میتی تورک جی پی ئێس دەخاتە ناو جلوبەرگی وڵاتپارێزانەوە

دەوڵەتی تورک لە هێرشەکانیدا بۆ سەر بزوتنەوەی ئازادی گەلی کورد هەموو پێوانەکانی شەڕ پێشێل دەکات و لە نوێترین کردەوەی دوور لە هەموو بەها و پێوەرەکان ئامێری جی پی ئێس خستووەتە ناو جلوبەرگی وڵاتپارێزانەوە لە باشووری کوردستان.

ئاژانسی رۆژنیوز لە زاری وڵاتپارێز و پەنابەرێکی سیاسیی کورد لە باشووری کوردستان کە خۆی باکوورییە و نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، بڵاویکردەوە، ئەو پەنابەرە داوای جلوبەرگی لە خێزانەکەی کردووە، کە لە تورکیاوە بۆی بنێرن، ئەوانیش بە پۆستە لە ڕێگای ماڵپەڕێکی تورکییەوە بۆ بازاڕکردنی ئۆنلاین جلەکانیان کڕیوە و بۆیان ناردووە، کاتێک گەشتووەتە دەستی ئامێری (جی پی ئێس)ـی لە ناودا بووە.

ئەو وڵاتپارێزە باسی لەوەکردووە: خێزانەکەم لە بازاڕی ئۆنلاینی “trendyol” کە بەناوبانگترین ماڵپەڕی بازاڕی ئۆنلاینە لە تورکیا  و لەژێر چاودێری دەوڵەت دایە، جلەکانیان بۆ کڕیوە، بەڵام کاتێک دەگاتە دەستی، جلەکان دەپشکنێت و لە پشت لۆگۆی یەکێک لە پانتۆڵەکاندا هەست بە شتێکی ڕەق دەکات، کاتێک دەیدڕێنێت دەبینێت لە ژێریدا ئامێرێکیGPS دانراوە.

ئامێری GPSـەکە لە جۆری (AirTag)ـە، کە دەتوانێت لە سەرانسەری جیهاندا بەبێ وەستان کاربکات و شوێنپێی ئەو کەسە دیاری دەکات کە پێوەی کراوە.

دەوڵەتی داگیرکەریی تورک، لە ماوەکانی ڕابردوودا، چەندین بۆردوومان و هێرشی لەناو شارەکانی باشووری کوردستان ئەنجامداوە و تائێستا حەوت پەنابەری سیاسیی باکووری کوردستانیان لە ناو شارەکانی باشووری کوردستان تیرۆرکردووە و ئێستاش لە ڕێگای دانانی GPS  لە ناو جلوبەرگ و کەلوپەلی وڵاتپارێزان دەیەوێت شوێنیان دیاری بکات و بیانکاتە ئامانج.

هـ . ب