مەترسی لەسێدارەدانی چوار زیندانی سیاسی کورد لەئارادایە

بنەماڵەی چوار زیندانی سیاسی کورد کە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە، بانگهێشت کراون تا لە زیندانی ئێڤینی تاران چاویان پێیان بکەوێت و بەمەش مەترسی جێبەجێکردنی سزای ئەو چوار بەندکراوە زیاتر بووە.

بنەماڵەی هەریەک لە موحسین مەزڵوم، محەمەد فەرامەرزی، وەفا ئازەربار و پژمان فاتحی چوار زیندانی سیاسی کورد کە سزای لە سێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە بانگهێشتی زیندانی ئێڤینی تاران کراون بۆ ئەوەی چاویان بە رۆڵەکانیان بکەوێت.

ئەمەش دوای ئەوە دێت کە لە ١٦ی ئەم مانگەدا دیوانی باڵای ئێران سەپاندنی سزای لەسێدارەدانی بەسەر ئەو چوار زیندانیە کوردەدا پەسەند کردبوو، هەربۆیە لەئێستا چالاکوانانی سیاسی و مەدەنی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران باس لەوەدەکەن، کە بانگهێشتکردنی بنەماڵەکانیان بۆ ئەنجامدانی دوایین دیدارە و ئەگری لەسێدارەدانیان لە ئان و ساتدایە.

ئەو چوار زیندانیە سیاسیە کە ئەندامی کۆمەڵە بوون لە ٢٣ی تەمووزی ٢٠٢٢ (١ی گەلاوێژی ١٤٠١) لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە لە گوندێکی سەر بە ورمێ دەستگیرکران و پاش ماوەیەک لەلایەن لقی ٢٦ی دادگای شۆڕشی ئیسلامی ئێرانەوە  بە سەرۆکایەتی دادوەر ئیمان ئەفشار بە تۆمەتی "شەڕ لە دژی خودا" و "سیخۆڕی بۆ ئیسرائیل" سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرا.

دوای ئەوەی تانە لەو سزایەدرا، لە رۆژانی رابردوو لقی ٩ی دیوانی باڵای دادوەری سزاکەی پشتڕاست کردەوە و دۆسیەکەی رەوانەی بەشی جێبەجێکردنی سزا لە دادگای تاران کرد، بەمەش مەترسی جێبەجێکردنی سزاکە زیاتر بووە.

محەمەد فەرامەرزی تەمەن ٢٨ ساڵ و خەڵکی دێوڵان، موحسین مەزڵوم تەمەن ٢٧ ساڵ خەڵکی مەهاباد، وەفا ئازەربار ٢٦ ساڵ خەڵکی بۆکان و پژمان فاتحی تەمەن ٢٨ ساڵ خەڵکی کامیاران لە دوای دەستبەسەرکردنیانەوە لە ٢٣ی تەمووزی ٢٠٢٢ تائێستا رێگەیان پێنەدراوە دیدار لەگەڵ بنەماڵەکەیان ئەنجام بدەن و مافی هەڵبژاردنی پارێزەریشیان لێزەوت کراوە و دادگا پارێزەرێکی بۆ دیاری کردوون.

تائێستا دوو جار فیلمی دانپێدانانی زۆرەملێی ئەو چوار زیندانیە سیاسیە کوردە لە میدیای فەرمی دەوڵەتی ئێرانەوە بڵاوکراوەتەوە و تیایدا باس لەوەدەکرێت ئەو چوار کەسە لە ئەسفەهان و لەکاتی سیخوڕیدا دەستگیرکراون، بەڵام کەسوکارەکانیان رەتیدەکەنەوە و باس لەوەدەکەن هەرچواریان لە کاتێکدا بە بێ چەک خەریکی کاری رێکخستن بوون لە گوندێکی ورمێ دەستگیرکراون.

رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران رۆژی شەممە لە راگەیەندراوێکدا داوای هەنگاوی بەپەلەی کۆمەڵگای جیهانی کردبوو بۆ رێگری لە لەسێدارەدانی ئەو چوار بەندکراوە کوردە و مەحمود ئەمیری موقەدەم بەڕێوەبەری ئەو رێکخراوە رایگەیاندبوو، "جگە لە نامرۆڤانەبوونی سزای مەرگ، ئەو چوار زیندانیە هاوشێوەی زۆربەی زیندانیانی دیکە کە سزای لە سێدارەدانیان بە سەردا سەپێندراوە، بچوکترین رێکارەکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانە لە دۆسیەکەیاندا رەچاونەکراوە و سەپاندنی ئەو سزایە بە سەریاندا، تەنانەت پێچەوانەی خودی یاساکانی کۆماری ئیسلامیە".

لە ٢٣ی ئەم مانگەدا دوو زیندانی سیاسی و ئایینی بە ناوەکانی محەمەد قوبادلو و فەرهاد سەلیمی لەسێدارەدران و ٢٩ی مانگی کانونی یەکەمی ساڵی رابردووش سێ زیندانی کورد بە ناوەکانی وەفا هەنارە، ئارام عومەری، ڕەحمان پەرهازۆ لەگەڵ زیندانیەکی تورک بە ناوی نەسیم نەمازی لە زیندانی ورمێ بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل لە سێدارە دران.

لە دژی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان دوێنێ چالاکوانانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە چەند وڵاتێکی ئەوروپا و ئەمریکا بە گردبوونەوە و چالاکی جیاجیا ناڕەزایەتی خۆیان دەربڕی، داوایان کرد کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی گوشارەکانی بۆ سەر کاربەدەستانی تاران چڕ بکاتەوە بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە جێبەجێکردنی سزای لە سێدارەدان.

لە سەرەتای ئەمساڵەوە تائێستا ٥٨ کەس لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لە سێدارەدراون کە بەشێکیان چالاکوانانی سیاسی و ئایینی بوون و لە ئێستادا مەترسی جێبەجێکردنی سزای لە سێدارەدانی چەند زیندانییەکی سیاسی دیکە لە ئارادایە.

لە دوای دەستپێکردنی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی ژمارەی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان لە زیندانەکانی ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو هەڵکشاوە و چالاکوانانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران باس لەوەدەکەن، دەسەڵاتدارانی تاران بە مەبەستی چاوترسێنکردنی کۆمەڵگا و دامرکاندنەوەی ناڕەزایەتیەکان پەنا بۆ جێبەچێکردنی ئەو سزایە دەبەن.

ساڵی ٢٠٢١ لانیکەم ٣٣٣ کەس لە ئێران لەسێدارەدرابوون، بەڵام ساڵی ٢٠٢٢ لەگەڵ دەستپێکردنی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی ژمارەکە بۆ ٥٨٢ حاڵەت و لە ساڵی ٢٠٢٣شدا گەیشتە ٧٤٦ حاڵەتی تۆمارکراوی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان.

هـ . ب