کۆمیتەی چاند و هونەری کۆمەڵگای دیموکراتیک و ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان (کۆدار) راگەیەندراوێکی سەبارەت بە شەهیدبوونی هونەرمەندی سینەماکاری رۆژهەڵاتی کوردستان، مەنسور کەریمیان بڵاوکردەوە، کە مانگی رابردوو لە ئەنجامی بۆردومانێکی دەوڵەتی تورک بۆ سەر شاری قامیشلۆ شەهید بوو.
لە راگەیەندراوەکەی کۆمیتەی چاند و هونەری کۆدار بەم جۆرەیە: "بەهەزاران کەس لەرۆڵەكانی گەلەكەمان بەژن و پیاوەوە لەهەموو چین و توێژەكانی هەر چواربەشی كوردستان و دەرەوەی وڵات و بەبەشداری ئازادیخوازانی جیهانی لەسەر بنەمای هێڵی سێیەم و نەتەوەبوونی دیموكراتیك و پێكەوەژیانی گەلان، هەم لەسەر ئاستی نەتەوەیی و هەم لەسەر ئاستی گەلانی ئازادیخواز بەهەزاران كەس بەشداری بەرخۆدانی دیرۆكی رۆژئاوا بوون. ئەو كەسە ئازادیخواز و نەتەوەییانە هەر كامەیان بەشێوەیەك بەشداریان لەبۆنیادنانەوە و پاراستنی روومەتی نەتەوەیی و نیشتیمانی و دیموكراتیان لەرۆژئاوای كوردستان و باكوری سوریا كرد. سینەماكار و كەسایەتی نەتەوەیی”مەنسور كەریمیان” كە بەخۆی خەڵکی شاری سنەی رۆژهەڵاتی كوردستانە، بەماوەی چەند ساڵێكە بەئامانجی گۆاستنەوەی راستینەی شۆڕش لەرۆژئاوای كوردستان و باكوری سوریا و بەتایبەتی دامەزراندنی خۆبەرێوەبەری دیموكراتیك و پێكەوەژیانی گەلان لەسەر بنەمای لوژیک و فەلسەفەی نەتەوەی دیموكراتیك بۆ رۆژهەڵاتی كوردستان و گەلانی ئێران چووەبووە رۆژئاوای كوردستان و لەوێ لەگەڵ ناوەندی سینەمای ئازاد و دیموكراتیكی رۆژئاوا كاروخەباتی بەرێوە برد و ژمارەیەك بەرهەمی سینەمایی و هۆنەری ناوازەیان بەرهەم هێنا".
ئاماژە بەوەشکراوە: "سینەماكار و دەرهێنەر، مەنسور كەریمیان بەبەشداری لەخەباتی سینەمای ئازادی رۆژئاوا و باكوری سوریا سەلماندی كە خاوەن هەستێكی بەرزی نەتەوەیی و نیشتیمانی و ئازادیخوازانەیە و چەندە ئەوینداری شۆڕشی گەلەكەمان لەرۆژئاوا بوو و ویستی بەرێگەی سینەما و هونەر ببێتە پردێك بۆ گۆاستنەوەی ئەزموونی پێكەوەژیانی گەلان و خۆبەرێوەبەری دیموكراتیك بۆ گەلانی ئێران و بەستنەوەی شۆڕشی رۆژئاوا و شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی” گەلانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەكردەیی خەباتی بەرێوە برد. بەڵام بەدرێژایی دوو هەفتەی رابردوو و لەئەنجامی هێرشی ئەرتەشی داگیركەری تورك و بەئامانجی گرتنی ژێرخان و سەرخانی رۆژئاوا و سەرچاوە خزمەتگوزاریەكانی گەلانی ناوچەكە، بەفڕۆكەی بێ فرۆكەوان زۆر شوێنی بۆمباران كرد و هەر لەو بۆمبارانانەدا بەدەیان هاوڵاتی مەدەنی شەهید و بریندار بوون، یەك لەو كەسانەی لەو بۆمبارانانەدا شەهید بوو، كەسایەتی نەتەوەیی و سینەماكارو دەرهێنەری گەلەكەمان “مەنسور كەریمیان”بوو".
هەر لە بەردەوامی راگەیەندراوەکەی کۆمیتەی چاند و هونەری کۆداردا هاتووە: "مەنسور كەریمیان لەگەڵ ئەوەی خاوەن كەسایەتیەكی بەرزی نیشتیمانی و نەتەوەیی و ئازادیخواز بوو لەهەمانكاتدا ئەندامێكی سینەما كارانی ئازادی رۆژهەڵاتی كوردستانە. بۆیە وەك كۆمیتەی چاند و هۆنەری كۆدار بەبۆنەی شەهیدبوونی دەرهێنەر و سینەماكار مەنسور كەریمیان و ئەندامی كۆمەڵەی سینەماكارانی ئازاد، پرسە و سەرەخۆشی خۆمان لەكەس و كار و بنەمای كەریمیان و گەلەكەمان لەرۆژهەڵاتی كوردستان و سینەماكارانی ئازاد و نەتەوەیی و دیموكراتیكخواز لەئێران دەكەین و لەدەستدانی كەسایەتی وڵاتپارێز و ئازادیخواز و هونەرمەند و دەرهێنەری گەلەكەمان لەم كاتە هەستیارەدا بەخەسارێكی مەزنی دەزانین. هەرچەندە كەریمیان لەپێناو بەجێهێنانی ئامانجەكانیان گیانی پیرۆزی بەختكرد، بەڵام وەك چاند و هونەری كۆدار سۆز و پەیمان و بەڵێنی ئەوە دووپات دەكەینەوە تا گەیشتن بەئامانجی شەهید مەنسور بەبێ وچان گوڕ بەخەبات و تێكۆشان بدەین. بێگومان بەئامانج گرتنی لەلایەن فڕۆكە بێ فرۆكەوانەكانی دەوڵەتی داگیركەری تورك بەمەبەست پێكهات، چونكە ئەو رژێمە فاشیست و دیكتاتۆر و داگیركەرە نایەوێت كوردان ببنە خاوەن ئەزموون لەخۆبەرێوەبردن و ژیانی نوێ دا، ئەمەش ئەو هۆكارەیە كە فرۆكەكانی دەوڵەتی تورك بەمەبەست دەرهێنەر و سینەماكاری كورد دەكەنە ئامانجی هێرشە وەحشیانە و نامرۆڤیەكانیان".
کۆمیتەی چاند و هونەری کۆدار داوای خاوەنداری لە رەنج و ماندووبوونی ئەو هونەرمەندە شەهیدە دەکات و رایگەیاند: "مەنسور كەریمیان بەهەڵوێست و خەبات و نزیكبوونەوەی بۆ شۆڕشی گەلەكەمان لەرۆژئاوا و پێكەوەژیانی دیموكراتیانەی گەلان لەباكوری سوریا لەبەرزترین ئاستدا هەنگاوی كردەیی هەڵهێنا، هەر بۆیەش گەلەکەمان لە رۆژاوا بەشەهیدبوونی ئەو هونەرمەندە زۆر دڵگران بوون و بەمەراسمی بەشكۆ خاوەنداریان لەگەڕانەوەی تەرمی شەهید كرد بۆ شوێنی لەدایكبوونی...دواێ چەند رۆژ لە گەڕاندنەوەی تەرمی شەهید کەریمیان بەڵام رژێمی فاشیستی ئیران ڕێگای بە گەڕاندنەوە نەدا".
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "وەکو كۆمیتەی چاند و هونەری كۆدار داواكارین لەگەلەكەمان بە تایبەت هونەرمەندان، خاوەن لەرەنج و ماندووبوونی شەهید مەنسور كەریمیان دەركەون و لەپێناو بەدیهاتنی فەلسەفەی ژیانی ئازاد بەرپرسیاریەتی خۆیان بەجێ بهێنن. ڕێگای شەهیدان بە دەستەبەرکردنی ئازادی بۆ گەلی کورد بەردەوام دەبێت".
مەنسوور کەریمیان لەدایکبووی ١٩٨٤ی شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان نزیکەی ٢٠ ساڵ بوو لەبواری سینەمادا کاری دەکرد و بۆ چەند پڕۆژەیەکی سینەمایی لە رۆژئاوای کوردستانبوو. رۆژی ٢٣ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٣ لە ئەنجامی بۆردومانێکی دەوڵەتی تورک بۆ سەر شاری قامیشلۆ مەنسور کەریمیان شەهیدبوو، دوای چەند رۆژ تەرمەکەی بە مەراسیمێکی جەماوەری بەرەو سلێمانی بەرێکرا و لەوێشەوە بەمەبەستی بەخاکسپاردنی لە زێدی خۆی رەوانەی رۆژهەڵاتی کوردستان کرا، بەڵام بەهۆی رێگرییەکانی دەوڵەتی ئێران، تەرمەکە گەڕێندرایەوە و رۆژی ٧ی ئەم مانگە لە شاری سلێمانی بە خاکسپێردرا.
هـ . ب