محەمەد ئەمین پێنجوێنی بۆ شەهیدی فەرماندە رێزان جاوید

ئەو چیرۆکانەی دەبێت بزانرێن... هەڵۆیەکی مەهابادی نەخشەی یەکێتی نەتەوەیی دەکێشێت ..!

ئەم هەڵۆ سوورە، کە پەڕ و باڵی دەرکرد بەرەو لوتکەی چیاکانی داڵەهۆ و شاهۆ فڕی

بەچەنگە تیژەکانی لە بەردە ڕەقەن و سەختەکاندا لە(داڵەهۆ) هێلانەی دروست کرد .!

کە دەفڕی بۆ پێدەشتەکانی سنە، مەهاباد، ئورمێ و ئیلام زیڕەی لە قەل و داڵ و قەرەواشەکان  هەڵدەساند، ئەو چونکە فێری لوتکە بەرزەکان بوو، دای لە شەقەی باڵ و بەرەو (قەندیل ) هەڵفڕی، لەوێ بە هزری ئەندازیاریی (ئاپۆ) کەوتە هێلانە دروست کردن، لەوێ خۆی پەروەردەی وەرگرت، ئینجا کەوتە پەروەردەی هەڵۆکانی ڕۆژ هەڵات ..!

هەر بەوەشەوە نەوەستا، ئینجا بەرەو (جودی و چیایی ئامانۆس) هەڵفڕی، هەر کە دادەبەزی بۆ ڕاو و شکار چەندین قەل و داڵی خەلیفەی دەکردە خۆراکی لولەی کڵاشینکۆف و قەناسەکەی ..!

ئەو باوەڕی وابوو کە یەکێتی نەتەوەیی بەخوێن دروست دەکرێت و دەبێت خۆێنی هەموو پارچەکانی کوردستان تێکەڵ ببێت، ئینجا نەخشەسازی بۆ بکرێت .!

دەیگووت (ئێوەی مامۆستا) سی ساڵە خەریکی دروست کردنی کۆنگرەی نەتەوەیین، کارێکی پیرۆزە و ناڵێم هیچ نەکراوە ..!

بەڵام بە بەرچاوی خۆتانەوە دەبینن هەڵۆی مەهابادی لە کۆبانێ و قامیشلو شەهید دەبێت، پڵنگی دەرسیم و ئامەد لە دەشتی مەریوان و داڵەهۆ شەهید ئەبێت، قارەمانانی هەولێر و سلێمانی لە وان و جودی خۆێنی دەڕژێت و تێکەڵ بوونی گیان و خوێن و هزری ڕۆڵەکانی کورد بەم شێوەیە یەکێتی کوردان دەئافرێنێ .؟

ئەم هەڵۆ سوورە دەیگووت: بۆیە من هێلانەکەم گواستەوە (بۆچیای کرمانج) بۆ ئەوەی بەخوێن خەتی سنووری نەتەوەیی ڕۆژاوا بکێشم و بنووسم هەتا چیای ئامانۆس و ئەسکەندەروونە و سەرڕۆخی دەریای سپی خاکی کوردستانە، دەیگووت: ئایا مامۆستایان ئەمە هەوڵدانی جددی نییە بۆ یەکبوونی نەتەوە و کێشانی نەخشەی کوردستان بەخۆێن ...!

هەڤاڵ ڕێزان جاوید دەیگووت کە لە قەندیل فڕیم بۆ چیای کرمانج چەند بەچکە هەڵۆی کوردی کازاخستان و ئەرمینیام لەگەڵدا بوو، کە بەسەر هەولێرو سلێمانی و دهۆك دا لەشەقەی باڵمان دەدا و دەفڕین بەچکەکان دەیانگووت: ئێمە زۆر بەختەوەرین کە بەسەر پارچەیەك لە کوردستانی ئازاددا  گوزەر دەکەین و ئاڵای کوردستان دەشەکێتەوە..!

هەڤاڵ ڕێزان بە سەربەرزی چووە ڕیزی جاویدانانی ڕێگەی ئازادی و سەربەخۆی کوردستان . نەمری بۆ ئەو شەهیدانەی کە چارەنووسی گەلی کورد بەستراوە بەخۆێنی ئاڵی ئەوانەوە.

ف.ق