مەزلۆم داغ باسی ئەشکەنجەی پەدەکە کرد

مەزلۆم داغ و عەبدولرەحمان ئەڕ کە لە زیندانی هەولێردا لەژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی پەدەکەدان، رایانگەیاند کە لەبەرئەوەی ئەوان جلی زیندانیان لەبەر نەکردووە، ئەشکەنجە دراون.

لە شاری هەولێری هەرێمی کوردستان لە ١٧ی تەمووزی ٢٠١٩دا لەدژی عوسمان کۆسە کارمەندێکی کونسوڵخانەی تورک لە هەولێر هێرشێک ئەنجامدرا. لە هێرشەکەدا کۆسە و هاوڵاتیەکی عێراقی بەناوی نەریمان عوسمان و هاوڵاتیەکی شاری هەولێر بەناوی بەشدار رەمەزان کوژران. مەزلۆم داغ و عەبدولرەحمان ئەڕ بە تۆمەتی ئەنجامدانی هێرشەکە دەستگیرکران. داغ و ئەڕ لەو کاتەوە لە زیندانی هەولێردان.

مەزلۆم داغ لە رێگەی تەلەفونەوە پەیوەندی بە خانەوادەکەی کرد و باسی لە پێشێلکاریەکانی زیندانەکە کرد. داغ بە خانەوادەکەی راگەیاند کە هێزەکانی پەدەکە ئەشکەنجەی جەستەییان لەبەرامبەریان کردووە و وتی، " بە ئەنقەست پشکنین دەکەن. توندوتیژی جەستەیی و سووکایەتی دەکەن. دوو- سێ حەفتە لەمەوبەر وتیان پێویستە جلی تایبەتی زیندان لەبەر بکەن. ئێمە قبوڵمان نەکرد. پێیان وتین مافی تەلەفون و چاوپێکەوتنیان لێوەردەگرینەوە. وتیان لە زیندانی تاکەکەسی راتان دەگرێن."

خانەوادەی داغ باسی ئەوەشی کرد کە ئەوان لە ١٤ی ئایارەوە لەگەڵ خانەوادەکانیان قسەیان نەکردبوو.

ف.ق