سزادانی ئیسلامی لە ئەگەری ساغبوونەوەی ئەو تۆمە بەسەر هەرکەسێکدا، رووبەڕووی سزای قورس و تەنانەت لەسێدارەدانیش دەبێتەوە.

هـ . ب