ناوی شەڕزان لە داستانە قارەمانێتیەکاندا یاد دەکرێتەوە

شەهید شەڕزان هەرەکۆڵ بە ژیان و تێکۆشانی خۆی لە مێژووی بەرخۆدانی پەکەکەدا ناوی خۆی بە پیتی زێڕین نووسیەوە و بۆ هەمیشە لە داستانە قارەمانێتیەکاندا یادی دەکرێتەوە.

لە ڕۆژێکی گەرمی هاویندا قارەمانێک ماڵئاوایی لێکردین و بە ئارامی چاوی لە ژیانی شاخەکانی ئازادی کوردستان داخست. بە شانازی و متمانەیەکی بەرزەوە چووە کاروانی نەمرانەوە. ئەو ڕۆڵە قارەمانە هەرەکۆڵ شەڕزان بوو. تێکۆشانی بێوێنەی، ئازایەتی و وەفای بۆ نیشتمانەکەی جێپەنجەی قووڵی لەسەر دڵی گەلەکەی بەجێهێشت. بۆیە بۆ هەمیشە لە یادەوەرییەکانی پەکەکە و لە دڵی گەلی کورددا یادی دەمێنێتەوە. بۆتان خاوەن سروشتێکی تایبەتە کە قارەمانەکانی کوردستانی لێ هەڵکەوتووە. مرۆڤی بەڕێز و دڵسۆزی تێدا گەورە بوونە و لە پێناو گەلەکەیان تێکۆشانێکی مەزنیان بەڕێوە بردووە. دوژمن لەم ڕاستییە تێدەگات، بۆیە بەردەوام هێرش دەکاتە سەر بۆتان، هەوڵی تەسلیم کردنی خەڵکەکەی دەدات. بەڵام خەڵکی بەکەرامەتی بۆتان قەد تەسلیمیەت قبووڵ ناکەن.

هەروەها ڕزوان شەنگیل (شەڕزان هەرەکۆڵ) رۆڵەی ئەم گەلەیە. ئەو بەڕەچەڵەک خەڵکی ناوچەی دەسەرتە، کە فەرماندەی هەمیشە زیندووی پەکەکە، هەڤاڵ عەگید، یەکەم چەخماخەی بەرخۆدانی کوردستانی لێدا. ڕزوان شەنگیل لە شاری ئەدەنە لەدایک بووە، بەڵام بنەماڵەکەی لە ئەنجامی هەڕەشە و گوشارەکانی دوژمنان کۆچیان کردووە. بەڵام لەسەر بنە و ناسنامەی خۆی، بە کەرامەتی خۆیانەوە ژیاوە. ڕزوان لە بنەماڵەیەکی وەها هێژا و وڵاتپارێزدا گەورە بووە. سیاسەتەکانی ئاسمیلەکردنی دەوڵەتی داگیرکەری لەسەر گەلەکەی باش ناسیبوو. بەگەنجی خەباتی بۆ کولتوور و زمانی کوردی کردووە. دەیزانی دەوڵەتی تورک بەردەوام لەو بوارەوە هێرشی پاکتاوکاری دەکات. ڕزوان لە چالاکیەکانی گەنجانی وڵاتپارێز و شۆڕشگێڕدا بەشداری دەکرد و لەو چالاکیانە دژی دوژمن دەستبەسەر کرا. لە پڕۆسەی زیندانی بوونیدا بەباشی دوژمن و سیاسەتەکانی هەڵدەسەنگێنێ و گەیشتە ئەو باوەڕەی کە پێویستە دژی ستەم و چەوساندنەوە لە کوردستان پەرە بە تێکۆشانی بدات.

هیچ بەربەستێک نەیتوانی پێشی لە بەرخۆدان و باوەڕی بگرێت

دوای هاتنە دەرەوەی لە زیندان، ڕوودەکاتە شاخەکانی کوردستان و لە ساڵی ٢٠١٧دا بەشداری ڕیزی گەریلاکانی کوردستان دەبێت و ناوی شەڕزان هەرەکۆڵ بۆخۆی هەڵدەبژێرێ. ئەو هەوڵێکی زۆریدا هەتا بیرۆکەکانی ڕێبەر ئاپۆ و کولتووری پەکەکە لە هەموو بوارەکانی ژیانیدا جێبەجێ بکات. لە هەموو ئەرکێکدا بە کەسایەتیەکی ئازا، فیداکار و ماندوونەناس ناوبانگی هەبوو. هەڤاڵ شەڕزان کە وەفادار بە فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ بوو، ئەم بەهایەی کردە بنەمای پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەڤاڵانی ژندا. بە ئازایەتی و ئیرادەی خۆی، لە خەباتی گەلی کورددا جێگەی گرنگی هەبوو. بەردەوام بە بەرپرسیارێتیەوە هەڵدەسوڕا و هیچ بەربەستێک نەیدەتوانی بەرخۆدان و باوەڕی کەم بکاتەوە و مۆرکی خۆی لەسەر زۆرێک لە چالاکییە سەرکەوتووەکان لێدا

نرخە پیرۆزەکانی قارەمانانی پەکەکە زیاتر لەلایەن شەهیدانەوە بە میرات کراون، بەڵام گەریلا شەڕزان لە ژیانشدا وەک قارەمانێک دەناسرا. بە کردەوە نیشانیدابوو کە چ جۆرە بیرکردنەوە و ئیرادەیەکی هەیە. ئەو خاوەن ئارمانجێکی گەورە بوو و بەپێی ئەو ئارمانجانەی ژیانی خۆی ڕێکخست. تەنها کەسانێک کە ئامانجی گەورەیان هەیە دەتوانن ئەرکی گەورە لەئەستۆ بگرن و پێشەنگایەتی خەباتێکی گەورە بکەن. هەڤاڵ شەڕزان بەشداری قورسترین شەڕەکانی کردووە، وەک چۆن لە ژیاندا، لە ناوەڕاستی شەڕدا بە ئەرکێکی مەزنەوە ڕەوڵی دەگێڕا. هەر ئەرکێک پەکەکە پێی بەخشیبوو بە شێوەیەکی ڕاست و بێوێنە جێبەجێ دەکرد.

لە مێژووی پەکەکەدا مانگی تەمموز مانگی بەرخۆدان و قارەمانێتییە. هەروەها شەڕزان هەرەکۆڵ لە ٢٥ی تەمووزی ٢٠٢٤ لە هەرێمەکانی پاراستنی مێدیا چووە کاروانی شەهیدانەوە. بە ژیان و تێکۆشانی بە پیتی زێڕین ناوی خۆی لە مێژووی بەرخۆدانی پەکەکەدا نووسی. هەرەها وەک تێکۆشەرێکی ڕێبازی ڕێبەر ئاپۆ بوو بە نموونە بۆ هەڤاڵانی. ناوی ئەو لە داستانی بەرخۆدانی قارەمانانی کوردستاندا یاد دەکرێتەوە و وەک ئاڵایەکی شەکاوە بەردەوام لە سەر چیا بەرزەکانی کوردستان دەشەکێتەوە.